"لەبەر ئەوەی ئەمرۆ پشوە‌و زۆربەی خەڵك لەدەرەوەن رەنگە 24 كاتژمێر كارەبا بدەین"
  2019-04-26       1093       


سالار حیسامەدین، بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت لەبەر ئەوەی ئەمرۆ پشوە‌و زۆربەی خەڵك لەدەرەوەن رەنگە 24 كاتژمێر كارەبا بدەین رەنگە ئەمرۆ كارەبای نیشتمانی هەر نەبرێت، ئاماژەبەوەش دەكات پێدانی كارەبا پەیوەندی بە خواستی بەكارهێنانیەوە هەیە‌و بەهۆی ئەو سەرمایەی لەچەند رۆژی رابردو دروستبو خواست لەسەر كارەبا دروستبو بەناچاری پێدانی كارەبا كەمكرایەوە، دەشڵێت "ئەگەر كەشوهەوا وەك ئێستە بێت لە 20 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی كەمتر نادەین".


ئاوێنە: سالار حیسامەدین، بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی بە ئاوێنەی راگەیاند بەپێی ئەو پێشبینیانەی دەكرێن رەنگە تا كۆتایی مانگی پێنج كەشوهەوا هاوكارمان بێت بۆ پێدانی كارەبای زیاتر بە هاوڵاتیان كە لە 20 كاتژمێر كەمتر نابێت لە شەوورۆژێكدا، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا تا چەند سود لەبەرهەمهێنانی كارەبا لەرێگەی ئاوی بەنداوی دوكان‌و دەربەندیخان وەردەگرن؟، ئەو وتی "لەسەدا هەشتای بەرهەمهێنانی كارەبا لەرێگەی وێستگەی غازییەوەیە لە هەرێمی كوردستان، ئەمساڵ لەئەنجامی ئەو بارانبارینە زۆرە توانیومانە لەسەدا هەژدە سود لە بەرهەمی كارەبای بەنداوەكان وەر بگرین".


باس لەوەش دەكات پێدانی كارەبا بەپێی خواستی هاوڵاتیان‌و وەرزەكانەوە دەگۆرێت، ئەو وتی "لەچەند رۆژی رابردو پلەكانی گەرما نزمبونەوە‌و خواست لەسەر كارەبا زیادی كرد بۆیە پێدانی كارەبا لەشەوو رۆژێكدا كرا بە 12 كاتژمێر، لەساڵانی رابردو پشت بە بەنداوەكان دەبەسترا بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەڵام ئێستا زیاتر پشت بە وێستگەی گازی دەبەسترێت‌و لەهەر پارێزگایەك وێستگەیەكی غازی بەرهەم هێنانی كارەبا دانراوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×