ویكیلیكس: مه‌سعود بارزانی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی‌ دوقۆڵیی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ سه‌دام ئاشكرا ده‌كات
  2019-04-20       4548       

ئا: هاوکار حسێن

 

مه‌سعود بارزانی‌ باس له‌دانیشتنێكی‌ دوقۆڵیی‌ نێوان خۆی‌‌و سه‌دام حسێن ده‌كات، كاتێك سه‌دام لێیپرسیوه‌ هه‌ستت چۆنه‌؟ بارزانی‌ باسی‌ ئه‌و قوربانییانه‌ی‌ بۆ كردوه‌ كه‌ خێزانه‌كه‌ی‌‌و گه‌لی‌ كورد به‌خشیویانه‌، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌دام روی‌ لێوه‌رگێڕاوه‌، دواتر بارزانی‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ به‌په‌له‌ به‌غدایان جێهێشتوه‌، چونكه‌ پلانی‌ كوشتنیان داڕێژرابو.

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ سایتی‌ ویكیلیكس، كه‌ ئاوێنه‌ ده‌قه‌كه‌ی‌ كردوه‌ به‌كوردی‌، له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق، مه‌سعود بارزانی‌ یه‌كه‌مین ئه‌زمونی‌ دانوستانی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ به‌عسییه‌كاندا ده‌گێڕێته‌وه‌و دو به‌دو له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن گفتوگۆی‌ تایبه‌تیان هه‌بوه‌، ده‌ڵێت، "ساڵی‌ 1991، یه‌كه‌مجار بو كه‌ بچم بۆ به‌غدا بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌عسییه‌كاندا‌و كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ دوقۆڵیی‌ له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێندا. كاتێك سه‌دام پرسی‌، "هه‌ستت چۆنه‌؟"، بارزانییش به‌سه‌دامی‌ وتوه‌، "37 ئه‌ندامی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ خۆم له‌ناوبراون، 8 هه‌زار كه‌سی‌ گونده‌كه‌م له‌بارزان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، 180 هه‌زار كورد بێسه‌روشوێنن، پێویست بو به‌ناو روبارێك له‌خوێندا بڕۆم تا بێم بۆ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌".
له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا كه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ بۆ ساڵی‌ 2010 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بارزانی‌ باسی‌ كاردانه‌وه‌ی‌ سه‌دام ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "سه‌دام له‌وكاته‌دا روی‌ وه‌رگێڕا".
هاوكات بارزانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ "دوای‌ ئه‌وه‌ جانتاكه‌ی‌ پێچاوه‌ته‌وه‌و به‌زوترین كات به‌غدای‌ جێهێشتوه‌، چونكه‌ دڵنیابوه‌ به‌عسیه‌كانی‌ سه‌ر به‌سه‌دام پلانیان داڕشتوه‌ بۆ كوشتنی‌ وه‌فده‌ كوردیه‌كه‌".
له‌باره‌ی‌ بارودۆخی‌ سیاسیی‌ ئه‌وكاتی‌ عێراقیشه‌وه‌ كه‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیران بوه‌، بارزانی‌ جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ "كورد پێویستی‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیرانێكه‌ په‌نا نه‌باته‌ به‌ر تانك. سه‌رۆك وه‌زیران ته‌نها به‌كابینه‌یه‌كی‌ باشه‌وه‌ سه‌ركه‌وتو ده‌بێت".
هه‌روه‌ها بارزانی‌ باسی‌ له‌جیاوازیی ئه‌و شێوه‌یه‌ كردوه‌ كه‌ به‌رپرسانی‌ توركیا له‌ئێستا‌و له‌رابردودا قسه‌یان پێكردوه‌ له‌به‌رامبه‌ر بارزانیداو دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ له‌رابردودا به‌جۆرێك قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردوه‌، "وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ ئه‌وان بوبێت".

 

ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌:
ئای‌ دی‌: 10BAGHDAD183
بابه‌ت: باڵیۆز چاویده‌كه‌وێت به‌بارزانی‌‌و به‌رهه‌م ساڵح له‌هه‌ولێر 
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا
به‌روار: 25ی‌ كانونی‌ دوه‌می‌ 2010
پۆلێن: زۆر نهێنی‌

 

پوخته‌:  
رۆژی‌ 18ی‌ كانونی‌ دوه‌م له‌هه‌ولێر، باڵیۆز به‌جیا چاویكه‌وت به‌سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، مه‌سعود بارزانی‌‌و سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت به‌رهه‌م ساڵح. هه‌ردوكیان هاوسۆزبون بۆ نیگه‌رانیه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت هۆكاره‌ سیاسییه‌كانی‌ بابه‌تی‌ مشتومڕهه‌ڵگری‌ ریشه‌كێشكردنی‌ به‌عس له‌سه‌روبه‌ندی‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردندا. سه‌باره‌ت به‌گروپی‌ به‌رهه‌ڵستكاری‌ كۆنگره‌ی‌ گه‌ل (په‌كه‌كه‌)، بارزانی‌ وتی‌، هه‌ڵده‌ده‌م بزانم ئاخۆ بڕیاری‌ په‌كه‌كه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌كوشتار تێڕوانینێكی‌ ده‌سته‌جه‌معی‌ بوه‌. له‌روی‌ ئابوریشه‌وه‌، به‌رهه‌م ساڵح باسی‌ له‌ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ناكۆكیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ به‌غدا سه‌باره‌ت به‌كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ پێش ساڵی‌ 2005‌و داوای‌ یارمه‌تی‌ له‌ئه‌مه‌ریكاش كرد. هاوكات به‌شانازییشه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌و هه‌نگاوانه‌ كرد كه‌ ده‌نرێن به‌ئاراسته‌ی‌ چوار لیواكه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌‌و یه‌كخستنی‌ بودجه‌. به‌ڵام وتیشی‌، تێكه‌ڵكردنی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش پێویستی‌ به‌چوارچێوه‌یه‌كی‌ قانونیه‌. ساڵح هانی‌ حكومه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ كونسوڵخانه‌یه‌ك له‌هه‌ولێر بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌سوكه‌ گاڵته‌یه‌كیشه‌وه‌ وتی‌، "ئێمه‌ به‌نیازنین بۆ كونسوڵخانه‌یه‌ك ده‌ست له‌كه‌ركوك هه‌ڵبگرین".    

 

ریشه‌كێشكردنی‌ به‌عس
سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، مه‌سعود بارزانی‌ به‌باڵیۆزی‌ راگه‌یاند كه‌ ته‌وقیتی‌ هه‌وڵی‌ ریشه‌كێشكردنی‌ به‌عس ناپێویسته‌و به‌ته‌واوی‌ به‌سیاسی كراوه‌. باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ كورده‌كان ناكه‌ونه‌ خانه‌ی‌ به‌رگریكردن له‌هیچ كاندیدێكی‌ دیاریكراو، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كورد "نه‌رم‌و نیان" نابینرێت له‌هه‌مبه‌ر به‌عسیه‌كاندا. بارزانی‌ هاوڕابو له‌گه‌ڵ پێشنیازه‌كه‌ی‌ عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم كه‌ ئه‌و كاندیدانه‌ی‌ بڕیاره‌ دوربخرێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ئاشكرا پابه‌ندبونی‌ خۆیان بۆ ده‌ستور دوپاتبكه‌نه‌وه‌و ئیدانه‌ی‌ به‌عسیزم بكه‌ن، ده‌توانن به‌شداربن له‌هه‌ڵبژاردنی‌ نیشتمانیدا. سه‌باره‌ت به‌و پێشنیاره‌ش بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كاندیده‌كان له‌دوای‌ بردنه‌وه‌یان به‌ڵام پێش دانیشتنی‌ ئه‌نجومه‌ن، بارانی‌ نیگه‌رانی‌ خۆی‌ نیشاندا به‌وه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ ره‌نگه‌ متمانه‌یان به‌هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌مێنێت ئه‌گه‌ر ئه‌و كاندیدانه‌ی‌ له‌لیستی‌ كراوه‌دا ده‌نگیان پێداون، له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردن دوربخرێنه‌وه‌.  
بارزانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ سه‌رسام نه‌بوه‌ به‌وه‌رچه‌رخانی‌ روداوه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌. باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ شیعه‌كان پێشتر له‌كۆنفرانسی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ عێراقیدا له‌ساڵی‌ 2002 له‌له‌نده‌ن، باسی‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌یان كردوه‌ له‌به‌عسیه‌كان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتیوانیی‌ پێشنیازه‌كه‌ی‌ ئه‌لحه‌كیمی‌ كرد بۆ باشتركردنی‌ بارودۆخه‌كه‌. هه‌روه‌ها باسی‌ له‌به‌شێك له‌مێژوی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ كرد له‌گه‌ڵ به‌عسییه‌كاندا. ئه‌و وتی‌، ساڵی‌ 1991، یه‌كه‌مجاربو كه‌ بچم بۆ به‌غدا بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌عسییه‌كاندا‌و كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ دوقۆڵیی‌ له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێندا. كاتێك سه‌دام پرسی‌، "هه‌ستت چۆنه‌؟"، بارزانی‌ به‌سه‌دامی‌ وتوه‌، "37 ئه‌ندامی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ خۆم له‌ناوبراون، 8 هه‌زار كه‌سی‌ گونده‌كه‌م له‌بارزان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، 180 هه‌زار كورد بێسه‌روشوێنن، پێویست بو به‌ناو روبارێك له‌خوێندا بڕۆم تا بێم بۆ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌، من به‌ته‌نها لێره‌ له‌به‌رده‌می‌ تۆدا وه‌ك گیانفیدایه‌ك له‌پێناوی‌ گه‌لی‌ كورددا". بارزانی‌ وتی‌، سه‌دام له‌وكاته‌دا روی‌ وه‌رگێڕا. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ جانتاكه‌ی‌ پێچاوه‌ته‌وه‌و به‌زوترین كات به‌غدای‌ جێهێشتوه‌، چونكه‌ دڵنیابوه‌ به‌عسیه‌كانی‌ سه‌ر به‌سه‌دام پلانیان داڕشتوه‌ بۆ كوشتنی‌ وه‌فده‌ كوردیه‌كه‌.
بارزانی‌ هاوڕابو له‌گه‌ڵ باڵیۆز كه‌ پێویسته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ داهاتو كه‌سێك بێت عێراقیه‌كان یه‌كبخاته‌وه‌. ئه‌و به‌دوری‌ نه‌زانی‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ داهاتو ده‌شێت موفاجه‌ئه‌یه‌كی‌ ناو رێككه‌وتنێكی‌ سیاسیی‌ بێت، به‌ڵام به‌رونی‌ رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و مالیكی‌ به‌كاندیدێكی‌ به‌هێز دانانێت بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران. بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ مالیكی‌ به‌ره‌و دیكتاتۆریه‌ت هه‌نگاوی‌ ناوه‌، چونكه‌ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك رێگه‌ی‌ لێنه‌گرتوه‌و ده‌سه‌ڵات مالیكی‌ گه‌نده‌ڵ كردوه‌. سه‌باره‌ت به‌و ته‌نگژه‌ سه‌ربازییه‌ی‌ نێوان كوردو عه‌ره‌ب كه‌ مانگی‌ ئابی‌ 2008 له‌خانه‌قین رویدا، بارزانی‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ كورد پێویستی‌ به‌سه‌رۆك وه‌زیرانێكه‌ په‌نا نه‌باته‌ به‌ر تانك. سه‌رۆك وه‌زیران ته‌نها به‌كابینه‌یه‌كی‌ باشه‌وه‌ سه‌ركه‌وتو ده‌بێت. (تێبینی‌: سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، فوئاد حسێن كه‌متر ترسی‌ هه‌بو، رۆژی‌ دواتر باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ بارزانی‌ دژی‌ خۆكاندیدكردنه‌وه‌ی‌ مالیكیه‌و پێیباشه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ جێگری‌ سه‌رۆك كۆمار بچێته‌ شوێنه‌كه‌ی‌ مالیكی‌).
ده‌ستورت بیربێت
 بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و هه‌رگیز هێزی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ به‌ته‌نها له‌هێزی‌ سه‌ربازییدا كورتنه‌كردوه‌ته‌وه‌. ئه‌و دانی‌ به‌وه‌دا نا كه‌ ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندبوه‌ به‌رامبه‌ر به‌عێراقییه‌كان‌و پێویستیشه‌ پشتیوانیی‌ ده‌ستور بكات كه‌ هه‌مو عێراقیه‌كانی‌ پێكه‌وه‌ گرێدابو.
له‌كاتی‌ نانخواردنی‌ ئێواره‌دا، بارزانی‌ دڵخۆشی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌ به‌و سه‌ردانانه‌ی‌ كه‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا، داود ئۆغڵۆو وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ توركیا، ئه‌تاڵای‌ له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ 2009 بۆ هه‌ولێر ئه‌نجامیاندا. ئه‌و باسی‌ له‌جیاوازیی ئه‌و شێوه‌یه‌ كرد كه‌ به‌رپرسانی‌ توركیا له‌ئێستا‌و له‌رابردودا قسه‌یانپێكردوه‌ له‌به‌رامبه‌ر بارزانیدا، "وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ ئه‌وان بوبێت". بارزانی‌ وتی‌، ناتوانێت قبوڵی‌ ئه‌وه‌ بكات كه‌ په‌كه‌كه‌ خه‌ڵكی‌ بكوژێت، هه‌وڵیش ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانێت ئاخۆ په‌كه‌كه‌ یه‌كگرتوه‌ له‌پیاده‌كردنی‌ توندوتیژی‌، یان ئاخۆ كه‌سانێك هه‌ن ئاشتییان بوێت.  

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×