بافڵ تاڵه‌بانی: له‌قۆناغه‌كانی كۆتایی پێكهێنانی حكومه‌تداین
  2019-04-22       1201       

بافڵ تاڵه‌بانی، كوڕه‌ گه‌وره‌ی سكرتێری كۆچكردوی یه‌كێتی رایگه‌یاند، له‌قۆناغه‌كانی كۆتایی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستانداین و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی كارده‌كات بۆ گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستاندا.

ئاوێنه‌: به‌پێی میدیای ره‌سمی یه‌كێتی، ئه‌و وتانه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ هاتون له‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ باڵیۆز ولیام رویبوك، جێگری نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و ستیفن فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، كه‌ له‌ ده‌باشان پێشوازی لێكردون و بیروڕایان سه‌باره‌ت به‌ پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەكانی هەرێم و عیراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕكردوه‌.

له‌دیداره‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندوه‌"لە قۆناغەكانی كۆتایی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمداین  و چاكسازی و خزمەتكردن و ئاوەدانی زیاتر لە ئەولەویەتی بەرنامەی حكومەتی داهاتو دەبێت و هەمو هەوڵێكی یەكێتیش كاركردن دەبێت بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە بەڕێوبردن و ئیدارەدانی هەرێم."

سەبارەت بە قۆناغی نوێی روبەڕوبونەوەی تیرۆریش بافڵ تاڵەبانی رونیكردۆته‌وە"شەڕی داعش كۆتایی نەهاتوە پێویستە بەسیاسەت و ستراتیژێكی نوێوە پلان دابنێین بۆ جەنگی روبەڕوبونەوەی تیرۆرستانی داعش و لەڕوی پەروەردەو فیكرەوە روبەڕوی بیری ترس و تۆقاندن و توندڕەوی ببینەوە بۆ ئەوەش پێویستمان بەهاوكاری بەردەوامی هاوپەیمانان دەبێت."

پەیوەست بە پرۆسەی سیاسیش لە عیراق بافڵ تاڵەبانی جه‌ختی لەسەر چارەسەركردنی كۆی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستور و بەرژەوەندی هاوبەش له‌گه‌ڵ به‌غدا كردۆته‌وه‌.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×