فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران كێیە؟
  2019-04-22       1854       

ئا: ئاوێنە

 


ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی، رابەری كۆماری ئیسلامی‌و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی ئێران بەفەرمانێك پلەی حسێن سەلامی جێنشینی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدران لەسەرتیپەوە بەرزكردەوە بۆ سەرلەشكرو پۆستی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی پێسپارد. دانانی سەلامی لەو پۆستەدا كە ساڵانێك چالاكانە دژ بەبزوتنەوەی كورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان جەنگاوەو بەهەڵوێستە توندەكانی دەناسرێت، پەیامێكە بۆ ئەمەریكاو ئیسرائیل‌و سعودیە.


 
سەرلەشكر حسێن سەلامی، تەمەنی 59 ساڵە، لەگوندێكی شارۆچكەی گولپایەگانی سەر بەئوستانی ئەسفەهان لەدایكبوە. كۆلیژەكانی ئەندازیاری‌و سەربازیی خوێندوەو یەكێكە لەپاسدارە سەرەتاییەكانی شۆڕشی ئیسلامی، كە وەك فەرماندەیەك چالاكانە دژی بزوتنەوەی كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان جەنگاوەو بەرپرسیاریەتی جیاوازی لە لەشكرەكانی 25ی كەربەلا‌و 14ی ئیمام حسێن لەئەستۆ گرتوە.  


سەلامی جێنشینی سەرلەشكر محەمەد عەلی جەعفەری بوە كە لەساڵی 2007ەوە فەرماندەی سوپای پاسدارانە، جگە لەجێنشینی فەرماندەی سوپای پاسداران، ناوبراو یاریدەدەری عەمەلیانی ئەركانی هاوبەشی سوپا، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بوە.



یەكشەممەی رابردو، سەلامی لەلایەن خامەنەئی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە كرا بەفەرماندەی سوپای پاسداران‌و پەیامی پیرۆزبایی لەلایەن حەسەنی روحانی سەرۆك كۆمار‌و محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوە‌و محەمەد حسێن باقری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان‌و گەورە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئاڕاستە كرا. 


بەپێی دەستور دانان‌و لابردنی فەرماندە باڵاكانی سوپا‌و ئەرتەش‌و هێزە چەكدارەكانی ئێران لەدەسەڵاتی رابەری كۆماری ئیسلامییدایە.


گۆڕانكاریی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لەلایەن ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی دەبو دو ساڵ لەمەوبەر ئەنجامدرایە، ئەم گۆڕانكارییە دو هەفتە دوای ئەوە دێت كە ئەمەریكا سوپای پاسدارانی خستوەتە ناو لیستی رێكخراوە تیرۆریستەكانەوە. هاوكاتیشە لەگەڵ لەچلەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سوپای پاسداراندا.


زۆرێك لەلێكۆڵەران پێیانوایە دانانی سەرلەشكر حسێنی سەلامی لەلایەن خامەنەئییەوە، لەم سەروەختەدا كە سوپای پاسداران خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، پەیامی راشكاوانەیە بەئەمەریكاو ئیسرائیل‌و سعودیە. سەلامی بەهەڵوێستە توندەكانی بەرامبەر بەئەمەریكاو ئیسرائیل‌و سعودیە دەناسرێت. 


"لەناوبردنی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جوگرافیای سیاسی" یەكێكە لەدروشمە بەردەوامەكانی سەلامی. ئەو جەغت لەوەش دەكات كە عێراق‌و سوریەو لوبنان "قوڵایی ستراتیژیی" ئێرانن، هاوكات هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لەوڵاتانی كەنداو دەكات گەر لەدژی ئێران بجوڵێنەوە.


ئەمە لەكاتێكدایە كە سوپای پاسداران لەچل ساڵی رابردودا بوەتە گەورەترین هێزی سەربازیی، ئەمنی‌و 
مخابەراتیی لەئێران. سەرلەشكر سەلامیش یەكێكە لەئەندازیارانی گەورەكردنی ئەم رۆڵەی سوپای پاسداران. 

 

رۆڵی سوپا بەئەندازەیەك باڵادەست بوە، كە مانگی رابردو محەمەد جەواد زەریف دەستی لەپۆستەكەی كشانەوە  بەهۆی ئامادەبونی قاسمی سلێمانیەوە لەبری ئەم لەكاتی پێشوازیكردنی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریادا لەلایەن عەلی خامەنەئییەوە.  


سوپای پاسداران لەئێستادا بەگەورەترین هێزی ئابوری ئێرانیش دادەنرێت كە زۆربەی پڕۆژە ئابورییە گەورەكانی ئەو وڵاتەی كۆنترۆڵ كردوە‌و چەندین كۆمپانیای زەبەلاحی دامەزراندوە، تەنانەت ئەحمەدی نەژادی سەرۆكی پێشوی ئێران وەك توانج فەرماندەكانی سوپای بە"برایانی قاچاغچی" ناوبردبو.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×