هاوپەیمانی فەتح داوا دەكات باڵیۆزی ئەمریكا بانگهێشت بكرێت و یاداشتێكی توندی بدرێتێ
  2019-04-27       1050       

هاوپەیمانی فەتح، داوا لەوەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكات ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد بانگهێشت بكات و یاداشتێكی توندی ناڕەزایەتی بداتێ، ئەوەش دوای ئەوەی باڵیۆزخانەكە رۆژی پێنجشەممەی رابردو راگەیەندراوێكی لەبارەی سەروەتی ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڵاوكردەوە.

ئاوێنە: باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا، ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردو له‌لاپه‌ڕه‌ی ره‌سمی خۆی له‌فه‌یسبوك رایگه‌یاندبو"گه‌نده‌ڵی سه‌رتاپای جومگه‌كانی رژێمی ئێرانی گرتۆته‌وه‌و بڵاوبونه‌وه‌شی له‌ لوتكه‌ی (ده‌سه‌ڵاته‌وه‌) ده‌ستی پێكردوه‌."

 

ئاشكراشیكردبه‌"سه‌روه‌تی ئایه‌توڵا عه‌لی خامه‌نه‌یی، رابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران به‌ته‌نها به‌ 200 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردبو"ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ زۆرێك له‌خه‌ڵكی به‌ده‌ست نه‌دارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ ئابورییه‌ زۆر خراپه‌ی له‌ئێران هه‌یه‌ له‌دوای 40 ساڵ له‌ حوكمڕانی مه‌لاكان."

لەسەر ئەو پۆستەی باڵیۆزخانەكە، هاوپەیمانی فەتح، كە لەلایەن هادی عامری-یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بەتوندی ئەوە رەتدەكەنەوە كە نوێنەرایەتییە دیپلۆماتییەكانی وڵاتانی لەعێراق، ببنە مایەی بێڕێزیی بەرامبەر بە هەر دەوڵەتێك یاخود بێڕێزیكردن بەو مەرجەعیەتە ئایینیانەی كە هاوڵاتیانی عێراق بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەن سوكایەتیان پێ بكرێت.

وتوشیەتی"ئەو كارە پێشێلكردنی نەریت و رێساكانی كاری دیپلۆماتییە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەوەی لە پێگەی رەسمی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە دەستدرێژییەكی گەورەیە بۆ سەر یەكێك لەو مەرجەعیەتە ئایینییانەی كە خاوەنی رێزە لای هاوڵاتیانی عێراق و دەستدرێژییەكی ئاشكرایەو قبوڵكراو نییە."

هاوپەیمانی فەتح داوای كردوە كە ئەو پۆستە بسڕدرێتەوەو هەروەها داواشی لە وەزارەتی دەرەوە كردوە بانگهێشتی جۆی هود، ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد بكات و یاداشتێكی توندی ناڕەزایەتی بداتێ.

جەختیشی كردۆتەوە كە گەلی عێراق لەچوارچێوەی یاسادا و لەڕێگەی كەناڵە سیاسی و دیپلۆماتی و چالاكییە جەماوەرییەكانەوە، وەڵامی بۆ ئەو "بێڕێزییە گەورەیە" دەبێت.

بەیاننامەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا پێشتر دەستی لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەرداوەو ئێستاش "ئەم بێڕێزییە" لە پێگەی رەسمی باڵیۆزخانەكە بڵاودەكاتەوە.

لەو روانگەیەوە بەیاننامەكە جۆی هود-ی تۆمەتبار كردوە بەوە كە "ئیرادەیەكی سەهیۆنی" لەپشتە بۆ پێشێلكردنی یاساو نەریتە دیپلۆماتییەكان و ئیستیفزازكردنی هەستی عێراقییەكان و ئاڵۆزكردنی پەیوەندییەكانی بەغداو واشنتۆن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×