زانكۆی سلێمانی دكتۆرای فەخری دەبەخشێتە مەزهەری خالقی
  2019-04-27       2153       

زانكۆی سلێمانی ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەوەی دكتۆرای فەخری ببەخشێتە هونەرمەندی ناوداری كورد، مەزهەری خالقی.

ئاوێنە: بەپێی سەرچاوەیەك لە زانكۆی سلێمانییەوە، زانكۆكە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ماوەیەكە سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ رێوڕەسمی بەخشینی دكتۆرای فەخری بە هونەرمەندی ناوداری كورد، مەزهەری خالقی.

بەگوێرەی زانیارییەكان لیژنەیەكی باڵا لە كۆلێژەكانی زانكۆكە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی زانكۆ دروستكراوە بەمەبەستی ئامادەكاریی بۆ رێوڕەسمی بەخشینی دكتۆرای فەخری بەو هونەرمەندەی كوردو لەو بارەیەشەوە قسە لەگەڵ مەزهەری خالقی كراوە.

سەرچاوەكەی زانكۆی سلێمانی بۆ ئاوێنە ئاماژەی بەوەدا كە لە ئێستادا بەشێكی زۆری ئامادەكارییەكان تەواو كراون.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەماوەی رابردودا زانكۆی سەڵاحەدین دكتۆرای فەخری بەخشی بە كۆچەر بیركار، پسپۆڕی بواری ماتماتیك كە هەڵگری خەڵاتی فیڵدز-ی بوارەكەیە كە بە خەڵاتی نۆبڵی بیركاری ناسراوە.

هەروەها زانكۆی كۆیە-ش دكتۆرای فەخری بەخشییە عەبدوڵا حەسەن زادە، نوسەرو ئەدیب و خەباتكاری رۆژهەڵاتی كوردستان و سكرتێری پێشوی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×