ویكیلیكس: له‌2006ه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا داوا ده‌كات هێزێكی‌ نیشتمانی‌ له‌پێشمه‌رگه‌ دروستبكرێت
  2019-04-29       1313       

 ئا: هاوكار حسێن


له‌ساڵی‌ 2006ه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌رپرسانی‌ باڵای‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیان له‌پێویستی‌ بونی‌ هێزێكی‌ به‌رگری‌ نیشتمانی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌، هاوكات هانی‌ هه‌ردو حزبه‌كه‌یان داوه‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخه‌نه‌وه‌و له‌ژێر یه‌ك فه‌رمانده‌ییدا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن.  


به‌پێی‌ دو به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ جیای‌ ویكیلیكس كه‌ له‌لایه‌ن باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غداوه‌ نوسراوه‌و ئاوێنه‌ ده‌قه‌كانی‌ كردوه‌ به‌كوردی‌، له‌ساڵی‌ 2006ه‌وه‌ به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان هانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیان داوه‌ كاربكه‌ن بۆ دروستكردنی‌ هێزێكی‌ نیشتمانی‌‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخه‌نه‌وه‌، پێشیانوابوه‌، "ئه‌م هه‌نگاوه‌ پێویستی‌ به‌رێوشوێنی‌ رێكوپێك‌و سیاسیی‌ هه‌یه‌".
له‌یه‌كێك له‌به‌ڵگه‌نامه‌كاندا جه‌لال تاڵه‌بانی‌‌و مه‌سعود بارزانی‌ ره‌زامه‌ندبون به‌و داوایه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و باسیان له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "له‌كۆتایی‌ مانگی‌ ئابی‌ 2006 به‌نیازن پلانێك پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر یه‌ك فه‌رمانده‌ییدا، هه‌روه‌ها وا له‌و هێزه‌ یه‌كگرتوه‌ بكه‌ن سه‌ربه‌خۆبێت له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌ردو حزب". به‌ڵام به‌پرسه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان گومانیان هه‌بوه‌ له‌هه‌نگاوێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌و ده‌ڵێن، "پێشمه‌رگه‌ له‌روی‌ رێكخستنه‌وه‌ یه‌كده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام كۆنترۆڵی‌ سیاسی پێده‌چێت له‌سه‌ر بنه‌مای‌ حزبی‌ بێت".
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كاندا هاتوه‌، "تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ داوای‌ یارمه‌تیان له‌باڵیۆز كرد بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و پلانه‌، له‌رێگه‌ی‌ راهێنانی‌ هێزه‌ یه‌كخراوه‌كه‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هێزێكی‌ پاسه‌وانی‌ نیشتمانی‌".

 
ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان:

ئای‌ دی‌: 06BAGHDAD3051
بابه‌ت: سه‌ركرده‌كانی‌ كورد تاووتوێی‌ پێشمه‌رگه‌‌و په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ باڵیۆز
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا
به‌روار: 22ی‌ ئابی‌ 2006
پۆلێن: نهێنی‌

پوخته‌:
له‌زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی‌ لاوه‌كیدا له‌مه‌راسیمی‌ (60)ه‌مین ساڵیادی‌ دامه‌زراندنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستاندا له‌هه‌ولێر، له‌رۆژی‌ 16ی‌ ئابی‌ 2006، باڵیۆزی‌ ئه‌مه‌ریكا باسی‌ پلانی‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كرد.
باڵیۆز قه‌سه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌جه‌لال تاڵه‌بانی‌‌و مه‌سعود بارزانی‌ كرد له‌باره‌ی‌ پێویستی‌ به‌ره‌وپێشچونی‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سه‌ر به‌یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان.   
تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ ره‌زامه‌ندبون‌و باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ له‌كۆتایی‌ مانگی‌ ئابی‌ ئه‌و ساڵه‌دا به‌نیازن پلانێك پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر یه‌ك فه‌رمانده‌ییدا، هه‌روه‌ها وا له‌و هێزه‌ یه‌كگرتوه‌ بكه‌ن سه‌ربه‌خۆبێت له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌ردو حزب. هه‌ردو لایان داوای‌ یارمه‌تیان له‌باڵیۆز كرد بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و پلانه‌، له‌رێگه‌ی‌ راهێنانی‌ هێزه‌ یه‌كخراوه‌كه‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ "هێزێكی‌ پاسه‌وانی‌ نیشتمانی‌".
تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كرد كه‌ باسی‌ ئه‌و پلانه‌یان نه‌كردوه‌ له‌لای‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌‌و قسه‌شیان له‌سه‌ر ژماره‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ نه‌كردوه‌. سه‌ركرده‌ كورده‌كان سه‌ره‌تا پێشنیازی‌ 70 هه‌زار پێشمه‌رگه‌یان كرد كه‌ پێویسته‌، به‌ڵام باڵیۆز پێیوابو ئه‌و ژماره‌یه‌ زۆره‌ بۆ هێزێكی‌ به‌رگری‌ هه‌رێمی‌ كه‌ بخرێته‌ چوارچێوه‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ سوپای نیشتمانی‌.
 
 
ئای‌ دی‌: 07BAGHDAD2242
بابه‌ت: یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا
به‌روار: 6ی‌ ته‌مموزی‌ 2007
پۆلێن: زۆر نهێنی‌

پوخته‌:
بڕیاره‌ تا كۆتایی‌ ساڵی‌ 2007، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان یه‌كبخرێنه‌وه‌ (تێبینی‌: یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا پابه‌ندبون به‌وه‌ی‌ ئه‌م یه‌كخستنه‌وه‌یه‌ تا كۆتایی‌ ساڵی‌ 2006 ته‌واوببێت). ئه‌م هه‌نگاوه‌ پێویستی‌ به‌رێوشوێنی‌ رێكوپێك‌و سیاسیی‌ هه‌یه‌. ئه‌م هێزه‌ یه‌كخراوه‌ سه‌ره‌تا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بڵاوه‌ی‌ پێده‌كرێت، پاشان له‌سه‌ر داوای‌ سه‌رۆك وه‌زیران‌و ره‌زامه‌ندی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌شوێنه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ وڵات جێگیر ده‌كرێن. پێكهاته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ نوێ گوزارشت له‌هه‌ردو حزبه‌ سیاسیه‌ باڵاده‌سته‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و هه‌ر هێزێكی‌ دیكه‌ش كه‌ تێكه‌ڵ به‌پێشمه‌رگه‌ بكرێت، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ناحزبی‌ ده‌بێت. پێشمه‌رگه‌ له‌روی‌ رێكخستنه‌وه‌ یه‌كده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام كۆنترۆڵی‌ سیاسی پێده‌چێت له‌سه‌ر بنه‌مای‌ حزبی‌ بێت. 

پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌
رۆژی‌ 22ی‌ ئایاری‌ 2007، تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌سلێمانی‌ سه‌ردانی‌ مسته‌فای‌ سه‌ید قادر، جێگری‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ كرد. سه‌ید قادر باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ ژماره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نزیكه‌ی‌ 50 هه‌زار سه‌ربازو 20 لیوا ده‌بێت. ژماره‌ی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ پارتیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێت. به‌ڵام له‌چه‌ند مانگی‌ رابردودا به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌حكومه‌تی‌ عێراقیان راگه‌یاندوه‌ كه‌ تێكڕای‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ 190 هه‌زار كه‌س ده‌بێت. به‌خه‌مڵاندنی‌ ناوبراو، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ تا كۆتایی‌ 2007، یه‌كده‌خرێنه‌وه‌.

پێكهاته‌ی‌ فه‌رمانده‌یی‌
سه‌ید قادر وتیشی‌، پێكهاته‌ی‌ فه‌رمانده‌یی‌ ئه‌و هێزه‌ یه‌كخراوه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ پێكدێت له‌هه‌ریه‌ك له‌سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك فه‌رمانده‌ی‌ گشتیی‌‌و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم وه‌ك جێگری‌ فه‌رمانده‌. هه‌روه‌ها لیژنه‌یه‌كیش پێكدێت له‌هه‌ریه‌ك له‌وه‌زیرانی‌ ناوخۆی‌ ئێستای‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و جێگره‌كانیان‌و یه‌ك ئه‌فسه‌ری‌ پله‌ باڵا له‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌. هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی‌ دیكه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ناوخۆو به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كانی‌ ده‌زگای‌ ئاسایشیش به‌شدار ده‌بن تێیدا.

كۆمێنت:
 یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ گرنگ ده‌بێت له‌مساڵدا وه‌ك به‌شێك له‌به‌هێزبونی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌بونی‌ هێزێك كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستوردا یه‌كده‌گرێته‌وه‌. به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ئاشكرا پابه‌ندبونی‌ خۆیان راگه‌یاندوه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌‌و رێككه‌وتننامه‌یان ئیمزاكردوه‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ هێزێكی‌ نیشتمانی‌. هاوكات ئه‌م یه‌كخستنه‌وه‌یه‌ به‌واتای‌ هه‌ماهه‌نگیه‌كی‌ سیاسیی‌ گرنگ له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌‌و پارتیه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیان به‌دژایه‌تی‌، گومان‌و ململانێ‌ ده‌وره‌دراوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×