جەبار یاوەر: یەكخستنەوەی هێزەكانی 70‌و هێزەكانی 80 دەخەینە بواری جێبەجێكردنەوە
  2019-04-21       1726       

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جەبار یاوەر رایدەگەیەنێت پرۆژەی یەكخستنەوەی هێزەكانی 70‌و هێزەكانی 80 دەخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، باس لەوەش دەكات پرۆژەیەكی 35 خاڵی تایبەت بە چاكسازییان لەبەردەستە.


ئاوێنە: جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبونەوەی شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق‌و هێزە ئەمریكییەكان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریكای وتوە "ئەم کۆبوونەوەیە پەیوەندی بە بابەتێکەوە نەبوو تا لەسەری ڕێکبکەوین بەڵکو کۆبوونەوەیەک بوو بۆ بەدواداچوون بۆ پڕۆسەیەکی ھاوکاری کە لە ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧ لە بودجەی حکومەتی ئەمەریکا بڕی یەک ملیار دۆلار تەرخانکرابوو وەک قەرزێکی درێژخایەن بۆ حکومەتی عێراق کە دەدرا بە چەک و تەقەمەنی بۆ ھەموو ھێزە شەڕکارەکانی عێراق بە ھێزەکانی سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە کە شەڕی دژ بە داعشیان دەکرد، وە لەم بڕە پارەیە پشکێک دیاریکرابوو کە نزیکەی ١٨٠ بۆ ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە بۆ ھەندێک بابەت بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، جا ئەم تیمە ھاتبوون تا رێوشوێنەکان بگرنە بەر لە دابینکردنی ئەم پێویستیانە".


راشیدەگەیەنێت پڕۆژەیەکی سی و پێنج خاڵیان ئامادەیە، پڕۆژەكە تایبەتە بە چاکسازی و یەکێک لە خاڵەکانی، خاڵی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەیەوتیشی "ھەر لەبارەی ئەم پڕۆژەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە چەند کۆبوونەوەیکمان لەگەڵ ھێزەکانی ٧٠ و ھێزەکانی ٨٠ کردووە و ھەوڵدەدەین بەم نزیکانە لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر سەرجەم خاڵەکانی پڕۆژەکە بدرێن و ئەم پڕۆژەیە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×