وەفدەكەی رۆژئاوای كوردستان ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیان لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا دەخەنەڕو
  2019-04-19       766       

عەبدولڕەحمان مەهباش، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی بەڕێوەبەریی خۆسەریی رایگەیاند، لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسادا، ناوبراو جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانیكردنی بەڕێوەبەریی خۆسەریی كردۆتەوەو هەروەها بەپێویستی زانیوە كە بەڕێوەبەریی خۆسەریی نوێنەری لەلیژنەی نوسینەوەی دەستوری سوریادا هەبێت.  

ئاوێنە: دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی، وەفدێكی باڵای بەڕێوەبەریی خۆسەریی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسادا كۆبونەوە. عەبدولڕەحمان مەهباش لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە پاریسی پایتەخت، ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستەڕو.

مەهباش لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئەوەی خستەڕو كە راگەیاندنی سەركەوتنە مێژوییەكە بەسەر داعشدا لە 23ی مانگی رابردو بەمانای ئەوە نایەت كە داعش بەتەواوی لەناوبراوەو سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر داعشدا پێویست بەكات و كاری زیاترەو هەروەك پێویستیشی بە هەماهەنگی زیاترە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

وتیشی"داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیدارەی فەرەنسا دەكەین كە لەڕوی سیاسییەوە پشتیوانی لە بەڕێوەبەریی خۆسەریی بكەن تا نوێنەری هەبن لە لیژنەی نوسینەوەی دەستوری سوریادا، چونكە نوێنەرایەتی زیاتر لە پێنج ملیۆن لە سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا دەكات، هەروەها داوامان كرد پشتیوانی خزمەتگوزاریمان لەسەرجەم بوارەكاندا پێشكەش بكرێت بەتایبەت لە بواری ئاوەدانكردنەوەدا."

ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان لە بەڕێوەبەریی خۆسەریی روبەڕوی ژمارەیەك ئاڵنگاریی بونەتەوەو رونیكردەوە"دەیان شانەی تیرۆریستی هەن كە خۆیان حەشارداوە، هەزاران چەكداری داعش و خانەوادەكانیان لەزیندانەكاندا هەن، بونی ئەو ژمارە زۆرەی داعش لەناوچەكە هاوكات لەگەڵ هەڕەشەكانی توركیای دراوسێدا یاخود هەر هێرشێك بۆ سەر ناوچەكەمان دەبێتە هۆی هەڵهاتنی ئەوانە لەزیندانەكان و بەوەش دەبنە مایەی مەترسی بۆ سەر ئێمەو تەواوی جیهان."

وتیشی"لەسەر ئەو بنەمایە، داوامان كردو داوای پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكەین بۆ دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی تاوانەكان لەناوچەكانی بەڕێوەبەریی خۆسەریی بۆ دادگاییكردنی ئەو تیرۆریستانە بەپێی یاساو پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، چونكە ئەوانە لەسەر خاكی سوریا تاوانەكانیان ئەنجامداوەو لەسەر خاكی سوریاش دەستگیركراون."

جەختیشی كردەوە كە بەبێ ئەمانە ناتوانن بەسەر تیرۆردا سەربكەون و تیرۆر جارێكی دیكەو لەژێر ناوی دیكەدا سەرهەڵدەداتەوە.

باسی لەوەش كرد كە لەكۆبونەوەكەدا سەرۆكی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانیكردنی بەڕێوەبەریی خۆسەریی كردوە بۆ ئەوەی كە نوێنەری هەبن لە لیژنەی نوسینەوەی دەستوری سوریادا.

بەپێی قسەی مەهباش، سەرۆكی فەرەنسا جەختیشی لەسەر پێویستی پشتیوانیكردنی بەڕێوەبەریی خۆسەریی كردۆتەوە لەڕوی ماددییەوە بۆ ئەوەی بتوانێت پڕۆسەكانی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەكان ئەنجام بدات و هەروەها پشتیوانی هەوڵەكانی بۆ دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری بكرێت لەناوچەكەدا.

لەكۆتایی قسەكانیدا مەهباش ئەوەی نەشاردەوە كە سەرۆكی فەرەنسا جەختیشی لەسەر پێویستی ئاسایشی ناوچە سنورییەكان لەگەڵ توركیا كردۆتەوەو مەهباش وتی"ئەوەش داواكارییەكی بنەڕەتی ئێمەیە لەبەڕێوەبەریی خۆسەریی، چونكە دەمانەوێت پەیوەندییەكی باشی دراوسێیانەمان لەگەڵ توركیادا هەبێت."

 


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×