توركیا ئیدانەی پێشوازییەكەی ماكرۆن لە وەفدی رۆژئاوای كوردستان دەكات
  2019-04-20       455       

وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئیدانەی پێشوازیكردنی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان دەكات و دەشڵێت"تورکیا سڵ ناکاتەوە لە گرتنەبەرەی رێوشوێنی پێویست بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتەكەی."

ئاوێنە: دوێنێ هەینی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لەپاریس پێشوازی كرد لە وەفدێكی بەڕێوەبەریی خۆسەریی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا.  

حامی ئاكسۆی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبەیاننامەیەكدا ئیدانەی ئەو پێشوازییەی سەرۆكی فەرەنسای لەوەفدەكەی بەڕێوەبەریی خۆسەریی كردو بە "بەردەوامیدان بە پرسێك ناوی برد كە یەكپارچەی خاكی سوریا دەكاتە ئامانج."

بەپێی بەیاننامەیەكی كۆشكی ئیلیزێ، ماكرۆن لەكۆبونەوەكەدا دوپاتیكردۆتەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پیشتوانیكردنی هەسەدە بۆ شەڕی دژ بە داعش كە تا ئێستاش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەموان و هەروەها پشتیوانی بەڕێوەبەریی خۆسەریی دەكەن لە پەیوەست بە ئیدارەدانی دۆخی زیندانییەكانی داعش و خانەوادەكانیان.

هەروەك ماكرۆن رایگەیاندوە كە پشتیوانی دارایی پێشكەش بە بەڕێوەبەریی خۆسەریی دەكەن بۆ دابینكردنی پێداویستییە مرۆییەكان ئەوەش لەپێناو دەستبەركردنی سەقامگیریی ئابوری و كۆمەڵایەتی لەو شارانەی سوریادا.

دوای كۆبونەوەكەش عەبدولڕەحمان مەهباش، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی بەڕێوەبەریی خۆسەریی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەكۆبونەوەیەكی رۆژنامەوانیدا لەپاریس ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستەڕو و ئاماژەی بەوەدا كە راگەیاندنی سەركەوتنە مێژوییەكە بەسەر داعشدا لە 23ی مانگی رابردو بەمانای ئەوە نایەت كە داعش بەتەواوی لەناوبراوەو سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر داعشدا پێویست بەكات و كاری زیاترەو هەروەك پێویستیشی بە هەماهەنگی زیاترە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

وتیشی"داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیدارەی فەرەنسا دەكەین كە لەڕوی سیاسییەوە پشتیوانی لە بەڕێوەبەریی خۆسەریی بكەن تا نوێنەری هەبن لە لیژنەی نوسینەوەی دەستوری سوریادا، چونكە نوێنەرایەتی زیاتر لە پێنج ملیۆن لە سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا دەكات، هەروەها داوامان كرد پشتیوانی خزمەتگوزاریمان لەسەرجەم بوارەكاندا پێشكەش بكرێت بەتایبەت لە بواری ئاوەدانكردنەوەدا."

ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان لە بەڕێوەبەریی خۆسەریی روبەڕوی ژمارەیەك ئاڵنگاریی بونەتەوەو رونیكردەوە"دەیان شانەی تیرۆریستی هەن كە خۆیان حەشارداوە، هەزاران چەكداری داعش و خانەوادەكانیان لەزیندانەكاندا هەن، بونی ئەو ژمارە زۆرەی داعش لەناوچەكە هاوكات لەگەڵ هەڕەشەكانی توركیای دراوسێدا یاخود هەر هێرشێك بۆ سەر ناوچەكەمان دەبێتە هۆی هەڵهاتنی ئەوانە لەزیندانەكان و بەوەش دەبنە مایەی مەترسی بۆ سەر ئێمەو تەواوی جیهان."

وتیشی"لەسەر ئەو بنەمایە، داوامان كردو داوای پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكەین بۆ دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی تاوانەكان لەناوچەكانی بەڕێوەبەریی خۆسەریی بۆ دادگاییكردنی ئەو تیرۆریستانە بەپێی یاساو پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، چونكە ئەوانە لەسەر خاكی سوریا تاوانەكانیان ئەنجامداوەو لەسەر خاكی سوریاش دەستگیركراون."

جەختیشی كردەوە كە بەبێ ئەمانە ناتوانن بەسەر تیرۆردا سەربكەون و تیرۆر جارێكی دیكەو لەژێر ناوی دیكەدا سەرهەڵدەداتەوە.

باسی لەوەش كرد كە لەكۆبونەوەكەدا سەرۆكی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانیكردنی بەڕێوەبەریی خۆسەریی كردوە بۆ ئەوەی كە نوێنەری هەبن لە لیژنەی نوسینەوەی دەستوری سوریادا.

بەپێی قسەی مەهباش، سەرۆكی فەرەنسا جەختیشی لەسەر پێویستی پشتیوانیكردنی بەڕێوەبەریی خۆسەریی كردۆتەوە لەڕوی ماددییەوە بۆ ئەوەی بتوانێت پڕۆسەكانی گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەكان ئەنجام بدات و هەروەها پشتیوانی هەوڵەكانی بۆ دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری بكرێت لەناوچەكەدا.

لەكۆتایی قسەكانیدا مەهباش ئەوەی نەشاردەوە كە سەرۆكی فەرەنسا جەختیشی لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنورییەكان لەگەڵ توركیا كردۆتەوەو مەهباش وتی"ئەوەش داواكارییەكی بنەڕەتی ئێمەیە لەبەڕێوەبەریی خۆسەریی، چونكە دەمانەوێت پەیوەندییەكی باشی دراوسێیانەمان لەگەڵ توركیادا هەبێت."

لەبەرامبەر ئەو پێشوازییەی سەرۆكی فەرەنسادا لە وەفدەكە، حامی ئاكسۆی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند"ئیدانەی پێشوازی ماکرۆن لە شاندی ھێزەکانی سوریای دیموکرات سەر بە پەیەدە/یەپەگە-ی درێژکراوەی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سوریا دەکەین. ئەم ھەوڵە دەستکردە کە مەبەست لێی بە شەرعیکردنی درێژکراوەکانی رێکخراوی تیرۆریستییە، لەگەڵ پەیوەندی ھاوپەیمانی ناگونجێ و ھەنگاوێکی زۆر ھەڵەیە".

ئاکسۆی راشیگەیاند"دوبارە ئەوە بەبیردەھێنینەوە کە نابێ رێگە بە بەردەوامی ئەو رۆژەڤە بدرێت کە تیایدا یەکپارچەیی خاک و یەکێتی سیاسی سوریای کردوەتە ئامانج، ھاوکات تورکیا سڵ ناکاتە لە گرتنەبەرەی رێوشوێنی پێویست بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا."

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×