ویكیلیكس: ئێران ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر ره‌وانه‌ی‌ سلێمانی‌ ده‌كات‌
  2019-05-01       1792       

ئا: هاوکار حسێن

 

ئێران چاوپۆشی‌ ده‌كات له‌وه‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌شێوه‌ی‌ قاچاغ له‌خاكه‌كه‌یه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ سلێمانی‌ ده‌كرێت‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك، یه‌كێتی‌ رێگه‌ده‌دات به‌قاچاغبردنی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ له‌سلێمانیه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ كوردیه‌كانی‌ ئێران.  

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌، كه‌ پێگه‌ی‌ ره‌سمی‌ ویكیلیكس بڵاویكردوه‌ته‌وه‌و وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتوه‌، ئێران له‌رێگه‌ی‌ ره‌وانه‌كردنی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، فشاری‌ خستوه‌ته‌ سه‌ر ئیداره‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا یه‌كێتی‌ چاوپۆشی‌ كردوه‌ له‌و چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نیه‌ی‌ له‌سنوره‌كانیه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ ئێران ده‌كرێت.
ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن دیپلۆماتكاره‌ ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ نوسراوه‌و ره‌وانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ واشنتۆن كراوه‌، مێژوه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 2007، كاتێك له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتی‌، رایگه‌یاندوه‌، "ئێران به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له‌رێگه‌ی‌ سنوره‌كانه‌وه‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر ره‌وانه‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی‌ هاندانی‌ گه‌نجانی‌ كوردی‌ بێكار تا په‌ناببه‌نه‌ به‌ر به‌كارهێنانی‌ ئه‌و مادانه‌". 
له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌شدا باڤێڵ تاڵه‌بانی‌ كوڕه‌ گه‌وره‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ ئاماده‌بوه‌و به‌هه‌مانشێوه‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر وته‌كانی‌ باوكی‌ كردوه‌ته‌وه‌و وتویه‌تی‌، "ئه‌وه‌ ستراتیژی‌ ئێرانیه‌كانه‌ بۆ تێكدانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان".        
له‌باره‌ی‌ به‌قاچاغبردنی‌ چه‌ك له‌سلێمانیه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی‌ ئێران، تاڵه‌بانی‌ رایگه‌یاندوه‌، "ئێمه‌ نامانه‌وێت رێگه‌ له‌و قاچاغچێتیه‌ بگرین، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كوردانی‌ ئێران پێویستیان به‌چه‌كه‌". 
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا، تاڵه‌بانی‌ به‌تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكای‌ راگه‌یاندوه‌ كه‌ "ئێرانیه‌كان 3 ئه‌ندامی‌ رێكخراوی‌ تیرۆیستی‌ ئه‌نسار سوننه‌یان زیندانیكردوه‌ كه‌ به‌رپرسن له‌ته‌قینه‌وه‌كانی‌ ساڵی‌ 2004 له‌هه‌ولێر‌و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ یه‌كێتی‌ كوژران".
به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ ناو به‌ڵگه‌نامه‌كه‌، ناوه‌رۆكی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ تایبه‌ت بوه‌ به‌وه‌ی‌ بریتی بوه‌ له‌وه‌ی‌ ئێران ئه‌و 3 ئه‌ندامه‌ی‌ ئه‌نسار سوننه‌ راده‌ستی‌ به‌رپرسانی‌ ئیداره‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بكاته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی‌ مانگانه‌ بڕی‌ 1.2 ملیۆن لیتر سوته‌مه‌نی‌ له‌ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بكات.

ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنیه‌كه‌ی‌ ویكیلیكس 

ئای‌: دی‌: 07BAGHDAD161
بابه‌ت: سه‌رۆكی‌ عێراق چاوی‌ ده‌كه‌وێت به‌راوێژكارانی‌ ئه‌منیی‌ ئێران
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌به‌غدا
به‌روار: 16ی‌ كانونی‌ دوه‌می‌ 2007
پۆلێن: نهێنی‌

پوخته‌:
 سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق‌و سكرتێری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، جه‌لال تاڵه‌بانی‌ به‌تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ ئه‌مریكا له‌هه‌ولێری‌ راگه‌یاندوه‌، رێككه‌وتنێكی‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌منیی‌ ئێران ئه‌نجامداوه‌ بۆ هاورده‌كردنی‌ سوته‌مه‌نی‌ له‌ئێران، له‌به‌رامبه‌ردا ئێران 3 ئه‌ندامی‌ ئه‌نسار سوننه‌  كه‌ ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ باره‌گاكانی‌ یه‌كێتی‌ له‌ساڵی‌ 2004، راده‌ستی‌ به‌رپرسانی‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ بكاته‌وه‌. تاڵه‌بانی‌ باسی‌ له‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌و نایه‌وێت رێگه‌ له‌به‌قاچاغبردنی‌ چه‌ك بگرێت له‌سلێمانیه‌وه‌ بۆ ئێران، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كوردانی‌ ئێران پێویستیان به‌چه‌كه‌.

تاڵه‌بانی‌ له‌گه‌ڵ راوێژكارانی‌ ئه‌منیی‌ ئێران كۆده‌بێته‌وه‌  
 له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ ئه‌مریكا له‌باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ یه‌كێتی‌ له‌سلێمانی‌ له‌رۆژی‌ 11ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2007، سه‌رۆكی‌ عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی‌ ته‌ئكیدی‌ له‌و راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیانه‌ كرده‌وه‌ كه‌ رۆژێك پێشتر له‌سلێمانی‌ چاویكه‌وتوه‌ به‌وه‌فدێكی‌ ئێران به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ئێران. (تاڵه‌بانی‌ راپۆرتێكی‌ خسته‌ڕو له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئێران كه‌ تێیدا هه‌ردولا چۆنیه‌تی‌ پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیی‌‌و ئابوریه‌كانی‌ نێوان ئێران‌و عێراقیان تاوتوێكردوه‌و تاڵه‌بانی‌ هیوای خواستوه‌ ئێران رۆڵی‌ هه‌بێت له‌به‌ره‌وپێشبردنی‌ عێراقدا).     
تاڵه‌بانی‌ به‌تیمی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكای‌ راگه‌یاندوه‌، ئێرانیه‌كان 3 ئه‌ندامی‌ رێكخراوی‌ تیرۆیستی‌ ئه‌نسار سوننه‌یان زیندانیكردوه‌ كه‌ به‌رپرسن له‌ته‌قینه‌وه‌كانی‌ ساڵی‌ 2004 له‌هه‌ولێر‌و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ یه‌كێتی‌ كوژران. تاڵه‌بانی‌ وتی‌، به‌رپرسه‌ ئێرانیه‌كان په‌یمانیاندا ئه‌و سێ‌ كه‌سه‌ راده‌ستی‌ به‌رپرسانی‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ بكه‌نه‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێكدا‌و به‌ڵێنیاندا به‌رده‌وامبن له‌لێكۆڵینه‌وه‌و ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نسار سوننه‌. تاڵه‌بانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌نسار سوننه‌ هیچ ئاماده‌ییه‌كیان نیه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌ له‌سلێمانی‌. (تێبینی‌: رۆژی‌ 7ی‌ هه‌مان مانگ، جێگری‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌، جوتیار نوری‌ به‌رێكخه‌ری‌ هه‌رێمی‌ ئه‌مریكای‌ راگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نسار سوننه‌ له‌سلێمانی‌ بونیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا توانای‌ دروستكردنی‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ ئه‌منییان نیه‌).
تاڵه‌بانی‌ وتی‌، رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ وه‌فده‌كه‌ی‌ ئێراندا ئه‌نجامدراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌م زستانه‌دا مانگانه‌ بڕی‌ 1.2 ملیۆن لیتر سوته‌مه‌نی‌ له‌ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بكه‌ن. (تێبینی‌: به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتی‌ باسی‌ له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ پێویسته‌ یه‌كێتی‌ خۆی‌ به‌دوربگرێت له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌منیه‌ی‌ رۆژی‌ 11ی‌ كانونی‌ دوه‌م له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانانه‌وه‌ كرایه‌سه‌ر باره‌گای‌ ئێران له‌هه‌ولێر، به‌تایبه‌تی‌ بۆ پاراستنی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سوته‌مه‌نیه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یانه‌). 

قاچاغچێتی‌ له‌رێگه‌ی‌ سنوره‌كانی‌ ئێرانه‌وه‌
كاتێك پرسیاری‌ له‌باره‌ی‌ قاچاغچێتی‌ لێكرا له‌سنوره‌كانه‌وه‌، تاڵه‌بانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ چه‌ك له‌سلێمانیه‌وه‌ به‌قاچاغ ده‌برێت بۆ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی‌ ئێران. ناوبراو وتی‌، "ئێمه‌ نامانه‌وێت رێگه‌ له‌و قاچاغچێتیه‌ بگرین، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كوردانی‌ ئێران پێویستیان به‌چه‌كه‌". باڤێڵ تاڵه‌بانی‌، كه‌ كوڕی‌ تاڵه‌بانی‌‌و به‌رپرسێكی‌ ده‌زگای‌ دژه‌تیرۆره‌، ئاماده‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بو باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ نزیكه‌ی‌ 7.62 ملم ته‌قه‌مه‌نی‌‌و چه‌ك له‌ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ی‌ سلێمانی‌ ده‌كرێت، به‌ڵام به‌شی‌ زۆری‌ قاچاغچێتی‌ چه‌ك به‌ئاراسته‌ی‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌. 
هه‌روه‌ها جه‌لال تاڵه‌بانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ ئێران به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له‌رێگه‌ی‌ سنوره‌كانه‌وه‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر ره‌وانه‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی‌ هاندانی‌ گه‌نجانی‌ كوردی‌ بێكار تا په‌ناببه‌نه‌ به‌ر به‌كارهێنانی‌ ئه‌و مادانه‌. باڤێڵ-یش ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وه‌ ستراتیژی‌ ئێرانیه‌كانه‌ بۆ تێكدانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.  

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×