"دوای قەدەغەكردنی پەبجی؛ گەندەڵیش قەدەغە بكەن"
  2019-04-19       1455       

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ قەدەغەكردنی هەندێك لە یارییە ئەلكترۆنییەكانی وەك پەبجی، كاردانەوەی توندو هەندێك جار گاڵتەئامێزی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدوای خۆیدا هێنا، یەكێك لەوان دەڵێت؛ ئاخۆ كەی گروپە چەكدارەكان، گەندەڵكاران و دەرمانی ساختە قەدەغە بكرێت كە كۆمەڵگەیان وێران كردوە.

ئاوێنە، بی بی سی: رۆژی چوارشەممەی رابردو په‌رله‌مانی عێراق به‌كۆی ده‌نگ بڕیاریدا یارییه ئه‌لكترۆنییه‌كانی په‌بجی، فۆرتنایت و نه‌هه‌نگی شین و یارییه‌ هاوشێوه‌كانیان قه‌ده‌غه‌بكرێن. ئەوەش بە پاساوی ئەوەی بونەتە هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و پەروەردەو فێركردن و هەروەك بڕیارەكە بازرگانیكردن بەو جۆرە یارییە ئەلكترۆنیانەش لەخۆدەگرێت.

بەڵام هێشتا هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە هیچ بڕیارێكی نەداوە هەرچەندە هەندێك داواكاریی هەن بۆ ئەوەی هاوشێوەی عێراق لەهەرێمی كوردستان ئەو جۆرە یارییانە قەدەغە بكرێن.

عێراقییەكان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی گاڵتەئامێز و هەندێك جار بەتوڕەییەوە، كاردانەوەیان بەرامبەر بەبڕیارەكەی پەرلەمان و رەتكردنەوەی نیشاندا.

شاهۆ یاغی نوسیویەتی"ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كۆی دەنگی بڕیاری دا بە قەدەغەكردنی ئەو یارییە ئەلكترۆنیانەی كە هانی توندوتیژی دەدەن لەوانە پەبجی، ئەوەش بەهۆی كاریگەریی ئەو یارییانەوە لەسەر تەندروستی و كولتور و ئاسایشی كۆمەڵگەی عێراق. ئاخۆ كەی گروپە چەكدارەكان، حزبە گەندەڵەكان و دەرمانی ساختەش قەدەغە بكرێت كە كۆمەڵگەی عێراقیان وێران كردوە! ئاخۆ كەی بەجدی روبەڕوی گەندەڵكاران ببنەوە."

بڕیارەكەی قەدەغەی پەبجی و یارییە ئەلكترۆنییە هاوشێوەكانی، بەیەكەم بڕیاری تەشریعی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دادەنرێت دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلولی رابردو یاسای بودجەی فیدراڵی 2019ی پەسەندكرد.

عومەر حەبیب، یەكێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، نوسیویەتی"بڕیارەكەی قەدەغەكردنی پەبجی نزیكەی 30 ملیار دینار لەسەر عێراق كەوتوە، بەوپێیەی یەكەم یاسایە كە لەماوەی حەوت مانگی رابردودا دەردەچێت، ئەو بڕە پارەیە لەو ماوەیەدا دراوە بە موچەی زیاتر لە 325 پەرلەمانتارو پاسەوان و بەڕێوەبەری نوسینگەكانیان و كارمەنداندانی پەرلەمان و دەستە پەیوەندیدارەكان."

 

 

پەبجی، كە لەلایەن كۆمپانیایەكی كۆریای باشورەوە دیزاین كراوە، یارییەكی شەڕكردنی ئۆنلاینە لەنێوان دەیان یاریكەر لەپێناو مانەوە لەژیاندا لە دورگەیەكدا، كە هەوڵدەدەن بەسەر یەكدیدا سەركەون.

یارییەكە لە ساڵی 2017ەوە دەستی بە وەشان كردوە لەسەر تاسەری جیهاندا بۆتە خاوەن شەعبیەتێكی زۆر بەتایبەت لەنێو گەنجاندا.

هەندێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەعێراق، لەبارەی بڕیارەكەوە باسیان لەو شەڕانە كردوە كە وڵاتەكەیانی پێدا تێپەڕیوە بەر لەو یاریانە، هەروەها باسیان لە گروپە چەكدارەكان كردوەو ئەوانەیان بە مەترسییەكی گەورەتر لە مەترسی یارییەكی ئەلكترۆنی ناوبردوە كە گەنج بەهۆی بێكارییەوە پەنای بۆ دەبات، بەڵام دەوڵەت بەجدی روبەڕوی ئەو دیاردانەی وەك چەكداریی و بێكاریی نابێتەوە.

ئەمیر صائب لەفەیسبوكەكەی خۆی بە گاڵتەجاڕییەوە نوسیویەتی"دوای قەدەغەكردنی یارییە ئەلكترۆنییەكان، زیاد لە پێنج ملیۆن گەنجی عێراقی دەچنەوە سەر كارە كۆنەكانیان لە كۆمپانیاو كارگەكان كە رۆژانە بە ملیۆنان دۆلار بۆ نیشتمان پەیدادەكەن، بەوەش عێراق لەسەر ئاستی جیهان لەڕوی بەرهەمی ناوخۆییەوە دەبێتە یەكەم."

 

محەمەد شاكر، یەكێكی دیكەیە لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە لەسەر بڕیارەكە كاردانەوەی نیشانداوە. ئەو چەند وێنەیەكی گروپە چەكدارەكانی لەعێراق بڵاوكردۆتەوەو لەگەڵیدا نوسیویەتی"چەند وێنەیەكی یاری پەبجی، كە دەبێتە هۆی هاندانی توندوتیژی و شەڕ، لەسەر بنەمای ئەم وێنانە پەرلەمانی عێراق بڕیاری قەدەغەكردنی یارییەكەی دا."

 

 

لەگەڵ ئەوەش بەشێك لە بەركاهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پشتیوانی بڕیارەكەی پەرلەمانیان كردوەو جەختیان لە مەترسیداریی ئەو یاریانە كردۆتەوە.

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، دوای ئەوە هات كە موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر داوای لەحكومەت كرد ئەو یارییانە قەدەغە بكات.

سەدر كە ئیئتیلافەكەی خاوەنی زۆرترین كورسییەكانی پەرلەمانە، داوای لەگەنجانی عێراق كرد دوربكەونەوە لەیاری پەبجی چونكە ئالودەی دەبن چونكە هیچ لێوە دەستناخەن و هیچی لێوە فێرنابن.

ئەوانەی یاری پەبجی دەكەن لەهەرێمی كوردستان چاوەڕوانن بزانن ئاخۆ هەرێمی كوردستان ئەو جۆرە یارییانە قەدەغە دەكات یاخود نا، بەڵام ئومێد محه‌مه‌د ساڵح، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ راگه‌یاند كه‌ "تائێستا وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستان هیچ رێنماییه‌كی بۆ فلته‌ركردن یاخود ڕاگرتنی یارییه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه‌."

راشیگه‌یاند كه‌ ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ی عیراق له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و په‌ڕله‌مانی كوردستان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ردرا، ئه‌وكات وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن كۆمپانیاكانی‌ ئینته‌رنێتی فایبه‌ر و وایه‌رلیس ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ سێرڤه‌ری سه‌ره‌كی بلۆكی ئه‌و سایتانه‌ بكه‌ن، تا چالاكی یارییه‌كان له‌ ئینته‌رنێتدا رابگیرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كۆمپانیاكان سزا ده‌درێن.

 

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×