رابون مه‌عروف: دامه‌زراندنی حزب له‌لایه‌ن كۆمپانیاوه‌ دیارده‌یه‌كی یه‌كجار ناوازه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌
  2019-04-20       1768       

رابون مه‌عروف، سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ لە پەرلەمانی عیراق ئاشکرایکرد، گەندەڵی گەشتوه‌تە ئاستێک کۆمپانیاکان حزب دادەمەزرێنن، ئەوەش دیارده‌یه‌كی یەکجار ناوازەیە لە پڕۆسه‌ی گەندەڵی لە دونیادا.

ئاوێنه‌: رابون مەعروف، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی پەیام رایگەیاند، "من لەو قسەیەی کە دەیکەم هیچ حزبێکی سیاسی لێبەدەر ناکەم و جەخت دەکەمەوە هیچ حزبێک، بۆ ئەوەی ببێتە بابەتی گفتوگۆ، ئەویش ئەوەیە پێشتر حزبە گەندەڵەکان بازرگانیان دەکرد، کۆمپانیایان دادەمەزراند لە رێگای کۆمپانیاکان و هەژمون حوکمڕانی خۆیانەوە گەندەڵییان لە رێگای کۆمپانیاکانی خۆیانەوە دەکرد".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە رەخنەمان هەبو، خۆتان دەزانن ئێمەی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت رەخنەمان گرتوە، لە عێراقیش رەخنەمان گرتوە، پێمانوابوە حزبە سیاسییەکان نابێت دەستێوەردان بکەن لە بزنس، بۆ ئەوەی بزنس بە رێکارێکی شەفاف و قانونی ئازادانە منافەسەی ئازاد بکەن بە گوێرەی قانون، بەڵام ئێستا شەپۆلی ئاخیری گەندەڵی گەیشتوە بە دۆخێک".

ڕاشیگەیاند، "ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بوەتە کە حزب کۆمپانیا دابمەزرێنێ بەڵکو کۆمپانیاکان حزب دادەمەزرێنن، واتە کۆمپانیاکان دێن دەزگای ئیعلامی گەورە دادەمەزرێنن و حزبێکیش دادەمەزرێنن و خەڵک دەنێرنە پەرلەمان، کە ئەوە زاهیرەیەکی یەکجار ناوازەیە لە عەمەلییەی گەندەڵی لە دونیادا".

رابون مەعروف وتیشی، "کۆمپانیاکان حزب بۆخۆیان دادەمەزرێنن و ئەو پەرلەمانتارانە بەکاردەهێنن بۆ ئیستیفزازکردن و فشارخستە سەر حکومەت بۆ ئەوەی بۆ کۆمپانیاکانیان سازش بکەن و بە رێگەی نایاسایی کۆنتراکت بکەن و بە ملیۆنان دۆلار بەدەست بخەن و میدیاکانیاشیان دیسان بەکاردێنن"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×