پۆڵات جان: لەسەر نوسەرو ئەدیبان پێویستە شۆِرشی ڕۆژئاوا بەزیندوێتی بهێڵننەوە
  2018-12-30       842       
پۆلات جان

ئا: نیاز حامید

وەرگێڕانی: گۆران قادر

 

پۆڵات جان نوسەرو ڕۆژنامەنوس دیدو تێڕوانینی بۆ ئەدەبی شۆرشگیڕی و کارو بەرهەمە ئەدەبیەکان لە ڕۆژئاوا و باکوری سوریا دەردەبڕێت، لەگەڵ باس کردنی بەرهەمەکانی و کاریگەری شۆڕشە کوردستانیەکان لەسەر بەرهەمەکانی، هەروەها هەر لەم چاوپێکەوتندا قسە و باس لە ڕۆڵی "پۆڵات جان" دەکەین لە دامەزراندنی ڕادیۆ کوردییەکان و تێڕوانینەکانی بۆ ڕاگەیاندن. 

ئاوێنە: تێڕوانینتان بۆ ئەدەبو ئەرکی ئەدەب چیە لە قۆناغی شۆِڕشگێریدا؟ هەڵسەنگاندنت بۆ ئەدەبی شۆڕشگێڕی چیە لە ناوچەکەمان(رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)؟
پۆڵات جان: سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە ڕۆشنبیری بە گشتی و ئەدەب بە تایبەتی وەک ڕوحی کۆمەڵگە وان، وەک پۆشاکی روحی مەعنەوین شارستانیە مادییەکانن،هەروەها کەلەپورێکی سەرسورهێنەر وپاشماوەیەکی مێژوویی نەمرن،ئەدەب ڕۆڵی خۆی هەیە، بەڵام ڕۆڵەکانی گرنگ و کاریگەرن لە ڕۆشنبیری و پێشکەوتن و توانای کۆمەڵگە. بەڵام ئەدەبی شۆِرشگێڕی بە پلەی یەکەم ئەرکی دیاریکردنی هۆکارەکان و قەیران و ناخۆشیەکانی ناو کۆمەڵگەیەیە، چۆن پزیشک و پەرستیاران نەخۆشیەکە دیاریدەکەن و دواتر چارەسەری دەکەن، ئەدەبیش وایە، واتە ئەدەب پرسە کۆمەڵایەتیەکان تاوتوێ دەکات و ئاماژە بە لایەنە جیاوازەکانی دەدات،دواتریش چارەسەر و چارەسەری نموونەیی بۆ دەدۆزێتەوە،دوای ئەوەش هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات، پاشان هەر کۆمەڵگەیەک لە هەر پارچە زەوییەکی ئەم جیهانەدا بێت، دەتوانێت بە جۆرێک لە جۆرەکان سود لە ئەدەبە شۆِرشگێریەکان وەربگرێت، بە واتایەکی تر دەتوانین پێناسەی شۆِرشگێری بکەین بەوەی ئەدەبێکی بوێر و یاخی و ڕەخنەگر و داهێنەرە، ئەدەبی شۆِرشگێری پێویست ناکات ئەدەبێکی سیاسی یان حیزبی یان جەنگی بێت، ئەو ئەدەبە پڕ نیە لە دروشم و قاڵبە عەقیدیەکان، بەڵکو ئەدەب پێویستە ژیان بێت، شۆِرش لە تێڕوانینی ئەدەب واتەی هەڵگەڕانەوەیە یان دەرچوونە لە شتە باوەکان، کە هەوڵ دەدات کۆمەڵگە لە گەردنی شوشەی خواردا دەربهێنێت، بۆیە ئەدەب ڕۆڵی مێژوو نوسی ئەو شۆڕشە دەبینێت، بەڵام بێگومان ناتوانین بڵێین ئەدەب بە تەنها خۆی ڕۆڵی پێشەنگ و ئاڕاستەی شۆڕش دەبینێت،بەڵکو خاوەنی ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەرە لە شۆڕشەکاندا. لەسەردەمی ڕۆشنگەری وهەستانەوە لە ئەوروپا، ئەدەب و هونەر لە پاڵ لایەنی ئابووری و بازرگانی و سیاسی لە ڕووداو و گۆڕانکاریە ڕیشەییەکاندا ڕۆڵی سەرەکیان گێڕا، لە بونیاتنانی ڕەهەندی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی، ناتوانرێت بەبێ ئەدەب و هونەر باس لە ڕۆشنگەری و هەستانەوە بکەین، هەروەها ناتوانین باسی شۆڕشێک بکەین کە ئەدەب یەکێک نەبێت لە پایەکانی، هەر شۆڕشێک ئەدەب بەرهەم نەهێنێت و گرنگی پێنەدات، ئەوا شۆڕش نیە. لە شۆِرشە نوێیەکاندا ئەدەب دەبێتە لایەنێکی ڕاستەوخۆ کە کاریگەری لەسەر جەماوەر بەجێدەهێڵێت، هەروەها دەنگی جەماوەر دەگەیەنێت بە جیهانی دەرەوە و نەوەکانی دوای خۆی، واتە ئەدەب ترپەی دڵ و چاوی شۆڕشە، بەم شێوەیە دەتوانین وەسفی ئەدەبی شۆڕشگێری بکەین. بەڵام لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا ناتوانین باسی ئەدەبێکی بەهێز بکەین کە بەشداربێت لە درێژەدان بە شۆڕش، یان باس لەلایەنەکانی و پێناسە بکەین، بەتایەبت کە زۆرینەی شۆڕشەکانی ناوچەکەمان شۆڕشێکن کە بەرگی ئاینیان لەبەرکراوە، یان کودەتای سەربازین، و بە فەرمانی پیاوانی ئاینی و کەسایەتیە سیاسی و سەربازییەکان یان هێزە دەرەکیەکان دەجوڵێنەوە..

ئاوێنە: رۆژئاوا و باکوری سوریا بە قۆناغێکی شۆڕشێکی نایابدا تێدەپەڕێت، سەرەڕای ڕەخنەکان ئایا هاوشانی شۆڕشەکە ئەدەب بەدی دەکرێت؟ بەبۆچوونی ئێوە بەرهەمە ئەدەبیەکانی رۆژئاڤا و باکوری سوریا گەیشتونەتە ئاستێک کە پێیان بوترێت ئەدەبی شۆِرشگێڕی؟
پۆڵات جان: دەتوانم بڵێم هەستانەوەیەکی فکری و ڕۆشنبیری لە رۆژئاڤادا هەیە،بەتایبەت لەباکوری سوریا،دەمەوێت لێرە لەسەر بابەتی دەستەواژەی شۆڕشی رۆژئاڤا و باکوری سوریا بوەستم،بەڵێ شۆڕشی رۆژئاڤا بوونی هەیە کە لە 19/تەموزی/2012 دەستی پێکرد، هاوکات شۆِرشی سوریا هەیە کە لە 15/ئازار/2011 دەستی پێکرد، بەڵام شۆڕشی باکوری سوریا دەستەواژەیەک نیە بە ناوی شۆڕشی باکوری سوریا، بەڵکو بزوتنەوە یان کاریگەری شۆڕشی رۆژئاڤا لە سەر باکوری سوریا هەیە، بە تایبەت کە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی باکوری سوریا ئازادکراون و کە لە رۆژئاڤاوە دەستی پێکرا، کە لەسەر بنەمای یاسای شۆڕشەکە بوو،ناتوانین باسی ( شۆڕشی ئەدەبی) بە واتای کەلیمە لە باکوری سوریا و رۆژئاڤا و تەنانەت هەموو سوریاش بکەین، زیادە ڕەوی کردنە گەر بڵێین ( شۆڕشی ئەدەبی) لە باکوری سوریا. شۆرشەکە رۆشنبیریە، بەڵێ گەشەسەندن و گرنگیدان بە زمانی کوردی و سریانی هەیە،هەروەک چۆن هەوڵ بۆ گەشەی رۆشنبیری گشتی و دیموکراتی لە ئارادایە،بەڵێ بە دڵناییەوە ئەوە هەیە، بەڵام ئایا گەیشتۆتە ئاستی شۆڕشی ئەدەبی، ئەوا زیادەڕەوی کردنەوە و ئێستا زووە باسی ئەوە بکرێت. من لەوە باوەڕەدام گەورەترین کێشەی وڵات کەمی خوێنەر و کتێبخانەیە، هەروەها کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە خەڵکی ڕوو دەکەنە تەلەفزیۆن و ئامێرە زیرەکەکان و نەتوانینی دەستخستنی کتێبە، کاتێک شۆڕشی ئەدەبی ئەوا گۆرکی،تۆڵستۆی، دۆستۆفسکی،هۆگۆ، همنگوای، ئەوسترۆنسکی و چەندانی تر لە ئەدیبانی شۆڕش و شۆڕشی ئەدەبیمان دێتەوە یاد، ئەو کەسایەتیانە رۆڵی سەرەکیان هەبوو لە درێژەدان بەشۆڕش و تەوجیهدان بە شۆرش لە پێدانی فکرێکی گەورە ی ڕووحی مەعنەوی لەسەر ئاستی نیشتمانیی و جیهانی بە شۆڕش،بەڵام دوای ئەمانە ناتوانرێت باسی شۆڕشی رۆژئاڤای کوردستان بکرێت، کە نەتوانراوە حاڵەتێکی ئەدەبی تایبەت بەشۆڕشی رۆژئاڤا دروست بکرێت، هەروەها نەتوانراوە ئەدەبێکی شۆرشگێری باش و جیاواز بەرهەم بهێنرێت کە کەشێکی گشتی بۆ ئەدەب فەراهەم نەکراوە.

ئاوێنە: بەڵی ئەوە ڕوونە، بەڵام بۆچی کەسایەتیەکی ئەدیبی شۆڕشگێڕی تاکو ئێستا دەرنەکەوتووە یان لە رۆژئاوا دروست نەبووە، کە لە ساڵی (2012)ەوە شۆرشی تێدا هەڵگیرساوە؟
پۆڵات جان: با بپرسین چەند رۆمان و چەند چیرۆک و دیوانە شعر یان هەر جۆرێکی دیکەی ئەدەبی لە رۆژئاڤا دەرچووە کە باس لە رۆژانەی شۆرش و ڕووداو و دەرئەنجامەکان بکات؟ پێدەچێت ئەوە زۆر کەم بێت، کەسانیک هەبن کە ئەدەبەکەی خۆیان بنوسنەوە و چاپ و بڵاوی بکەنەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەیان تایبەت نین بە شۆڕش بە تایبەت شۆرشی رۆژئاڤا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، دواتریش بنوسەر شۆڕشگێڕ ناکرێت دروست بکرێت یان ڕابسپێردرێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک، بەڵام ئەدیب(نوسەر) لە رەحمی شۆڕش لە دایک دەبێت و لەگەڵیدا دەژی و نوێ دەبێتەوە، لە روحیدا خۆراک وەردەگرێت و لە روحیشیەوە خۆشەویستی لەگەڵ دەکات.
کێشەی ئێمە وەک گەلی سوریا بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی ئەوەیە کە بێ بەشین لە مافە زمانەوانی و رۆشنبیری و کارگێرییەکان.... هتد، زۆرینەی ئەدیب و نوسەران و تەنانەت ئەوانەشی تازە دەستیان بە نوسینی ئەدەب کردووە، نامێنن و کۆچ دەکەن و لە غەریبی دەمێننەوە، لەبەرئەوە ئەوانەی لە ناوچەکەمان گرنگی بە لایەنی ئەدەبی و رۆشنبیری دەدەن کەمێکیان نەبێت نەماونەتەوە، بە تایبەت کە دۆخەکە لە جەنگدایە و گوزەران قورسە و ململانێکان توندن، هەروەها لەگەڵ ئەمانەشدا هێرشە تیرۆرستیەکان وای لە زۆرینەیان کردووە کۆچ بکەن، ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئەو توێژە ئامادە نین ڕوبەڕووی دۆخە قورسەکان ببنەوە، یان لە کاتی ناخۆشی و کارەساتدا لەناو کەسووکاریاندا بمێننەوە، لەبەرئەوە نوسەرانێک نابینین کەنوێنەرایەتی شۆرشی رۆژئاوا بکەن یان بەرهەمی ئەدەبی بە پێزی هەبێت، جگە لەوانەی کە چالاکی نوسینەکانیان لە چەند ووتارێک یان بەشداری لە تۆرە کۆمەلایەتیەکاندا دەبینێتەوە، بەڵام وەک ئەدیبی شۆڕشگێڕ یان ئەدەبی شۆڕشگێڕ بە واتای کەلیمە ناتوانین ببینینەوە. دیارە کە تۆ کاریگەری بە شۆرشەکانی کوردستان، لەبەرئەوە پەنات بۆ بڵاوکردنەوەی چەندین لایەنی بردووە، کە وامان لێدەکات بڵێین ئەو قسەیە ڕاستە کە دەڵێت: (ئەدەبی شۆڕشگێڕی بەرهەمی خودی شۆڕشگێڕانە)، کۆمێنتان بۆ ئەوە چیە، ئایا باسی گرنگترین وێستگەکانمان بۆ دەکەیت کە کاریگەرییان لەسەر کەسایەتی ئەدەبیت هەبووە؟ دەربارەی خۆشم،بەڵی من لەچەندین بواری جیاوازدا و چەندین سال لەناو شۆرشی کوردستاندا بووم، لە شەرەکان و لە قارەمانێتیەکاندا بەشداریم کرددوە ،هەروەها لە رووی گوزەران و کاریگەری بە شەرەکان و قارەمانێتی و قوربانی دان و کاریگەریە راستەوخۆکانی شۆرش لە گۆرانکاریە کۆمەلایەتی و فکریەکاندا راستەخۆ بەشداربووم، من وەک خۆم بەو پەڕی باوەرمەوە هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەلایەتی رۆڵی گرنگ و کاریگەری لەسەر لایەنی فکری و رۆشنبیری هەبوبێت بەشداربووم، زۆرێک لە بزوتنەوە سەربازییەکانمان لەسەر ئاستی جیهان ناسی ، هیچ کاریگەرییەکی رۆشنبیری و ئەدەبیان جێنەهێشتووە، چونکە خاوەنی تایبەتمەندی نەبوون، بۆ نموونە هیچ ئەدەبێکمان نیە تەنها باسی هەڵمەتەکانی جەنگیز خان و هۆلاکۆ و تەیموری لەنگ بکات، بۆیە ئەو گەلانە هیچ ئاسەوارێکیان دوای خۆیان جێنەهێشتووە، بەڵکو شارستانێتیان وێران کردووە. لەبەرئەوە هەر شۆرشێک بە واتای کەلیمە گەر بیەوێت شۆرش بێت، پێویستە لەسەرجەم بوارەکاندا بەتایبەت لایەنی کۆمەلایەتی و فکری و ئەدەبی و مەعنەوی شۆرش بێت، من لەو باوەڕەدام و لە ژیانی رۆژانەشمدا ماوەی چەندین دەیەیە جێبەجێی دەکەم، لەبەرئەوە لەو باوەڕەدام کە نوسینی کتێب و وتار و چیرۆک یان هۆنینەوەی شعر، هەروەک هەستان بە کارێکی سەربازی یان بانگەشەی سیاسی وایە ، دەستکەوتێکە کە هیچ شۆرشێکی دیکە ناتوانێت نرخی کەم بکاتەوە.

ئاوێنە: رادیۆی جودی کە داتانمەزراندووە بە یەکەم رادیۆی باکوری سوریا و رۆژئاوا دادەنرێت،دەتوانیت باسی رۆژانی دامەزراندنی رادیۆکەمان بۆ بکەیت؟
پۆڵات جان: لەسەرەتادا زۆرێک لەوانەی قسەمان لەگەڵ دەکردن، هاندەری کردنەوەی ڕادیۆکە نەبوون، بیانووی ئەوان ئەوە بوو کە ئێستا سەردەمی ئینتەرنێـت و تۆرە کۆمەلایەتی و کەناڵە ئاسمانیەکانە، هیچ رۆڵێک بۆ رادیۆ نەماوە. بەڵام لە ساڵی (2012)دا کاتێک ژێرخانی ئابووری لە سەرانسەری وڵاتدا وێران بوو،لەو کاتەدا رۆڵی ئینتەرنێت کەم بوو، هەروەها کارەبا لەسەرانسەری وڵاتدا دەبڕا،لەو کاتەدا پێویست بوو رۆڵی رادیۆ دەربکەوێتەوە، رادیۆی ( جودیFM) سەرەتا بوو، ئەزمونێکی باش و بوێری بوو، بە توانایەکی کەمەوە دەستمان پێکرد، بۆ نموونە لە بیرمە، ئەو کاتەی بۆ شوێنێک دەگەراین بۆ ئەوەی رادیۆکەی تێدا بکەینەوە، شوێنێکمان دەست نەکەوت، ئێمە ئامێری پەخشەکەمان هەڵدەگرت و لەم شوێن بۆ ئەو شوێن دەمانگواستەوە. بەناو شاری قامیشلۆدا گەراین، شوێنێکی گونجاومان دەست نەکەوت،دواتر چووین بۆ تەل مۆزان،لەوێش نەمانتوانی شوێنێک بدۆزینەوە،پاشان چووین بۆ شاری عامودا، لەوێ لەسەر بینای سەنتەری رۆشنبیری شوێنێکی بچووکمان دیاری کرد و دەستمان بە پەخشی ئەزمونی کرد،بەڵام دوای چەند رۆژێک تێبینی ئەوەمان کرد، کە پەخشەکەی تەنها لەناو شاری عامودایەو ناگاتە قامیشلۆو هیچ شوێنێک، لەبەر ئەوەناچار بووین و ئامێر و بورجەکە بگوازینەوە بۆ شاری قامیشلۆ و لەوێ جێگیریان بکەین،تاکو ئێستاش هەر لەوێیە، رادیۆی جودی لە بواری راگەیاندندا بوو بە خوێندنگایەک،چەندین خوێندکار لەو رادیۆیە دەرچوون و ئێستا لە سەرانسەری رۆژئاوا کاردەکەن،ئەو رادیۆنای دیکە کە دامەزران وەک رادیۆی کۆبانی کە چەند مانگێک دوای رادیۆی جودی دامەزرا هەروەها رادیۆی رۆژئاڤا کە لەیەکی نیسانی 2013 کرایەوە، دواتریش دەنگی عەفرین کە لە ساڵی 2013 کرایەوە، لەسەر ئەو بنەمایە دەرۆن کە رادیۆی جودی دایرشتووە، ئێستا دەیان رادیۆی ناوخۆیی لەسەرجەم شارەکانی رۆژئاوا و باکور و رۆژهەلاتی سوریا هەیە،بەڵام رادیۆی جودی خاوەنی شەرەفی یەکەمین رادیۆیە.

ئاوێنە: کاری کۆربەندەکان چیە و چی لە ئەستۆی نوسەران و رۆشنبیراندایە، لە روبەرووبونەوەی ئەو مەترسیە ناوخۆ و دەرەکیانە و بیروبۆچونە توندرەوەکان؟
پۆڵات جان: لەسەرەتادا ئێمە بە واتای کەلیمە پێویستمان بە شۆرشێکی رۆشنبیری هەیە،حەوت ساڵە دەجەنگین و نزیکەی هەشت ساڵە لە حاڵەتی شۆرشگێریداین، چەندین داستانی بەرگری و ئەفسانەیی تۆمار کراوە،هەروەها چەندین دەستکەوتی مێژوویی بەدەستهاتووە، هەروەها چەندین شەر هەڵگیرساوە رۆژانە قوربانیەکان زیاتر دەبوون، گۆرانکاری لە ژێرخانی کۆمەلایەتی و فکری لە کەسایەتی ژنان و پیاواندا ئەنجامدراوە، جۆرێک لە سۆزو ئیسارا لای گەنجانی کورد هەیە، مرۆڤەکانی ئەو ناوچەیە بە عەرەب و مەسیحی و کوردەوە کاری ناوازە ئەنجام دەدەن. لەبەرئەوە نوسەران و ئەدیبان لە رۆژئاڤا بە تایبەت و باکور و رۆهەلاتی سوریا بە گشتی پێویستە مەلە لە دەریای شۆرشدا بکەن و زیادی بکەن و هەموو ئەوانەی روودەدات بکەن بە نوسین،سەرکەوتنەکان کە لە شەرەکاندا بەدەست هاتووە بیکەن بە بەرهەمی ئەدەبی وەک چیرۆک و رۆمان و ئەفسانە... هتد. ئێمە پێویستمان بە زیندوو راگرتنی شۆرشی رۆژئاڤا و قارەمانێتی 8000 شەهید هەیە، ئەو گۆرانکاریە کۆمەلایەتیەی کە بە هۆی شۆرشەوە روویداوە، پێویستە لەسەرمان لە ئەدەبدا بە زیندوویی بیهێلینەوە، هەروەها بیگوازینەوە بۆ زمانە جیهانیەکانی ( ئینگلیزی و فەرەنسی، روسی و ئیسپانی.... هتد) بۆ ئەوەی هەموو جیهان بزانن لە رۆژئاوا چی روویداوە و چیمان پێشکەشی سەرجەم مرۆڤایەتی کردووە، چۆن شۆرشی رۆژئاوا دەستی پێکرد،چۆن یەکینەکانی پاراستنی گەل دامەزرا، چۆن ئیدارەی خۆبەرێوەبەری لە دایک بوو، ئەو قارەمانانە چۆن دەکەوتن، بارین کێیە ئاڤێستا کێیە، زۆزان و ئیریش و روبار و کەنداڵ کێن، کێ بوون بەرگریان لە کۆبانێ و عەفرین کرد،کێ بوون ئەوانەی ناوچە کوردیەکانی حەلەبیان ئازادکرد، کێ بوون ئەوانەی پایتەختی خەلافەتیان روخاند، کێ بوون ئەوانەی روبەرووی گەورەترین هێرشی رێکخراوی تیرۆرستی داعش و نوسرە و هاوپەیمانەکانیان بوونەوە، کێ بوون ئەوانەی لە خراپیترین بارودۆخدا بناغەی برایەتیان لە نێوان پێکهاتەکان دامەزراند، سیستەمێکیان رێکخستەوە کە پر بوو لە تاوان و ئاژاوە و کێشە کە لەناوچەکەی دابوو ؟ بۆیە ئەدیبان پێویستە لەسەریان بە زووترین کات ئەمانە بگوازنەوە بۆ ئەدەبێکی نایاب و بەرهەمێکی گەورە، بە شێوەیەک جێگەی شانازیمان بێت و بیگەیەنین بە هەموو جیهان. لە کۆتایدا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە پێویستە کار لەسەر فراوانکردنی نوسەران و هاندانی خوێندنەوە بکەین، هەروەها کتێب بە دەست بخەین و بە شێوەیەکی فراوان بڵاویان بکەینەوە، خوێندنەوە دیسان پایەیەکی گرنگە بۆ هاندانی نوسەران لەسەر داهێنەکانیان.




پۆڵات جان:
پۆڵات جان نوسەر و رۆژنامەنوسی خەباتکاری شۆرشی کوردیە، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکی دەنوسێت، ئەندامی لقی کوردی یەکێتی نوسەرانی نێودەوڵەتیە (PEN) چەندین کتێبی ئەدەبی و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی هەیە، لەوانە:
- کۆمەڵە چیرۆکی "ێ‌ه یا صغیرتی" بە زمانی عەرەبی 2003 .
- نوسەری گفتوگۆ "ێ‌فاق کونفدرالیە" بە زمانی عەرەبی ساڵی 2006 .
- کۆمەڵە چیرۆکی "Berfa Germ" بە زمانی کوردی ساڵی 2004 .
- کتێبێک دەربارەی ژنانی کورد لە قەوقاز "القلوب المهاجرە" بە زمانی تورکی ساڵی2006 .
- کتیبَکی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی "زمانی فریشتە" بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی ساڵی2005 .
- کۆمەڵە شعری "نسا‌و القرنفل" بە زمانی عەرەبی ساڵی2009 .
- فەرهەنگی ناوە کوردییەکان "Nav Name" بە زمانی کوردی ساڵی2017ز
- کتیبێکی دۆکۆمێنتاری لەسەر گۆرانی و مۆسیقای میللی کوردی لە قەوقاز "QulingênRewanê" بە زمانی کوردی.
- کۆمەڵە پەخشانی "وفا‌و الروح" بە زمانی عەرەبی (دەستنوس).
- هەورەها چەندین کتێبی لە تورکیەوە کردووە بە عەرەبی لەوانە. " رسائل الڕمل"، و "درر الکلام"، و"الشجاعە الحقیقیە" للمفکر عبد الله ڕوجلان. 
-هەڵساوە بە ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەک لە هونەر وئەدەبی شۆڕشگێڕیی لە شرۆڤەکانی بەرێز عبداللە ئۆجەلان بە ناوی "Edduba" بە زمانی کوردی لە سالی ٢٠٠٤.
- کورتەیک لە مێژووی کوردی 2012 حلب. –دەروازەیەک بۆ راگەیاندنی کوردی 2012.
- هەنگاوە کردارییەکان بۆ ئیدارەی خۆ بەرێوەبەری 2012 قامشلو
- لمحات عن حزب العمال الکردستانی- دراسە سیاسیە وپائقیە (دەستنوس).
- رەخنە لە عەقڵیەتی رۆژهەلاتی . توێژینەوەیەکی فکری رەخنە ئامێزە 2017(دەستنوس).
-راکردن بۆ ئازادی ، 2002 (دەستنوس).
- غربلە الافکار 2009.
چەندین ساڵ لە بواری ئەدەبی سیاسی و سەربازی کاری کردووە، ( لە گۆڤاری الاتحاد الحر فی العراق نوسیویەتی، بەڕێوەبەر و نوسەری گۆڤاری میزوبوتامیا کە بەزمانی ئەرمینی لە یریفان- ئەرمینیا دەرچووە، بەڕێوەبەری ماڵپەری میزوبوتامیا ئونلاین بووە. راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکایەتی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بووە. سەرنوسەری گۆڤاری الشرق الاوسگ فی بغداد بووە. پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی میزوبوتامیا بووە ، سەرنوسەری گۆڤاری بەرگری لە گەل و ئەندامی ئیدارەی سەنتەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی هێزی بەرگری گەلی کوردستان بووە، چالاکوانی بزوتنەوەی گەنجانی دیموکراتی بووە لە کاتی هەڵگیرسانی شۆرشی گەلی سوریا، سەرپەرشتیاری گشتی ئەکادیمی مڤلوم دوغان بووە کە بۆ خوێندکارانی زانکۆ بووە لەو ئەکادیمیە وانە بێژ بووە، هەماهەنگکاری گشتی کۆنفدراسیۆنی خوێندکارانی کوردی نیشتیمانیی بووە، دامەزرێنەری یەکەم رادیۆی کوردی بووە بە ناوی ( جودی ئیف ئێم) دواتریش چالاکیەکانی لە ( کۆبانی ئیف ئێم) و( رۆج ئاڤا ئیف ئیم) درێژە پێداوە، بەرپرسی سەنتەری راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل بووە، وتەبێژی راگەیاندنی (YPG) بووە، نوێنەری یەکینەکانی پاراستنی گەل بووە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەرپرسی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان بووە.

 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×