"ڕۆژنامەنوسان لەگەڵ تاوانباراندا لەیەک دادگادا دادگایی دەکرێن" ڕەوشی ڕۆژنامەگه‌ری هەرێمی کوردستان
  2019-05-03       641       

ئا: ژیار محه‌مه‌د



ئه‌مڕۆ 3/5/2019 ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌، بێگومان ئازادی ڕاگەیاندن گرنگە لە بەهێزکردنی کۆمەڵگاکان و ئازادی ڕاگەیاندن گرنگە لە لای دەنگی ئەمەریکا کە بۆ ماوەی 75 ساڵە ئامانجی گەیاندنی دەنگ‌وباس و زانیاری بووە بە شێوەیەکی بێلایەنانە و ڕاستگۆیانە بۆ ئەو خەڵکانەی کە هێچ ڕێگای دیکەیان نیـیە بۆ بەدەستهێنانی هەواڵ و زانیاریـیەکان.


داگ جانسن سەرنووسەری ئازادییەکانی ڕاگەیاندن لە بەشی دەنگ‌وباسەکانی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت،" لێرە لە ئەمەریکا ، ئیمە دەڵێـین بە رێکەوت نیـیە ئازادی ڕاگەیاندن یەکەم بەندی دەستوری ئەمەریکایە، چونکە تا ئەو کاتەی ڕاگەیاندنی ئازادت نەبێت، ناتوانیت کومەڵگایەکی ئازادت هەبێت. ئێوە دەبینن لە سەرانسەری جیهان کاتێک حکومەتەکان تووشی گرفت بوونە یانیش کارێک دەکەن کە خەڵکەک پێی رازی نین، کاتێک کودەتا دەکرێت، یانیش هەڵبژاردنەکان دەکەونە ژێر پرسیار، ئەوە ئەو کاتانەیە ئازادی ڕاگەیاندن کۆت و بەند دەکرێن لەبەر ئەوەی دەستەڵاتداران دەزانن زانیاری دەستەڵاتە. و ئەگەر خەڵک دەسەڵاتی زۆریان هەبێت، دەتوانن هاوسەنگی دەستەڵاتی رێبەرانیان بکەن (ئەوانیش بە رادەی بەڕێوبەران دەستەڵاتیان هەبێت.


دەنگی ئەمەریکا دەنگی دەگاتە هه‌ندێک لە داخراوترین وڵاتانی جیهان و مایەی سەرسوڕمانە کە تەنیا لە سەدا سیازدەی خەڵکی سەرانسەری جیهان لەو وڵاتانەدا دەژین کە ڕاگەیاندنی ئازادیان هەیە.


له‌م ڕاپۆرته‌دا كه‌ ماوه‌ی ئاماده‌كردنه‌كه‌ی زیاتر بووه‌ له‌ حه‌وت مانگ، ڕۆژنامه‌نوسی ده‌نگی ئه‌مریكا (ژیار محه‌مه‌د) هه‌وڵی داوه‌ وێنایه‌كی ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ری هه‌رێمی كوردستان بخاته‌ڕوو، وێنه‌كه‌ گرفته‌كان و هۆكاره‌كان و پاشان چاره‌سه‌ره‌كان، به‌هه‌موو ئاڕاسته‌ و بیركردنه‌وه‌ جیاوازه‌كانه‌، جگه‌ له‌گرفتی ڕۆژنامه‌وانان كه‌ده‌ڵێن لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم پێشێلكاریییان به‌رامبه‌ر ده‌كه‌ن به‌ڵام لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش له‌مه‌ به‌ده‌رنین هه‌ربه‌وته‌ی ئه‌وانه‌ی هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر و له‌م ڕاپۆرته‌دا قسه‌یان كردووه‌"

 

ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌هه‌رێمی كوردستان
لە ساڵی 1991 وە پاش ڕاپەڕینی شارەکانی عێراق، سێ شارەکەی هەرێمی کوردستان هەولێر، دهۆک و سلێمانی کەوتنە دەست کوردەکان، لەلایەن حیزبە کوردییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، کە حکومەتی هەرێمیان پێکهێناوە، لە هەرێمەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە میدیا بەهەموو جۆرەکانییەوە هەیە. دەربارەی تێڕوانین لەسەر ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەناو خودی ڕۆژنامەوانان جیاوازن. کەواتە سەرەڕای باسکردن و ڕێگەدان بە ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی لەیاساکاندا، دەپرسین ڕەوشەکە ئەمساڵ چۆنە؟ لەکاتێکدا ژمارەی پێشێلکارییەکان بەجۆرەکانیشەوە بەپێی ئامارەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2017 بەبەراورد بەساڵی 2016 دوو هێندە زیادیکردووە.
هەرێمی کوردستان بەردەوام هاوشێەوەی عێراق یاخود جیانەکراوە لەعێراق لەڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکانی هاوشێوەی ڕاپۆرتی( چاودێری مافەکانی مرۆڤ، پەیامنێرانی بێسنور، هەروەها ڕاپۆرتی سی پی جی)دا ناوی دەبرێت بەناوچەیەک کە پێشێلکاری ڕۆژنامەوانی هاوشێوەی عێراق تیایدا ئەنجام دەدرێت.
حاکم ئازاد نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوسانی هه‌رێمی كوردستان سەربارەت بە هۆکاری جیا نەکردنەوەی ناوی هەرێم لەو ڕاپۆرتانە لەگەڵ عێراق دەڵێت "لەڕووی نەزعەی شۆڤێنییە هەمیشە ویستراوە پێشێلکارییەکانی عێراق بەکوردستانیشەوە بلکێنن هەمیشە لەو عوقدەیەی دەسەڵاتدارانی عێراق ەوە هاتووە ئەگەر نا ڕەوشی ڕۆژنامەنوسی لە کوردستان زۆر جیاوازە لەعێراق. بەسەدان کەیس یەکلایی کراونەتەوە، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین زۆربەی ڕۆژنامەنوسانیش لەڕووی پڕۆفیشناڵیەوە کەموکوڕییان هەبووە، هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن."

بەڵام ڕۆژنامەنوس ئاسۆس هەردی بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاوێنە کە ڕۆژی 29/8/2011 لەدرەنگانێکی ئێوارەدا لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە هێرش کرایە سەری و خڵتانی خوێن کرا، ڕای تەواو پێچەوانەی هەیە و دەڵێت"من لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیم، لەبەر هۆیەکی زۆر سادە: ئەوەی ساڵانە کوردستان دەخاتە لیستی ڕەشی ئازادی ڕادەربڕینەوە، ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە جێ متمانانەن کە لەسەرتاسەری جیهاندا چاودێریی ئازادییەکان‌و پێشێلکارییەکان دەکەن‌و راپۆرتی تایبەتیش لەسەر کوردستان بڵاودەکەنەوە، نەک دەسەڵادارانی عێراق. ئەم جۆرە لێکدانەوەیە هیچ خزمەتێک بە داکۆکی کردن لەئازادییەکان ناکات، چونکە لەبری ئەوەی دان بە پێشێلکارییەکاندا بنێت‌و لێرەشەوە هەوڵی بنبڕکردنیان بدات، نکۆڵییان لێدەکات‌و بە پڕۆپاگەندی "نەزعەی شۆڤێنیی دەسەڵاتدارانی عێراق لەقەڵەمیان دەدات‌. بەمەش ڕێگە بۆ بەردەوامیی ئەو پێشێلکارییانە خۆش دەکات."
سەبارەت بە ڕۆڵی پۆلیس و دادگا لە دەستگیرکردنی هێرشکارانی سەر ڕۆژنامەنوسان ئاسۆس دەڵێت " ئەرکی دامودەزگا دادوەری‌ و ئەمنییەکان پاراستنی یاسا و ماف ‌و ئازادییەکانی هاوڵاتیانە. هەرکاتێکیش دەستدرێژی کرایە سەر ئەمانە، ئەرکیانە بەدوای تاوانەکاندا بچن‌و تاوانباران تەسلیمی دەزگا دادوەرییەکان بکەن بۆ لێپێچینەوەو بەسزا گەیاندنیان. بەڵام ئایا لە کوردستاندا ئەمە ڕوودەدات؟ ڕۆژانەو بەتایبەت لەکاتی گرژی‌و ئاڵۆزییەکاندا دەبینین بەبەرچاوی کامێراکانەوە هێزە ئەمنییەکان یان خەڵکێک بە جلی مەدەنییەوە بەدەر لە یاسا هێرش دەکەنە سەر خەڵک‌ و ڕۆژنامەنووسان‌ . زۆر بەدەگمەن نەبێت، لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە ناکرێت. بگرە زۆر جار ڕوویداوە دادگا نەیوێراوە سکاڵای ستەملێکراویش وەرگرێت! ئەگەر سکاڵایش وەربگیرێت، دادگا ناتوانێت ڕاستەوخۆ کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان راپێچی لێکۆڵینەوە بکات، چونکە بەپێی رێنماییەکانی حکومەت، ئەمە پێویستی بە ڕەزامەندیی "مەرجەع"ەکەیان هەیەو ئەو ڕەزامەندییەش زۆر بە زەحمەت دەدرێت. تەنانەت ئەگەر ڕەزامەندیش وەرگیرێت، هێشتا ئامادەبوونی تۆمەتباران لەبەردەم دادگادا مسۆگەر نییە. دەیان "حیلەی شەرعی" بۆ خۆدزینەوە هەیە. من بۆخۆم سکاڵایەکم هەیە، ماوی چەند ساڵێکە تۆمەتبار خۆی لەدادگا دەدزێتەوەو تا ئێستاش ئامادە نەبووە بێتە بەردەمی دادوەر، دادگایش ئەو دەسەڵاتەی نەبووە ناچاری بکات."

فرمان حەسەن پارێزەر و ڕۆژنامەنوس دەڵێت " بە بڕوای من ئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی و خودی ڕۆژنامەنوس لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان لە خراپترین دۆخی خۆیدایە و بەراورد بە پێشوو پاشەکشەی کردووە. بەشێکی پەیوەندی بە دۆخی گشتی ئازادییەوە هەیە، کە لە هەرێم پاشەکشەی کردووەو لەناو ئەوەش ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی زۆرتر هاتووەتەوە دواوه".

بۆ خودی د.فرسەت سۆفی خراپی ڕەوشی ڕۆژنامەوانان لە هەرێم بەتەنها پەیوەندی بەدەسەڵاتی سیاسیەوە نییە، بەڵکو وەک ئەو دەڵێت "بەگشتی ئازادی ڕۆژنامەوانی لە کوردستاندا هەیە ڕاستە کەموکووری هەیە بەڵام ئێمە لەقەیرانێکی ڕاستەقینەی میدیایداین، بۆیە پێویستە میدیا بەخۆیدا بچێتەوە چونکە کەمترین متمانە لەنێوان هاووڵاتی و میدیا ماوەتەوە."

هەروەها کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان پێشێلکارییەکان بە دوو لایەنە دەبینێت و دەڵێت "هۆکاری دوولایەنەیە، لەلایەک هێزەکانی پۆلیس و جێبەجێ نەکردنی یاساکانی ڕۆژنامەگەریی، لەلایەکی تریشەوە هەندێک لە میدیاکاران کە شارەزای بواری یاسایی نین و پەنا بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبەن لەبری کەناڵە ڕەسمیەکان، هەندێک کێشەش هەن لەمیدیاوە بە سیاسی دەکرێن لەبەر خاترو خۆتر و بیرمان نەچێت بەلارێدا بردن و گەورەکردنیش بۆ هەندێک کێشە هەیە لەم دەڤەرەوە بۆ سەر ئەو دەڤەر."

بەڵام ئاسۆس هەردی کە یەکێکە لە ڕۆژنامەوانە ناسراوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایەکی تەواو پێچەوانەی هەیە " پێم وایە لە کوردستاندا پەراوێزێکی بچووک بۆ ئازادیی ڕادەردەربڕین هەیە، بەڵام ئەم پەراوێزە پارێزراو نییە و بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە. کاتێکیش هەڕەشەی دەکرێتەسەر، هیچ دامودەزگایەکی یاسایی چالاک بوونی نییە داکۆکی لێبکات‌."
دۆخی ڕۆژنامەگەری لە هەرێم گەیشتۆتە ئاستێک کە جگە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بەدۆخێکی مەترسیداری دەبینن بۆ گیانی ڕۆژنامەوانی تەنانەت کاروان ئەنوەر کە خۆی جگە لەوەی سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمە، هاوکات کادیری یەکێتی و سەرنوسەری سایتی پیوکەی میدیا زمانحاڵی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشە کە یەکێکە لەحیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، لە کاتی تیرۆرکردنی یەکێک لەڕۆژنامەنوسەکان لەوتووێژێکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو" ژیانی هیچ ڕۆژنامەنوسێک لە هەرێمی کوردستان پارێزراو نییە بە هی منیشەوە."

دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی، بەم جۆرە باس لە دۆخەکە دەکات و دەڵێت" ڕەوشی ڕۆژنامەگەریی لەھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا لە ڕووی کواڵیتییەوە لەوپەڕی خراپیدایە، چونکە سیاسەتی ڕاگەیاندنی چاپکراو، پەخشکراو و ئەلکترۆنیی لەدەست میدیاکاری پیشەوەردا نەماوە. ئێستا حزبەکان و دەزگا سیخوڕییەکان و بەرپرسەکانیان پلان و پرۆگرام و پرۆژەکانیان لە ڕێی میدیاوە جێبەجێ دەکەن. ئەوەی لە «پەیامە ڕۆژنامەوانییەکان»یانەوە دەخوێنرێتەوە؛ دەربڕی گرێی دەروونیی و کارنامەی ئایدۆلۆژیای خاوەن و نانپێدەری کەناڵەکانە. ھۆکارێکی دیکەی خراپییەکەی بۆ نەبوونی ڕێکخستنێکی یاسایی دیموکرات و ھاوچەرخ دەگەدێتەوە، ھاوشان لەگەڵ پابەندنەبوون بە ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن و پێشلکردنیان لەلایەن کرێکارانی ڕاگەیاندنەوە. دەڵێم کرێکار، چونکە ژمارەی ئەوانەی وەک ڕۆژنامەوانێکی پیشەوەر کاردەکەن زۆر کەم و دەگمەنن. بەکورتی؛ ئێستا کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی ھێندەی راوە دۆلار و ئیش بەڕێکردنە، نیوھێندە لەخەمی بەرژەوەندیی گشتییدا نین."

جەلال شێخ کەریم بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" دۆخی ڕۆژنامەگەری لە هەرێم زۆر ئازادە بەپێی یاسای ڕۆژنامەوانی ئەو ئازادیە دراوە بەڕۆژنامەوانان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیکای ڕۆژنامەنوسان و وەزارەتی ڕۆشنبیری مۆڵەتی کارکردنیان داوە بەهەموو دەزگایەکی ڕاگەیاندن بەلایەنە جیاوازەکانەوە، ئەگەر گرفتێکیش هەبوو ئەوا دادگاکان یەکلایی دەکەنەوە نەک وەزارەتی ناوخۆ."

پاش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە، گۆڕانکاری لە بڕ و کاتی پێدانی موچەی فەرمامنبەرانی هەرێم، دۆخێکی سەختی دارایی بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرت. لەو چوارچێەوەیەشدا میدیا ئەهلیەکان لە هەرێم دووچاری گرفت بوونەوە، ئەمەش وای کرد داخستن و ڕاگرتنی دیارترین میدیای ئەهلی (ڕۆژنامەی نوسراو)) ی لێبکەوێتەوە کە ڕۆژنامەی ئاوێنە بوو، بەڵام ماڵپەڕەکەی بەردەوامە.

محەمەد حه‌سه‌ن ئەمینی یەکێک لە ڕۆژنامەوانە دیارەکانی ڕادیۆ نه‌وا باس لە ڕەوشی دارایی و فراوانبوونی میدیای سێبەری حزب و سەرکردە سیاسییەکان دەکات. ئەو دەڵێت " هاتنە پێشەوەی ژمارەیەکی زۆر میدیای خوێنراو، بینراو و بیسراوی سێبەری حزبی، کە نەک هەر پاڵپشتی فراوانی مادی حزب و سەرکردەکانیان هەیە، لە ڕووی مەعنەویشەوە بە ڕێگەی پاوانکردنی سەرچاوەکانی زانیاری بە ئامانجی ئاراستەکردنی بەردەنگەکان بۆ لایان و زۆرجار بێ بەشکردنی میدیای سەربەخۆ لە لێدوان و پێدانی زانیاری، تەنگیان بەو میدیایانە هەڵچنیوە. هەروەها بوونی دەرفەتێکی باشتر و لەبارتری کار و بژێوی لای میدیای سێبەر بە تایبەت لە ڕووی موچە و هەلومەرجی کارەوە، وایکردەوە ڕۆژنامەنوسی دەزگا سەربەخۆکان بەرو دەزگا سێبەرەکان کەمەندکێش بکرێن، بەواتایەکی تر ئەمەش یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ژمارەی دەزگا سەربەخۆکان یان کەمبوونەوەی کاریگەریان.".

دکتۆر فرسەت سۆفیش هەمان بۆچون بەدروست دەزانێت و ئەو دەڵێت" بەداخەوە میدیا لە هەرێم سەرەڕای ئەوەی خۆی لەقەیراندایە، زۆر جار نەک حیزبەکان بەڵکو بچوکتر لەحیزبەکان مامەڵەیان پێوە دەکەن، بۆ تەسفیەی سیاسی و حیزبی بەکاریدەهێنن وایکردووە میدیا و ڕۆژنامەنوس لای خەڵک متمانەی کەمبێتەوە."

حاکم ئومێد موحسین وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی دادوەری باس لەدۆخی ڕۆژنامەوانان لەڕووی دادگاکانەوە دەکات و دەڵێت" دۆخی ڕۆژنامەنوسان سەبارەت بەدادگان دوو بەشە، بەشی یەکەمیان ئەو سکاڵایانەیە کەلەسەر ڕۆژنامەنوسان تۆمار دەکرێت، بەداخەوە بەدان پێدانانی، سەندیکای ڕۆژنامەنوسان بەهۆی نەشارەزایی یاسایی ڕۆژنامەنوسان یا دەرچون لە ئەرکی خۆیان لە 98%ی ئەم کەیسانە ڕۆژنامەنوسان دەیدۆڕێنن لەدادگاکان. دیوەکەی تری: کوشتنی ڕۆژنامەنوسانە، کە بەداخەوە ڕۆژنامەنوسانی هەرێم قوربانین لەم کەیسانەدا، بکوژانی ئەوانە نادۆزرێنەوە، بەداخەوە چەندین کەیس بەکراوەیی ماونەتەوە کەبکوژەکانیان دەستگیرنەکراون یا ئەوانەی پێشێلکارییان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان کردووە یا ڕۆژنامەنوسیان کوشتووە بکەرەکانیان نادیار بوون یا نەدۆزراونەتەوە."

جگە لە هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەوانان و کوشتنیان، لەکاتی ململانێ سیاسیەکان و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەتایبەت فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێمەکە بەهۆی پێنەدانی موچەەوە چەند جارێک کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەشاری هەولێر و سلێمانی ڕووبەڕووی داخستن بونەتەوە. ساڵی ڕابردوتر لە سنوری پارێزگای هەولێر ئۆفیسی هەردوو کەناڵی" ئێن ئاڕتی و کەی ئێن ئێن داخران" و ڕۆژنامەنوسەکانیان لەشارەکە دەرکران. هەروەها لەسنوری پارێزگای سلێمانیش چەندین ‌‌حاڵەتی لەو جۆرە هەبووە، وەک هێرشکردنە سەر ئۆفیسی ڕۆژنامەی هاوڵاتی و گۆڤاری لڤین لەساڵەکانی 2011.

کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەوەی کێ ڕێگەی داوە بەداخستن و هێرشکردنە سەر دامودزگاکانی ڕاگەیاندن دەڵێت" لەیاسای ڕۆژنامەگەریدا داخستنی کەناڵ نییە، جا وەرە سنوورداش کردن و ناردنەوەی ڕۆژنامەنووس بۆ ماڵەوە، ئەمە ڕێگا پێدراو نییە، بەڵام لە ڕێنماییەکانی ڕێکخستنی فریکوانسی سپەیس کە وەزارەتی ڕۆشنبیری دەریچاندوە لەهەندێک بڕگەدا وەک سزا باس لە داخستنی کەناڵ کراوە." (هەر ئەوکات دەنگی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە)

 


ڕەوشی خانمانی ڕۆژنامەنوس

لە کاتێکدا کاری ڕۆژنامەگەری بۆ پیاوان لە هەرێمی کوردستان ئاستەنگێکی زۆری هەیە، ئەمە بۆ ژنان دوو هێندە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ژنان لە ژێر فشاری کۆمەڵگەشدان.
هاوڕاز ئەحمەد خانمە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی ڕێگا، باس لەدۆخی خانمە ڕۆژنامەنوسەکان دەکات و دەڵێت" لەم ساڵانەی دوایدا خۆشبەختانە چەند ئافرەتێک هاتونەتە مەیدان و دەستیان بە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە ئەگەرچی دۆخەکە بۆ پیاوان ئاڵۆزە چ جای بۆ ژنان هێشتا کاری ڕۆژنامەوانی بۆ ژنان لە کومەڵگای کوردیدا نامۆیە بۆیە زۆرجار کاتێک بۆ کار دەڕۆینە دەرەوە ڕووبەڕووی چەندین توانج و قسە و قسەڵۆک دەبینەوە، بەڵام هیچ لەمانە ژنانی نەوەستاندووە بەڵکو بەکاری جوان وەڵامی ئەو بەرهەڵستکارییانە دراوەتەوە."
دەربارەی ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم خانمانی ڕۆژنامەنوس لە هەرێمی کوردستان، هاوڕاز وتی" ئەو بەربەستانەی دێنە پێش بۆ ژنانی ڕۆژنامەنوس زۆرن، کە زیاترینیان خۆی لە پێنەدانی زانیاری، چاوسورکردنەوە و هەڕەشەلێکردن، زۆرجاریش هەوڵی لەکەدارکردنی ڕۆژنامەنوسانی ژن دەدرێت لەلایەن خودی بەرپرسانەوە."

 


هۆکارەکانی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەوانان ، "جۆرێکی نوێ لەپێشێلکاری"

بەبڕوای د.فرسەت سۆفی هۆکارەکانی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان دوو لایەنەیە، ئەو دەڵێت" ئێمە لەسەر ئاستی یاسایی کێشەمان بەوجۆرە نییە هێندی کێشەمان لەلایەنی جێبەجێکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ کاری میدیایدا هەیە، ئەمەش دوو بەشە، بەشی یەکەمیان پێنەگەیشتوویی و مامەڵەی دەسەڵاتی سیاسی، بەشەکەی تریش پەیوەندی بەخودی میدیاکارانەوە هەیە کە لەوێشدا پێنەگەیشتووی هەیە بەجۆرێک لەجۆرەکان ئەوانەی کاری میدیایی دەکەن خەڵکی پڕۆفیشناڵ نین، بۆیە زۆر پێکدادان ڕودەدات لەنێوان دەسەڵاتداران و میدیا چونکە لەهەردولا کەموکوڕی هەیە، بۆیە زیاتر کێشەکانمان لەسەر ئاستی یاسا نییە هێندی کێشەکانمان لەسەر عەقڵیەتی سیاسی و میدیایی هەیە. لەوانەیە لەعێراق زۆر زیاتر بێت ئەم کێشانە، بۆیە ڕاستە کێشە و کەموکوڕی هەیە بەڵام وێڕای ئەوەش پانتاییەکی فراوان هەیە بۆ ئازادی کاری میدیا لەبەر ئەوە حاڵەتەکە بەو شێوەیە نییە کە هەندێک کەس باسی دەکەن."
لای خۆیەوە جەلال شێخ کەریم بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دان دەنێت کە پێشێلکاری دەکرێت بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان، بەڵام دەڵێت" پێشێلکاری دەکرێت، عەقڵیەتی وا، باکگراوندی وا خەڵکی واهەیە تا ئێشتاش کە تەشهیری پێدەکرێت بۆ سەندنەوەی مافی خۆی پەنا ناباتە بەر دادگا بەڵکو لەو کاتەدا خۆی پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسەکە دەکات، جاری واش هەیە ڕۆژنامەنوسەکە تەقەی لێکراوە کەسوکارەکەی ناچن بەفەرمی سکاڵا تۆماربکەن تا ئێـمەش بچین ڕێ و شوێنی یاسایی بگرینە بەر و دەستگیری بکەین."
بەڵام دیاری مەحمود ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لە هەرێمی کوردستان پێی وایە پلانی پێش وەختەی دامودەزگا ئەمنییەکان هەیە بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنوسان" کۆمەڵگە پێویستی بە زانیارییە، ناچێت ڕێگە لە کاری میدیاکان بگرێت. ئەوەی لە خۆپیشاندانەکان دەیبینن کە هەندێک جار خۆپیشاندەران پەلاماری میدیاکاران دەدەن، پلانی پێشوەختی دەزگا ئەمنییەکانە. زۆربەی ڕەهای پێشێلکاری دەزگای ئەمنی و هێزی عەسکەری و پۆلیس ئەنجامی دەدەن."

 

کوشتنی ڕۆژنامەنوسان لەلایەن بکەرە نادیارەکان
لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، چەند ڕۆژنامەنوسێک بەبەردەوامی باس دەکرێت وەک قوربانیانی قەڵەم کە لەسەر کارە ڕۆژنامەوانییەکانیان تیرۆرکراون، لەوانە سۆرانی مامە حەمە، عبدالستار تاهیر شریف، کاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان، ودات حسین و ئەرکان شریف. مێژووی تیرۆرکردنی ئەم ڕۆژنامەنوسانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 و پاش ئەو ساڵە. بەڵام چ سەندیکا، چ پەرلەمان، ئەنجومەنی دادوەری سەرەڕای خودی ڕۆژنامەنوسان خۆیان دان دەنێن بەوەی بکوژی ڕاستەقینەی هیچ کام لەم ڕۆژنامەنوسانە دەستگیرنەکراون.
ڕۆژنامەنوس بەشدار عوسمان برای یەکێکە لەو ڕۆژنامەنوسانەش کە پاش ڕفاندنی تیرۆرکرا دەڵێت" سەردەشت پێش ئەوەی بڕفێندریت و تیرۆر بکرێت پێش شەش مانگ لەسەر نوسینەکانی و هەڵویستەکانی هەڕەشەی لێدەکرێت و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر لەم هەڕەشانە و مەترسیانە ئاگادار دەکاتەوە، بەڵام بەدەمیەوە ناچن. سەردەشت بەڕۆژی ڕووناک لەبەردەم کۆلێژەکەی لەبەرچاوی سەدان خەڵک و دەیان پۆلیس و زێرەڤانی دەڕفێندرێت و دواتر بەبەردەمی سەدان کامێرا و دەیان بازگە و کۆنترۆڵی ئاسایش دەگوازرێتەوە بۆ شارێکیتر ."

سەردەشت عوسمانی تەمەن 23 ساڵ خوێندکاری دووا قۆناغی کۆلێژی ئاداب و زمانی ئینگلیزی بوو لەزانکۆی سەڵاحەدینی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. پاش خۆرهەڵاتنی ڕۆژی 3/5/2010 کاتێک سەردەشتی خوێندکار و ڕۆژنامەنوس وەک ڕۆژانی تر دەچێتە زانکۆ بەڵام لەلایەن ئۆتۆمبێلێکەوە ڕفێنرا، سەردەشت بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بێ سەروشوێن بوو، بەڵام ڕۆژی 5/5/2010 تەرمەکەی بەدەست و چاو بەستراوی لە دەرەوەی شاری هەولێر لەنزیک موسڵ دۆزرایەوە.
دیمەنی جەستەی سەردەشت تراژیدیابوو، بەجۆرێک تیرۆرکردنەکەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمەکە ئەنجامدرا.
بەشدار عوسمان دەڵێت" کاتێک تەرمی براکەمیان دۆزییەوە جگە لەشوێنەواری ئازر و ئەشکەنجەدانێکی توند، هاوکات بەشێوەیەکی دڕندانە تیرۆرکرابوو، بەجۆرێک گوللە نرابوو بەدەمیەوە ئەمەش وەک پەیامێک بۆ دەمداخستن و ترساندنی ڕۆژنامەنوسان و دەنگە ئازاکان. پەیامی تیرۆری سەردەشت لەهەموو کەیسەکانیتری تیرۆر لە کوردستان رۆشنترە. دەسەڵاتی کوردایەتی لە هەولێر بە ڕۆژی ڕووناک بەبەرچاوی خەڵک و بە ئاشکرا سەردەشت لەبەر دەرگای کۆلیژەکەی دەفرێنن و لە بارەگای دەسەڵاتی کوردایەتی گولـلە دەنێن بەنێودەمیەوە، ئەو تاوانە بۆ کۆیلەکردن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگا و گەنجانی کوردستان بوو. ئامانجی تیرۆری سەردەشت دەمبەستنی گەنجان و ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بوو، لەبەرانبەر تاڵانی و گەندەڵی و دزی ئاشکرای سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەلایەن بنەماڵەی حزبی دەسەڵاتداری کوردایەتیدا، هەندێک هەن فەرهەنگی دواکەوتوویی دەسەڵات دەکەنە بنەما و پاساوی تیرۆرکردنی سەردەشت. بەڵام پاڵنەری ڕاستەقینەی ئەم تاوانە پارێزگاریی لەو دۆخەیە کە دەسەڵات خۆی تێدا بەرهەمدێنێتەوە. سەردەشت بۆیە تیرۆر کرا، چونکە ئەگەر زاری سەردەشتەکان ئازادانە هاواری ناڕەزایی لێ بەرزبوایەتەوە، کۆمەڵگامان بەم جۆرە زەلیل نەدەبوو."
یەکێک لەو نوسینانەی سەردەشت کە کەسوکارەکەی دەڵێن هەڕەشەی بەهۆیەوە لێکراوە، وتاری "من عاشقی کچەکەی سەرۆکم"ە کەتێیدا باسی لەخەونی خۆی کردبوو ئەگەر ببێتە زاوای سەرۆک لەهەژاری ڕزگاری دەبێت دایکە نەخۆشەکەی دەنێرێتە نەخۆشخانەیەکی ئەوروپا بۆ چارەسەرکردن" بۆیە هەرزوو کەسوکارەکەی پەنجەی تۆمەتیان بۆ حیزبی فەرمانڕەوا پارتی دیموکراتی کوردستان درێژکرد چونکە سەردەشت ناوی کچەکەی سەرۆکی ئەو حیزبەی هێنابوو.

" پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەرپەرسی یەکەمی تیرۆری سەردەشت عوسمانە و بکوژان لەژێر فەرمانڕەوایی ئەودا ئازاد و دەسەڵاتدارن و هیچ هەلێک بۆ چەندبارەکردنەوەی پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی بکوژان لەدەست نادات. نەک تەنها ڕاستەوخۆ دژایەتی ئازادی دەربڕین و یەکلابوونەوەی دۆسیەی تیرۆریکردنی سەردەشت دەکات، بەڵکو بەوپەڕی حەساسیەت و زەندەقچوونەوە مامەڵەی هەر ئاماژەیەک بۆ سەردەشت و ڕاستیەکانی پشت تیرۆرکردنی ئەوەوە دەکات. کاردانەوە و ترس و لەرزیان لە کتێبی سەردەشت عوسمان باشترین بەڵگەیە." بەشدار عوسمانی برای ڕۆژنامەنوسە کوژراوەکە وای وت.
لە سنوری پارێزگای سلێمانی کە بەناوچەی سەوز نیلی، وەک ئاماژەیەک بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، ناودێر دەکرێت، جگە لە ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردن ڕۆژنامەنوسی بەشێوەیەکی تراژیدیانە تێدا تیرۆرکراوە.

لە دوای خۆرئاوابونی ئێوارەی 5/12/2012، خۆری ژیانی ڕۆژنامەنوسێک لەم دەڤەرە کۆتایی پێهێنرا. کاوە گەرمیانی یەکێک بوو لەڕۆژنامەنوسە دیارەکانی سنوری گەرمیان، کە زیاتر کارەکانی ڕاپۆرت بوو بۆ ئەو گۆڤارەی خۆی سەرنوسەری بوو بەناوی (ڕایەڵ) هەروەها خۆی پەیامنێری ئاوێنە بوو. کارەکانی گەرمیانی زیاتر دەستبردن بوو بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی بەتایبەت کە لەڕاپۆرتەکانیدا چەندین جار ناوی بەرپرسە حکومی و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی سنورەکەی بڵاودەکردەوە، بەڵام درەنگانێکی ئێوارەی ڕۆژی 5/12/2012 هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی و پاش کردنەوەی دەرگاکە دەستڕێژی گوللە لەکاوە دەکرێت، کاوە لەباوەشی دایکیدا لە‌حەوشەی ماڵەکەیاندا گیان لەدەست دەدات.
لە پاش تیرۆرکردنی ئەم ڕۆژنامەنوسانە دەزگا ئەمنییەکان ڕایانگەیاند کە تاوانبارەکانیان دەستگیرکردوون، بەڵام پێدەچێت بۆ بەشێک لەخەڵکی هەرێمەکە و کەسوکاری قوربانییەکان جێی بڕوا نەبێت.
لە کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا، پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند کەسێکیان وەک ئەنجامدەری تاوانەکە دەستگیرکردووە، پاشان لەلایەن دادگاوە بەوهۆیەوە حکومی بەسەردا درا.

بەڵام بەشدار عوسمانی برای ڕۆژنامەنوسە تیرۆرکراوەکە، لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی" لەدانیشتنی ڕۆژی 13ی‌ شوباتی ٢٠١٣ لەدادگای تاوانەکانی هەولێر، ئەو تۆمەتبارەی بەکوشتنی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان تۆمەتبار کرا بوو لەقسەکانی پەشیمان بووە‌و ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە کە دابویانە پاڵ. تۆمەتبارەکە لەقسەکانیدا لەبەردەم دادوەر ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە ئەو “نە سەردەشت عوسمانی بینیوە‌و نە ناسیویەتی‌و نە دەستیشی لەکوشتنیدا هەبووە." پێی زانیاریەکان و هەواڵی گۆڤاری لڤین کە لە ١٤-٥-٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە ئەو پێش تیرۆری سەردەشت لە زیندادابووە. واتە تۆمەتبارەکە لەو کاتەدا لە زیندان بووە کە سەردەشت تیرۆر کراوە.
بەشدار وتیشی" ئیتر لەو بەروارە بەدواوە هەموو شتێک سەبارەت بە دۆسیەکەی سەردەشت لە دادگای هەولێر بە نهێنی کرا و ڕاگەیەندرا کە تۆمەتبارەکە ئازاد کرا .دەبێ ئەوە بڵێم کە ڕاپۆرتەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە و سیناریۆکانی دادگای هەولێر لەلایەن ئێمە سەرلەبەری ڕەتکرایەوە و لە کاتی خۆیدا ڕامانگەیاند ئەوە له‌ ئه‌لفه‌وه‌ تاکو یای هه‌ڵبه‌ستراوو چه‌واشه‌کارانه‌یه‌‌ وهه‌وڵێکه‌ بۆ شێواندنی حه‌قیقه‌ت و شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌که‌ و ڕزگارکردنی تاوانباران له‌ سزا."

ڕۆژنامەنوس وەدات حسێن یەکێکی تر بوو لەو ڕۆژنامەنوسانەی لە ڕۆژی 13 – 8 -2016 لەناو بازاری شاری دهۆک ڕفێندرا‌و دوای تیرۆکردنی تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.
رێڤینگ یاسین پارێزەر ئەندام لە تۆڕی پارێزەرانی خوبەخش لەشاری دهۆک، کە وەک پارێزەر لەکەیسەکەدا کاری دەکرد دەڵێت" تا ئێستا لێکۆڵینەوە لە تیرورکردنیڕۆژنامەنوس وەدات حسێن بەردەوامە و بە بەردەوامی ماوەی لێکۆڵینەوە درێژ دەکرێتەوە، چونکە بابەتی تیرۆرکردنەکە بە ئاقارێکی سیاسیدا ڕۆیشتووە و ئاسان نییە تاوانبارەکان دەستگیربکرێن."
ئەو پارێزەرە جەختی لەوەشکردەوە تەنانەت لەسەر ئەو کەیسە هیچ کەسێک وەک تۆمەتبار دەستگیرنەکراوە وتیشی دەستگیرنەکردنی هیچ تۆمەتبارێک لەکاتێکدایە کە شاری دهۆک کامێرا دایپۆشیووە، بۆیە ئەگەر دەسەڵات لەپشت ئەمە نەبێت چۆن لەبەڕچاوی ئەم هەموو خەڵک و کامێرای چاودێرییە لەناوەڕاستی بازاڕدا ئەو تاوانە دەکرێت و کەسیش دەستگیرنەکراوە تا ئێستا، هەر ئەوەش گومانی لای ئێمە دروست کردووە.
ڕێڤینگ پارێزەری ڕۆژنامەنوسە کوژراوەکە، لەبارەی بونی بەڵگە و شاهێد ڕایگەیاند " لەلایەن خانەوادەکەی باس لەوە دەکرێت پێش ئەوەی دۆسیەکە بێتە بەردەستمان "شاهێد" حاڵ هەبوو بەڵام ئەوان دەڵێن بەترساندن ئێستا دیار نەماون. ئەمە جگە لەوەی هەر بەوتەی خانەوادەکەی چەند جار لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داوای سوڵحی عەشایەری لەبنەماڵەکەی کراوە."

سەردار محەمەد سەرنوسەری ڕۆژنامە و ماڵپەڕی ئاوێنە، کە کاوە گەرمیانی کاری بۆ دەکردن، دەڵێت" تا ئێستا بکوژی ڕاستەقینەو ئەوانەی فەرمانی کوشتنی کاوە گەرمیانیان داوە دەستگیر نەکراون. لە کوردستان و عێراقیش بکەری ئەم تاوانە سیاسیانە هەمیشە ون و نادیار دەبن و بەپێچەوانەی تاوانەکانی ترەوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئاشکرا ناکرێن و نادۆزرێنەوە. ئەمەش گومانی ئەوە بەهێز دەکات کە ئەم تاوانانە لەلایەن مافیای ناو حزبەکانی دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرین‌و ئاشکرا کردنی سەرەداوەکانیان قورس‌و زەحمەتە."

جگە لەسەرنوسەری ئاوێنە بەهەمان شێوە حاکم ئازاد نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستانیش پێی وایە کە بکوژی ڕۆژنامەنوسان لە هەرێم دەستگیرنەکراون. ئەو بە تاوانباران ناویان دەبات و دەڵێت" تا ئێستا هیچ بکوژێکی ڕۆژنامەنوسان دەستگیرنەکراون، ئەمە کارێکە ڕووبەڕووی هەموو لایەنەکان بەپەرلەمان و دادوەری و هەمو لایەنەکان کەلە کوردستان بەرپرسن دەبێتەوە، کە لەداهاتودا کاری جدی لەسەر بکرێت. ئێمە کۆمەڵە کەیسمان هەیە کە هەندێک لەو ڕۆژنامەنوسانە پێشتر نە ئەندامی سەندیکا بوون لای ئێمە نە خەڵک وەک ڕۆژنامەنوس ناسیونی، ئەمە بەڵگەیەکی ترە بەڵام ئەرکی ئێـمەیە پارێزگاری لە هەمووان بکەین چونکە ئەوانە ئەگەر ڕۆژنامەنوسیش نەبن مرۆڤن، لە هەرێمی کوردستان دەبێت تاوانبارانی میدیا بدرێنە دادگا کەدەبێت لەداهاتودا کاری جدی لەسەر بکرێت."

بەبڕوای نەقیبی یەکێک لەهۆکارەکانی یەکلایی نەکردنەوەی ئەو کەیسانە لەدادگا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو حیزبانەی کە بەنەفەسی ئۆپۆزسیۆن بون لە هەرێمەکەدا کاردەکەن و دەڵێت "هۆکاری یەکلایی نەکردنەوەی ئەو کەیسانە بۆ ئەوەیە کە ئەو حیزبە سیاسیانەی زۆر ڕەخنە دەگرن بەتایبەت حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان هەموو کەیسی خۆیان خستۆتە ناو سەبەتەی میدیا. هەموو کەیسی میدیایان لەبەرژەوەندی سیاسی خۆیان بەکارهێناوە، زۆر لەوانەی دەنگ هەڵدەبڕن بۆ تیرۆری ڕۆژنامەوانی لەخەمی ڕاستەقینەی تیرۆری ڕۆژنامەنوسان نین، بەڵکو لەخەمی ئەوەدان کە بەکاریبهێنن بۆ خۆیان، ئەمانە زیانی زۆریان داوە لەکەیسەکە کەهەمیشە وەک سرود لە بۆنەکاندا دەڵێنەوە، کەبەداخەوە هیچ پەیوەندی بەخەمخۆری بۆ کاری میدیاوە نییە، حیزب هەیە کە ئەگەر میدیاکەی لێ بسێنێتەوە هیچ شتێکی نامێنێتەوە. بە داخەوە لە لەساڵانی ڕابردوو ئەم کەیسانە وەک مەرامی سیاسی خۆیان بۆ فشار خستنە سەر دەسەڵاتی سیاسی بەکارهێناوە نەک بۆ خەمخۆری میدیا، هۆکاری سەرەکی ئەو ملمانێ سیاسیانەیە کەلە هەرێم هەن."

لەدوای تیرۆرکردنی کاوەگەرمیانی، چەند لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن ناوەندە جۆراو جۆرەکانی هەرێمەوە پێکهێنرا، کەسێکیش وەک ئەنجامدەری تاوانەکە دەستگیرکرا و لەلایەن دادگاوە سزای بەسەردا سەپێنرا، بەڵام هەرزوو کەسوکارەکەی ڕەتیان کردەوە و ناوی بەرپرسە حیزبیەکانیان لە تیرۆرکردنی کاوەدا دەهێنا وەک "تاوانبار".
حاکم ئازاد سەرەڕای ئەوەی دەڵێت، ئەوەی حکومدرا لەکەیسی کاوە بکوژی ڕاستقینەی کاوە گەرمیانی نییە، هاودەم دەشڵێت" کاتی خۆی وەک سەندیکا لەیەکێک لەلیژنەکانی تایبەت بە دواداچوون لەکەیسی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بوین، بەڵام لەلیژنەکە کشاینەوە. لەو بارەیەوە گوتی " لەکاتی خۆی لیژنەیەک دروست بو لەکەیسی تیرۆری کاوە گەرمیانی بەڵام بەهۆی بونی کەموکوڕی کە ئێمە پێمان وابوو نەیانتوانی شەفافانە لەگەڵ کەیسەکە مامەڵە بکەن کشاینەوە، ئیمە لەکەیسەکە بوین پێمان وابوو ئەوەی دەستگیرکراوە بکوژی ڕاستەقینەی کاوە گەرمیانی نییە، تەنانەت جارێک قسەمان لەگەڵ سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی گەرمیان کرد کەدەبێت بەپێی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی 35 کاربکرێت ئەو هیچ نەهاتە پێشەوە تەنانەت بەشێوەیەک قسەی کرد وتی بڕۆن بێ منەت بن چی دەکەن بیکەن هەر بەو زمانە جوابی داینەوە."

هەروەها حاکم ئومێد موحسین وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمیش دەڵێت " کاتێک کەیسێک هاتۆتە بەردەم دادگا، دادگا فرمانی دەستگیرکردنی دەرکردووە ئەگەرچی بکەرەکە نادیاربوبێت بەڵام زۆرجار دەزگاکانی لێکۆڵینەوە یا جێبەجێ کردن وەک پێویست هەڵنەستاون بەکاری خۆیان یاخود زۆر کات ڕای گشتی لەسەر ئەو کەیسە دروست بووە ئەوەش بەشێوەیەک لەشێوەکان کاریگەری لەسەر لێکۆڵینەوە کردووە بەلایەنی سلبی بۆسەر کەیسی ڕۆژنامەنوسان گەڕاوەتەوە. لەکەرکوک هەمانە، لەسلێمانی هەمانە، لەشارەکانی تریش هەمانن کەڕۆژنامەنوس کوژراون و قوربانین هەتا سەندیکای ڕۆژنامەنوسانیش تێیدا دەستەوستانن. بەپێچەوانەوە ئەو کەیسانەی ڕۆژنامەنوس تێیدا داواکراون و سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە ڕۆژنامەنوسەکە هاتۆتە بەردەم دادگا وەک وتم بەداخەوە دۆڕاون بەهۆی یا بەرگرییەکانیان لاوازە یا نەشارەزاییانە لەیاسا، یاخود ئەو لیژنەیەی دانراوە بابەتەکە بەتەشهیر دیاری دەکەن."

وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دەڵێت " ئێمەش ئەو پرسیارە دەکەین بۆچی بکوژی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەنوسان دەستگیرناکرێن، دەبێت دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەوڵی جدی بدەن بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران ، ناکرێت بکوژان بەنادیاری بمێننەوە ئەمە بۆ ناو و ناوبانگی کوردستان باش نییە، دادگاکان بۆ ئەو کەیسانە فرمانی دەستگیرکردنیان دەرکردووە بەڵام لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و لێکۆڵینەوەیە کەفرمانەکانی دادگا جێبەجێبکەن ، هەرێمی کوردستان لەدۆخێکی ئارامیدایە ناکرێت بکوژانی ڕۆژنامەنوسان کە کوشتن خۆی تاوانی گەورەیە" جینایات" ە ئەگەرچی ڕۆژنامەنوسیش نەبێت ناکرێت تۆماتبارانی دەستگیرنەکرێن، من کوشتنی ڕۆژنامەوانان بە کاری تیرۆریستی ناودەبەم ناکرێت لە هەرێمێکی وەک کوردستان کە دۆخێکی ئارامی ئاسایشی هەیە کەیسی ڕۆژنامەنوسانی کوژراو بەکراوەیی بمێنێتەوە."
دەشڵێت" ئەمە هیچ پەیوەندی بە دادگاوە نییە بەڵکو کاری دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە بۆچی کەیسی ڕۆژنامەنوسانی تیرۆرکراو بە نادیاری دەمێننەوە بۆچی بکوژەکانیان دەستگیرنەکراون؟ ، ئێـمە بەدەیان جار لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن دانیشتوین پێمان وتون کە نەک هەر لەکەیسی ڕۆژنامەنوسان بەڵکو زۆر تاوانی تر هەیە کە فرمانی دەستگیرکردن دەرچووە بکەرەکانیان دەستگیرنەکراون تا ئێستا یا بکەرەکانیان دەشاردرێنەوە یا لەهەولێرەەوە ڕادەکاتە سلێمانی یا بەپێچەوانەوە، کاتێک پرسیاری هۆکارمان لێکردوون ئەوان هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە ڕەنگە هەرێمی کوردستان سنورێکی فراوانی لەگەڵ ئێران هەیە، یا زۆرکات شاردنەوەی تۆمەتباریشی تێدایە بەڵام لە ئەنجامدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەرپرسە."

هەروەها حاکم ئازادیش هەمان بۆچونی هەیە و دەڵێت"جێبەجێنەکردنی فرمانەکانی دادگا پەیوەندی بە مەزاجی ئیداری لەناوچەکە و دەستوەردانی حیزبی و سیاسیەوە هەیە هەندێکجار مەزاجی سیاسی و پەیوەندی خزمایەتی کاری لەیەکلایی کردنەوەی کەیسەکان کردووە کە ئەمە شتێکی نوێ نییە هەمیشە لەهەموو کەیسەکان دووبارە دەبێتەوە."
جەلال شێخ کەریم کە بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، وەزارەتەکەی لایەنی جێبەجێکارە ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت" ناوانییە لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەوانی تریش کوژراون و لایەنی سیاسی تر پێوە تاوانبار کراون، ئەگەر بەتەنیا ناوی مەحمود سەنگاوی بهێنین زۆر بۆی هەیە ئەمە بکرێت بە مەسەلەیەکی سیاسی کە خوای نەخواستە ئێمە بەئەنقەست ئەمە زەق دەکەینەوە. کێ دەڵێت بکوژی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەنوسان دەستگیرنەکراوە بابێت ڕوبەڕووی من ئەو قسەیە بکات، مەحمود سەنگاوی (15) ڕۆژ زیندانی کرا، ئەو حاکمەی لای ئێوە ئەو قسەیەی کردووە ئەو ئازادی کردووە خۆ وەزارەتی ناوخۆ ئازادی نەکردووە". هەروەها بریکارەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی "کام حاکم یا کێ وای وت ئەی (مەحمود سەنگاوی) دەستگیرنەکرا، ئەی خەڵکی تر دەستگیرنەکراوە لەسەر کوشتنی ڕۆژنامەنوس، لەسەر کاوە گەرمیانی؟ نەخێر وانییە هەر ڕۆژنامەنوسێک سکاڵای لەسەر هەر بەرپرس و لایەنێک و تەنانەت پۆلیسێک هەبوبێت دەستگیرکراوە، بەڵام ڕۆژنامەنوسی وا هەیە کەس نازانێت کێ کوشتویەتی، کێ تەقەی لێکردووە؟ کێ هەڕەشەی لێکردووە ، تا ناومان پێنەدات کە کێ وای لێکردووە ئێـمە ناتوانین لەخۆمانەوە بچین خەڵک دەستگیربکەین و بیدینە دادگا، حاکمیش لەو کاتەدا گوێێ لێناگرێت."
دکتۆر فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش، بۆچونی وایە کە بکوژی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەنوسان لە هەرێم دەستگیرنەکراون، لەو بارەیەوە دەڵێت" بەجدی ئەوە زۆر بەجێێە دەبێت بەجدی لەسەری بوەستین، ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت بەشێک لەو تاوانانە ئامانجی سیاسیان لەپشتەوە بوبێت، بۆیە لێکۆڵینەوەکان بە ئەنجام نەگەیشتبێتن، بەشێکی تری پەیوەستە بە ناڕونی" غموز"ی تاوانەکە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە کەموکوڕیەکە دەبێت دانی پێدابنێین، خۆی بە ئەنجام نەگەیشتنی پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت کە پاش ماوەیەکی زۆر نەگەیشتوینەتە ئەوە بکەری ڕاستەقینە کێ بووە، وە هاندەری تاوانەکە کێ بووە، بەجدی ئەمە یەکێکە لە کەموکورتییەکانی ئێـمە دەبێت دانی پێدابنێین."
ئەگەرچی لایەندار و بێ لایەن لەم هەرێمە کەسوکاری کوژراو و قوربانییەکان ڕاستەوخۆ دەستی تۆمەت بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەکان ڕادەکێشن، بەڵام تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی حیزبی حکوم نەدراوە.

نوسەر و ڕۆشنبیر ئاسۆس هەردی هۆکاری ناوبردنی حیزب و کەسایەتیە سیاسیەکان دەگێڕێتەوە بۆ نەدۆزینەوەی تاوانبارانی ڕاستەقینەی بکوژان و هێرشبەرانی سەر ڕۆژنامەوانان. لەو ڕوەوە دەڵێت " پێش هەموو شتێک لەبەر ئەوەی چەک‌و دەسەڵات بەدەست ئەوانەوەیە. پاشان ئەو قسەیە ڕاستە کە دەڵێ لەهەر کوێیەک تاوانباران نەدۆزرانەوە، دەبێ دەسەڵاتدارێک دەستی لەتاوانەکەدا هەبێت، بۆیە دەزگا یاساییەکان ناتوانن تاوانبار بدۆزنەوەو بە سزای بگەیەنن. تەنانەت ئەگەر لە هەندێ حاڵەتی تایبەتداو بە هۆی بارودۆخێکی تایبەتەوە، دەسەڵاتداران ناچار بوون بەدوای تاوانەکەدا بچن، ئەوا تەنها بکەرەکان دەکرێنە قوربانی‌و تاوانباری سەرەکی یاخود ئەو کەس‌و لایەنەی بڕیاری ئەنجامدانی تاوانەکەی دەرکردووە، بەدوور دەگیرێن‌و لەسزا دەربازیان دەبێت."

 

ئۆپۆزسیۆنێکی جیاواز دژی دەسەڵات و هێرشکار بۆ سەر ڕۆژنامەنوس
"بۆ مەسەلەی ئەشکەنجەو لێدان لە ڕۆژنامەنوسان یەکێتی و پارتی و حیزبەکانی دیکە هیچ جیاوازیان نییە و هەمویان ڕقیان لەو ڕۆژنامەنوسانەیە کە ڕەخنە لە داڕزین و ناشرینییەکانی حیزبەکان دەگرێت کە لەم وڵاتە حیزب دەسەڵاتی حەقیقیە و حکومەت بەناو بوونی هەیە." ئەمە وتەی سەباح عەلی قارەمانی ڕۆژنامەنوسە ، کە بەیەکێک لە ڕۆژنامەنوسە ڕەخنەگرە توندەکان ئەژماردەکرێت جگە لەوەی ماوەی ساڵێک لەناو میدیای بزوتنەوەی گۆڕان کە یەکەمین حیزبی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان بوو خزمەتی کرد، بەڵام بەوتەی خۆی "لەسەر ڕەخنەگرتنی لە کوڕی ڕێکخەری گشتی ئەو حیزبە هێرش دەکرێتە سەری."
سەباح دەڵێت " گۆران وەک هێزێکی پێشتر ئۆپۆزسیوێن بوو٫ لە دروشمەکانیدا دژی حوکمی ویراسی و خێزانی بوو لە هەرێمی کوردستان٫ بەڵام دوای کۆچی دوای نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆران، گۆڕان بە هەمان شێوازی حیزبایەتی یەکێتی و پارتی بوو بە حیزبی خێزانی و هەرچی مومتلەکاتی گۆڕان و تیڤی و سیاسەتی بزوتنەوەکەیە تاپۆکرایە سەر هەر دوو کوڕەکەی نەوشیروان مستەفا، هەرکەسێک دژی ئەم مۆدیلە ناشرینە قسەی کردبێ و هەڵوێستی هەبوبێت دەریان پەڕاندوە و تەخوینیان کردوو، وەک ڕۆژنامەنوسێک دژی بە تەوریسکردنی گۆران و بون بە حیزبی خێزانی بەنوسین و قسەکردن ڕەخنەی توندم لە دژی بوون بە حیزبی خێزانی گرت ئەمەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەفیتی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا سەرکەوتی کوبە ڕۆژی شەممە ۲٤/۳/۲۰۱۸ بە خۆی و ۳ پاسەوانەوە پەلاماریاندام و فەلاقەیانکردم."
سەباح لەسەر ئەو ڕووداوە هیچ سکاڵایەکی تۆمارنەکردووە چونکە بەوتەی خۆی بڕوای بەسەروەری یاسا لە هەرێمەکە نییە، ئەو ئەزمونی خۆی لەپێشتر وەک پاساو بۆ سکاڵا تۆمارنەکردنەکەی دەهێنێتەوە و دەڵێت" بەهۆی ئەوەی پێشتر و لە ۱۹/۱/۲۰۱۰ لە پێشماڵی خۆمان لە لایەن "پیاوکوژەکانی یەکێتی" لەسەر نوسین هەوڵی تیروردرام و سەری نەگرت و کەسێکم لێیان ناسی٫ سکاڵام لەسەری تۆمارکرد دادگا هیچ ئیجرائاتێکی نەکرد٫ بۆیە باوەڕم بەدادگا نییە کە بتوانێت کەیسی ڕوژنامەنوسان بە سەربەخۆیانە یەکلای بکاتەوە، هەر بۆیە ئەمجارەش سکاڵام تۆمارنەکرد."

 

میدیای سێبەر مۆتەکەی ئازادی ڕۆژنامەگەری ئازاد
هەرچەندە هەرێمی کوردستانی عێراق لەڕووی ژمارەی دانیشتوان و ڕوبەری هەرێمەکەیەوە بەو ئاستە فراوان نییە کە وەک بەرپرسانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن لەپێش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی (800) میدیا لە هەرێم بونیان هەبووە بەڵام ژمارەی ئەم میدیایانە بەوجۆرە نەماوەن.
بە ئێستاشەوە بەشێک لەمیدیاکان خەڵکان و خودی ڕۆژنامەوانان بەمیدیای سێبەری بەرپرس و حیزبەکان ناوی دەبەن.
کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان دەڵێت " بونی میدیای سێبەر لە هەرێم زیانێکی زۆری لەڕەوشی ڕۆژنامەوانان داوە، دەتوانم بڵێم وەک مۆتەکەی لێهاتوە بەسەر دڵی دنیای میدیاوە لە کوردستان، جارێ پێش هەموو شتێک هەموو میدیاکارە بەتواناکانی ماشیەوە لە کەناڵەکانی ترەوە، چونکە موچەی سێبەرەکان باشترەو دەستکەوتی ماددی تیایدا زۆرترە. ئەوسا بەناوی بێلایەنییەوە ئەتکی وشەی بێلایەنیان کردوە، پاشان بەو بڕە زۆرەی تێچوونیانەوە کار بۆ مەبەستێکی دیاری کراو دەکەن و لە خەتی فیکری ئاغا پارەدەرەکانیان لانادەن. بۆیە لەدوای سەرهەڵدانی میدیای سێبەر شتێک نەما ناوی میدیای ئەهلی بێت."
هونەر حەمە ڕەشید سەرنوسەری سایتی شارپرێس دەڵێت " پێموایە ئێستا مۆدێلێکی تری پێشێلکاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان دروستبووەو بووە بەدیاردەش، ئەویش ئەوەیە بەرپرسانی حیزبی کار بۆ کڕینی ڕۆژنامەنووسان دەکەن لەو چوارچێوەیەشدا چەندین نموونە لەبەردەستدان پێم وایە ئەم مۆدێلە لەمۆدێلی دەستدرێژی‌و کوشتن مەترسیدارترە، چونکە جاران حاڵەتەکانی دەستدرێژی‌و کوشتن تۆماردەکران و فشار دەکرا بۆ ئەوەی کەمبکرێتەوە."
هونەر ئاماژە بەمەترسی ئەو جۆرە وەک خۆی بەپێشێلکاری ناوی برد دەکات و دەڵێت" ئەم مۆدێلە نوێیە ناتوانرێت لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە باس بکرێت‌و لەدەزگاکان تۆمارناکرێن. مەترسی ئەمە لەوەدایە، کە بەرێگەیەکی تر کار بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنوسانی دەکرێت‌و ئەوەش دەبێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان."
هەروەها د.شوان ئادەم ئەیڤەس سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی، باسی کاراکتەرەکانی میدیای سێبەر لە هەرێم دەکات و دەڵێت" ئەوانەی ئێستا لە ڕاگەیاندنەکاندا کاردەکەن ھێندەی وەک ڕۆبۆت کاردەکەن و فەرمانی سەروو خۆیان جێبەجێ دەکەن، نیوھێندە وەک ڕۆژنامەوانێک کارناکەن کە خۆی سەنتەری بیرکردنەوەو بڕیاردانبێت لەسەر کۆکردنەوەو داڕشتنەوەو بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی. بەشێکیان بەڕاستیی شارەزای یاسا و ڕێسا پیشەییەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی نین و خۆیان بە بوارەکەدا ھەڵواسیوە. بەشێکی دیکەشیان ھەم شارەزان ھەم ئەزموندارن، بەڵام پیشەوەرانە کارناکەن و میدیا وەک پەیژەی سەرکەوتن و گەیشتن بە دەستکەوتە مادیی و سیاسییەکانیان بەکاردەهێنن. واتا خەریکی شەڕی بەوەکالەت و بازرگانییکردنن لەڕێی میدیاوە."

 

 

جیاوازیکردن لە پێدانی زانیارییەکان

ڕۆژنامەنوسان تەنانەت خودی بەرپرسانی سەندیکاش دانبەوەدا دەنێن کە جیاوازی کردن لەنێوان ڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن سیمایەکی دیاری ئەم هەرێمەیە. لەساڵیادی دامەزراندنی کەناڵە حیزبی و سێبەرەکانی کەخۆیان بە ئەهلی ناودەبەن بەرپرسە حیزبیەکان تەنانەت بەرپرسە حکومیەکانیش پیرۆزباییان لێدەکەن. بەبڕوای بەشێک لەچاودێرانی میدیایی هەرێمەکە ئەرکی میدیای سێبەر لە هەرێمەکە هەندێک جار لەلایەن بەرپرسانی ئەو حیزبانەی لەپشت ئەم کەناڵەوەن، فڕێدانی چەند زانیاریەکە کە یا ڕاستە یا ناڕاستە بۆ وەرگرتن و زانینی کاردانەوەی حیزب و خەڵکە واتە ساغکردنەوەیەتی ، یاخود دروستکردنی هەندێک بابەتە و کردنی بەباتی ڕۆژە کەبەمەبەست بیانەوێت بابەتێکی تر لەپشت پەردە تێپەڕێنرێت.
جگە لەوەی بەرپرسە حکومی و کاربدەستە باڵاکانی ئەم هەرێمە لەم کەناڵانەوە شەڕی دەرکەوتن و کێبڕکێی دەرکەوتن دەکەن وەک بەشێک لەچاودێرانی میدیا وای دەخوێننەوە، هەروەها خودی ئەم کەناڵانە سەرچاوەی پێدانی زانیارییەکان و ڕوماڵەکانن بەهۆی ئاسانکاری کردن بۆیان.
عەبدولکەریم ئەحمەد سەرنوسەری کەناڵی ئاسمانی "سپێدە" کە زمانحاڵی فەرمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە، ئەو حیزبە لە پێشوتردا لەحکومەت کشایەوە و ئەمجارەش لەدوای هەڵبژاردنی 30/9 پەرلەمانی هەرێمەکە هەر زوو بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بونی دا دەڵێت " لە پێدانی زانیاری دا جیاواز ی زۆر لە نێوان میدیا حیزبیەکانی دەسەڵات و میدیا حیزبییەکانی دەرەوەی دەسەڵات ھەیە ھەروەھا جیاوازی لە نێوان میدیا حیزبیەکان بەگشتی ومیدیاکانی سێبەر کە دیوی دووەمی میدیا حیزبییەکانی دەسەڵاتن ھەیە چونکە دەسەڵات کە بیەوێت زانیاریەک بەشێوەیەکی بەرفراوان بگەیەنێت بە خەڵکی لە ڕێگەی میدیای سێبەرەوە دەیگەیەنێت کە لەسەر بودجەی گشتی و بە پارەیەکی زۆر بونیادی ناوە و ڕەواجی پێداوە بە ڕوپۆشی ئەھلی و ئازاد."
هەروەها کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان دەڵێت" پێدانی زانیاری بە ڕۆژنامەنووس کەموکوڕی هەیە بۆ سەرجەم میدیاکان و کەناڵەکان، واتە بە ڕیتمێکی ڕاستدا ناڕوات، جا بۆ سێبەربێت یان حزبی هەمان کێشە دەیانگرێتەوە.. من دەبینم ئێستا سێبەرەکان لە پشتی پەردەوە زانیاری زۆرترو زیاتریان دەست دەکەوێت تا کەناڵەکانی تر."
نوسەر و ڕۆژنامەوانی سەربەخۆش ئاسۆس هەردی لەبارەی ئەم جیاوازی کردنەوە بەم جۆرە دەدوێت" بێگومان جیاوازییەکی زۆر دەکرێت. دوور نەڕۆین‌و نموونەیەکی زیندوو بێنینەوە، ماوەی چەند ساڵێکە حکومتی هەرێم لە هەولێر ڕێگە بە کەناڵی (ئێن ئار تی) نادات ڕاستەوخۆ ڕووماڵی کۆنفرانس‌و چالاکییەکانی حکومەت بکات. لەوەش گرنگتر، ڕۆژانە دەبینین زۆرێک لە زانیارییە گرنگ‌و حەساسەکان یەکەمجارو ڕاستەوخۆ دەدرێن بەو کەناڵانەی لە لەحیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە نزیکن‌ و ئەوانی دیکە دەبێ لەدەستی دووهەمەوە وەریان بگرنەوە. جگە لەوەش زۆربەی بەرپرسە باڵاکان خوا خوایانە لە کەناڵە حیزبی‌و سێبەبەرەکانی خۆیانەوە دەرکەون‌و زانیارییان بدەنێ، بەڵام ئەستەمە تەنانەت وەڵامی نووسراوی کەناڵەکانی تر بدەنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دەرکردووەو پابەندیان دەکات زانیاریی بدەن بە هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن‌و تەنانەت هاوڵاتییانی ئاساییش. بەداخەوە لە واقیعدا هیچ بەشێکی ئەو یاسایە جێبەجێ ناکرێ."

 

سۆشیاڵ میدیا ( تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) لە هەرێم
لە هەرێمی کوردستان وەک بەشەکانی تری جیهان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردەهێنرێت، بەتایبەت فەیس بووک، ئینیستگرام، تویتەر و سناپ چات. هەندێک جار لەڕێگای ئەژمارەکانەوە لایەنگران و کادیرانی حیزبەکان هێرش دەکەنە سەر یەکتر یاخود، هەواڵی ناڕاست تا ئاستی هەواڵی مردنی کەسایەتیەکان بەناڕاست یا ناوزڕاندن بڵاودەکرێنەوە.
ئەگەرچی ئەم هەرێمە بەشێکە لەعێراق و لەساڵی 1992وە خاوەنی پەرلەمانە، پێنج خولی هەڵبژاردنی بەڕێکردووە بەڵام تا ئێستا لە هەرێمەکە یاسایەکی تایبەت نییە بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی تایبەت بە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، بەڵکو لەکاتی ناو زڕاندا یا پەنا دەبرێت بۆ یاسای ژمارە 111/ساڵی 1969، یاسای سزادانی عێراقی (مادە 433- بابەتی ناوزڕاندن) یاخود یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن.
سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی سلێمانی دەڵێت" تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کێشەیەکیان بۆ دروست کردووین، بوونەتە هۆکار بۆ ناشیرین کردنی ناو و ناوبانگی میدیا لە هەرێمەکەدا، وەختە بڵێم وەک خۆیان و لە شوێنی خۆیاندا بەکار نایەن، بۆیە هەندێک کەیسی پەیوەست بە میدیاوە کە هۆکاری گەیاندنەکە سۆشیال میدیایە دادوەرە بەرێزەکان بەناچاری پەنا بۆ یاساکانی تر دەبەن بۆ نموونە یاسا عێراقیەکان یان یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان."
هەروەها ئاسۆس هەردی دەڵێت" سۆشیال میدیا دەرفەتێکی گەورەی خستۆتە بەردەم هاوڵاتی، تا ئازادانەو بێ ترس لەسانسۆر زانیاری‌و بۆچوونەکانی خۆی بڵاو بکاتەوە. لەم ڕووەوە بێگومان پەراوێزی ئازادیی ڕادەربڕینی فراوان کردووە. بەڵام لەگەڵ خۆیدا دوو کێشەی گەورەی هێناوەتە ئاراوە. یەکەم: لەو ڕووەوە کە بڵاوکردنەوەی زانیاری پیشەیەکە بنەماو پرنسیپ‌و ئێتیکی تایبەتی خۆی هەیە. ئامرازو میکانیزمی تایبەتی هەیە بۆ بەدواداچوون‌و دڵنیا بوونەوە لە ڕاستی‌و دروستیی زانیارییەکەو بڵاوکردنەوەی بەشێوەیەکی هاوسەنگ‌و عادیلانە. دیارە مەرج نییە بەکاربەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شارەزای ئەو پرنسیپ‌و بەهایانە بن. ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوە زانیارییەک بڵاوبکەنەوە یان شێری بکەن، کە ڕاست یاخود وردو هاوسەنگ نەبێت. ئەمڕۆ ئەم دۆخە بۆتە کێشەیەکی ڕاستەقینە لە کوردستاندا.
دووهەم: وەک چۆن هاوڵاتییان‌و ئازادیخوازان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەرفەتێکی گەورەیان دەستکەوتووە بۆ گەیاندن‌و بڵاوکردنەوەی زانیاری‌و داکۆکی کردن لە ماف‌و ئازادییەکانیان، بە هەمان شێوەش تاریکپەرستان‌و دوژمنانی ئازادی، دەرفەتی ئەوەیان لەبەردەستدایە زانیاریی چەواشە بڵاوبکەنەوەو هەوڵ بدەن بە ویستی خۆیان ڕای گشتی ئاڕاستە بکەن. لە خۆڕا نییە کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەیان‌و سەدان (ئەکاونت‌و لاپەڕە)ی نەناسراویان داناوە کە تەنها پیشەیان ئەوەیە خەڵک چەواشە بکەن‌و لەڕێگەی هەڵبەستنی هەواڵی درۆو بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەوە، ناو و ناوبانگی ئازادیخوازان بزڕێنن."

 


هەڵبژاردنەکان و کاریگەرییان لەسەر ڕەوشی ڕۆژنامەوانی هەرێم

لەماوەی ساڵێکدا سێ پڕۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە یەکێکیان ڕیفراندۆم بوو، ئەوانی دیکە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوو لەدوو لاتی جیاوازدا، لە بەڕێوەچونی پڕۆسەکاندا بەشێک لەڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕایاندەگەیاند، کە ڕووبەڕووی پێشێلکاری و هێرش کردنە سەریان بونەتەوە.
لەکاتی خۆیدا بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە دوو ڕاپۆرتی بەدواداچوندا بڵاویکردەوە، کە هەریەکە لەسیروان غەریب سەرنوسری وێستگە نیوز، هەروەها، بڕیار نامیق پەیامنێری کەناڵی کەی ئێن ئێن لەکاتی ڕوماڵی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا هێرش کراوەتە سەریان.
بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" ڕەوشی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان لەکاتی هەڵبژاردنەکان زۆر ئازاد بوو، هەر ڕۆژنامەوانێک چی ویستبێت کردویەتی، بێ ئەوەی کەس لێی پرسیبێت، چی دەکەی؟ بۆ کوێ دەچیت؟ چی دەنوسی؟"
جەلال شێخ کەریم ئەوە ناشارێتەوە و دەڵێت " لەکاتی هەڵبژاردنەکان هەندێک ڕۆژنامەنوس ڕێگرییان لێکرا ئێـمە بەدواداچونمان کرد بینیمان ئەو کەسانەی ڕێگرییان کردووە سەر بەهیچ هێزێکی ئەمنی نەبوون بۆیە لەسلێمانی دامانن بەدادگا ."
دەشڵێت" هەر ڕۆژنامەنوسێک ڕێگری لێکرا بچێت سکاڵا تۆمار بکات لەسەر هەر بەرپرس و کەسێک کە پێشێلکاری بەرامبەر کراوە با بڕیارەکە بۆ من بێنێت من ڕێوشوێنی بۆ دەگرمە بەر جا من ناوی ( مەحمود سەنگاوی"م هێنا خۆ ئیتر ئەوە بەر پرسی باڵا بوو."

بەڵام سەردار محەمەد دەڵێت" چاوەڕوانی‌ ئەوە ناکەم ئەنجامی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عێراق‌و کوردستان کاریگەری‌ باش‌و تەندروستیان لەسەر میدیای‌ ئازاد هەبێت، چونکە ئەو حیزبانەی‌ کە براوەی‌ سەرەکی‌ هەڵبژاردنن لەعێراق‌ و کوردستانیشدا ئەزمونی‌ ڕابردویان سەلماندویەتی‌ کە خوازیاری‌ بەردەوام بون‌و مانەوەی‌ میدیای‌ ئازاد نین، بەڵکو کاریان لەسەر کوشتنی‌ میدیای‌ سەربەخۆو ئازاد کردوە. هاوکات میدیای‌ گەورەی‌ حزبی‌‌و سێبەریان دامەزراندوە کە لەبری‌ ئەوەی‌ چاودێریی‌ دەسەڵاتەکان‌و تیشک خستنە سەر دۆسیەکانی‌ گەندەڵی‌‌و پێشێلکارییەکانی‌ مافی‌ مرۆڤ بکەن‌و زانیاری‌ ڕاست‌ودروست بگەیەنن بەڕای‌ گشتی‌، کار بۆ شاردنەوەو کۆنترۆڵکردنی‌ ئەو زانیاریانە دەکەن کە لەبەرژەوەندییان نییەو تەنها ئەو زانیاریانە بڵاودەکەنەوە کە خزمەت بەئەجندا سیاسیەکانیان دەکات. چاوەڕوانی‌ گۆڕینی‌ ڕەوشەکە بۆ کاری‌ میدیاو فراوانبونەوەی‌ ڕوبەری‌ ئازادییەکان بەهۆی‌ ئەم هەڵبژاردنانەی‌ عێراق‌و کورستانەوە چاوەڕوانییەکی‌ بێهودەیه."
بەشێک لە کاندیدانی لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 30/9 بریتی بوون لە ڕاگەیەندکاران و پەیامنێرانی کەناڵە جیاوازە حیزبیەکان.
بەبۆچونی دیاری حاجی محەمەد ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ئەمە بۆ دۆخی ڕۆژنامەوانان دڵخۆشکارە، دیاری دەڵێت" ئێستا دەیان میدیاکاری ئۆپۆزسیۆن‌و حزبی چونەتە ناو پەرلەمان و بە سیفەتی ڕۆژنامەنوس خەڵک دەنگی پێداوان چاوەڕوانین ئەوان زیاتر لە ئەندامانی تر چاودێربن بەسەر حکومەت و کەشفکردنی گەنەڵییەکان و پاڵپشتیکردنی ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانەی بە دوای کەشفکردنی دیاردەی گەندەڵین.."
چارەسەر: دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بۆ ڕۆژنامەنوسان وەک چارەسەر
لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، ڕۆژنامەنوسان کاتێک سکاڵایان دەبێت یاخود سکاڵایان لەسەر تۆماردەکرێت، وەک ڕۆژنامەنوسان خۆیان دەڵێن" لەگەڵ تۆمەتبارانی تاوانەکانی تر دەچنە هەمان دادگا."
سەردار محەمەد سەرنوسه‌ری ئاوێنە کەیەکێکە لەڕۆژنامەنوسە دیارەکانی هەرێم، باسی ئەزمونی خۆی لەو ڕووەوە دەکات، بەم جۆرە وێناکە باس دەکات و بە کێشەشی ناودەبات و دەڵێت" یەکێک لەکێشە گەورەکان ئەوەیە کە ڕۆژنامەنوس لە کوردستان لەکاتی دادگاییکردندا بەهەمان شێوەی تاوانەکانی تر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، هەر لەو مەرکەزی پۆلیسەوە کە ئیفادەو پەنجە مۆریان لێوەردەگرن تا بردنیان بەئوتومبێلی پۆلیس لەگەڵ تاوانبارانی تردا بۆ بەردەم دادوەرم خۆم یەکێکم لەو کەسانەی چەندین جار روبەروی ئەم واقیعە بومەتەوە."
سەردار محەمەد دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بەڕۆژنامەنوسان لە هەرێم بەپێویست دەزانێت و دەڵێت"زۆر پێویستە دادگایەکی تایبەت بەڕۆژنامەنوسان دابمەزری کە مامەڵەیەکی جیایان لەگەڵ بکرێ و دادوەرەکانیش لەبواری میدیادا شادەزاو بەئاگا بن کە زۆرجار ڕووبەڕووی ئەوە دەبینەوە دادوەر نازانێ لەم وڵاتەدا بەدەستهێنانی زانیاری چەند زەحمەتەخ کار بەیاسای مافی پێدانی زانیاری ناکرێ."
لەساڵی 2010وە لە عێراقدا دادگایەکی تایبەت بەڕۆژنامەنوسان هەیە، دادگاکە بەپێی بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی دامەزراوە لەژێر ناوی( دادگای بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن) ( محکمە للنشر والاعلام)، دادگاکە تایبەتە بەکەیسی ڕۆژنامەنوسان دەکەوێتە ناوچەی کەرخ لەشاری بەغدادی پایتەختی وڵاتەکە.
حاکم ئازد نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان وەک خۆی دەڵێت، سەردانی ئەو دادگا تایبەتیەیان لە بەغداد کردووە لەبەغداد وە تێبینیان هەیە لەسەری بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باس لەگرنگی دامەزراندنی دادگایەکی هاوشێوە دەکات لە هەرێمی کوردستان."
حاکم ئازاد دەڵێت" باشی بونی ئەو دادگایە لەوەدایە کە ئەم دادگایە هیچ کەیسێکی تر نابینێت لەدەرەوەی کاری ڕۆژنامەنوسی، واتە حاکمەکە خۆی تەرخان دەکات بۆ ئەو کەیسە، ئەمەش گرنگی زیاتر دەدرێت بەمیدیا وادەکات کە دادوەرەکان زیاتر نزیک ببنەوە لە میدیاکارەکە، دووەم، گرنگی دامەزراندنی ئەم دادگایە ئەوەیە، هەموو دادگایەک بنکەیەکی پۆلیسی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەمەش بەشێوەیەک ڕادەهێنرێن کەچۆن مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان بکەن چونکە بنکەکانی تر مامەڵە لەگەڵ هەموو تۆمەتباێکی وەک بکوژ و دز و تاوانەکانی تر دەکەن، هەروەها وە داتاکانی کەیسی ڕۆژنامەنوسان لەو دادگایە دەتوانرێت دەست بخرێت."
بە ڕای حاکم ئازاد ئەم دادگایە کاریگەری دەبێت لەسەر یەکلایی کردنەوەی کەیسی ڕۆژنامەنوسانی تیرۆرکراو لە هەرێم کە تا ئێستا بەکراوەیی ماونەتەوە وە لەداهاتوش کاریگەریەکەی زۆرتر دەبێت، دەڵێت" دامەزراندنی ئەم دادگا تایبەتیە بۆ ڕۆژنامەنوسان وادەکات بەرەوپێش چونەکان لەکەیسەکان ڕودەدات وە ئەو دادگا تایبەتمەندە وادەکات کە ڕۆتیاناتی ئەو کەیسانە کەم بێتەوە کە هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە وادەکات ئێمە ڕووبکەینە یەک دادگا، ئەم دادگایە نابێتە گرەنتی لەسەر کەیسەکانی ڕابردوو چونکە ئەوە پێویستی بە ئیرادە هەیە، بەڵام دەتوانرێت هاوکارێک بێت بۆ یەکلایی کردنەوەی کەیسەکان.
هەروەها نەقیبنی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان ئاماژە بەچارەسەرێکی تر دەکات و دەڵێت" حەلقەیەک هەیە ونە، کە ئەو حەلقەیە دەبێت حکومەت دایبمەزرێنێت بۆ چاودێری میدیا ئەم ئەڵقەیە لەنێوان حکومەت و میدیا ونە."
حاکم ئومێد سەباح وتەبێژەکەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمێش باس لەگرنگی دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بۆ ڕۆژنامەنوسان دەکات و دەڵێت" گرنگی ئەم دادگایە لەوەدادەبێت، کە ئەوکات ئامارەکان ئاسانتر دەست دەکەون، چەند ڕۆژنامەنوس کەیسی هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان."
دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بۆ ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندن ، لە هەرێم پێویستی بەیاسا نییە، بەڵکو ئەنجومەنی دادوەری هاوشێوەی بڕیارەکانی تایبەتکردنی دادگایەک دەتوانێت بەبڕیارێک و دانانی دادوەرێکی تایبەت بڕیاری دامەزراندنی دادگاکە بدات، نمونەکان لە هەرێم بۆ دامەزراندنی دادگای تایبەت و دانانی دادوەری تایبەت نوێ نین، بەڵکو هاوشێوەی بڕیاری دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بۆ توندوتیژی خێزانی کە لە هەرێمی کوردستان لەچەند ساڵی ڕابردوو تایبەت بەکەیسی توندو تیژی خێزانی بەبڕیاری ئەنجومەنی دادوەری دامەزرا، ئەنجومەنی دادوەری دەتوانێت بەبڕیارێک دادگایەک و دادوەرێکی تایبەت بکات بۆ کەیشی ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندن .
وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دەڵێت" بەڵی ئەنجومەنی دادوەری دەتوانێت بەبڕیارێک دادگایەکی هاوشێەوە دابمەزرێنێت، پێویستی بەیاسا نییە بەڵام فەراهەم کردنی ئازادی بۆ ڕۆژنامەوانان بەتەنها پەیوەندی بە دامەزراندنی دادگایەکەوە نییە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر دادگای تایبەت بەڕۆژنامەنوسان دابمەزرێت، لەبابەتی کەیسی کوشتنی ڕۆژنامەنوسان ڕەنگە ئەوکات ئاسانتر یەکلایی بکرێنەوە کە فشار دروست ببێت لەسەر دەسەڵاتی سیاسی بەتایبەت دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە ئەم کەیسانە کۆتایی پێبێت و یەکلایی بکرێنەوە، بەتایبەت لەوکاتانەی کە فرمانی دادوەری جێبەجێنەکرێت."

 

ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێم لە چوارچێەوەی یاساکان
ئەگەرچی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق، و هاوشێوەی بەشەکانی تری عێراق دەبێت پابەند بێت بەدەستوری عێراقەوە، ئازادی ڕادەربڕینیش مافێکە بۆ هەر هاوڵاتیەکی عێراقی کە لە ساڵی 2005 وە لە دەستوری هەمیشەیی عێراق دەستەبەرکراوە. بەڵام لە ساڵی 1992 وەوە کە کوردەکان هەڵبژاردنی پەرلەمانیان بۆ هەرێمەکەیان ئەنجامدا، لە هەرێمی کوردستان دوو یاسای بەرکار پەیوەست بەکاری ڕۆژنامەوانی هەیە، کە بریتیە لەیاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007/یاسای کاری ڕۆژنامەوانی، هەروەها لە دانیشتنی ژمارە (28)ی ڕۆژی 5/6/2013 لەسەر داوای ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان بە حوکمی بڕگەی (1) لە مادەی (56)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموارکراو پەرلەمانی کوردستان (یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان- عێراق) دەرچوو. یاساکە پێکهاتووە لە (22) مادە پێنج بەشدا دابەشکراوە، پێش یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان بۆ دەستهێنانی زانیاری پشت دەبەسترا بە یاسای ژمارە(40)ی ساڵی 2004 ساڵی (1998)ی سەندیکای ڕۆژنامەوانان."
دکتۆر فرسەت سۆفی پسپۆڕی یاسایی، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی یاسایی بوو لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمدا، ئاماژە بەبەراودی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەوروبەر دەکات لەڕووی ڕێگەدان بە ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێم و دەڵێت" بەبەراورد بەوڵاتانی دەوروبەر لەڕووی یاساییەوە ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی لە یاسای عێراقیەکان و دەستوری عێراقی ئەگەرچی کەموکوڕی هەبێت بەڵام تا ئاستێکی باش ڕێکخراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی ئازادی تەواو بۆ کاری ڕۆژنامەوانی ڕێکخراوە هیچ دەقێکی یاسایمان نییە کە ڕێگری لەکاری ڕۆژنامەوان بکات و تەنانەت دەکرێت بڵێم جیاوازترە لەعێراق."
حاکم ئازاد نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت " پڕەنسیبەکانی ئازادی ڕادەربڕین و میدیا بەیاسا لە هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە، جیاواز لەعێراق کە تا ئێستا نەیتوانیووە یاسایەکی هاوشێوەی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێم هەبێت."
بەڵام ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لە هەرێمی کوردستان پێی وایە لە ڕووی یاساییەوە هەرێمەکە کێشەی نییە، دیاری مەحمود دەڵێت" ژینگەکە بە ڕوکەش لەبارە وەک پرۆسەی تشریعاتی یاسایی باش و بوونی هەردوو یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی و مافی دەسکەوتنی زانیاری، بەڵام کە دەکەویتە ناو واقعکە پڕە لە بەربەستی ڕۆژانەو و شاردنەوەی زانیاری، وە زەقبوونی دیاردەی دەربازبوون لەسزا لەو تاوانانەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان دەکرێن".
لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دەسەڵاتی دادوەری یاساکە بەو جۆرە نییە کە ڕۆژنامەنوسان باسی دەکەن، حاکم ئومێد سەباح وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستاندا دەڵێت "من پێم وانییە یاسای کاری ڕۆژنامەوانی بەو ڕادەیە خراپ بێت بەڵام ئێمە کێشەی جێبەجێکردنی یاسامان هەیە لە کوردستان نەک کێشەی دەرچونی یاسا، کارەسات و گرفتەکە ئەوەیە کەیاسا وەک خۆی جێبەجێناکرێت ئەوەش پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە هەیە وە ڕۆشنبیری برایانی ئاسایش و هێزەکانی مەدەنی هەیە کە خولی ڕۆشنبیرییان بۆ بکرێتەوە، وە دەبێت ئیرادەی سیاسیش هەبێت کە قودسیەتت و هەیبەتی ڕۆژنامەنوس لە هەرێم پارێزراوبێت تا ڕویەکی گەش لەدنیادا پیشان بدەین هەمومان بەرپرسین لەم دۆخە."

 

کەموکورتی یاسایی، کاردن بەیاسای سزادانی عێراقی
سەرەڕای بونی ئەو یاسایانە لە هەرێمی کوردستان بەڵام هێشتا بەجۆرێک لەجۆرەکان وەک دەڵێن، کەموکورتی یاسایی هەیە، بەتایبەت لەهەندێک بابەتی تایبەت بەتۆڕە کۆمەڵایەتی و ئەلیکترۆنییەکان، دادگاکان دەگەڕێنەوە بۆ یاسای ژمارە(2)، یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی مۆبایل، یاخود لەهەندێک عاڵەتدا دادگاکان پەنا دەبەنە بەر ماددەی(433) لەیاسای ژمارە 111/ساڵی 1969، یاسای سزادانی عێراقی.
فرمان حەسەن کە خۆی پارێزەرە، هەروەها ڕۆژنامەوانیشە لەهەمانکاتدا، ئەو باسی ئەزمونی خۆی دەکات ، کاتێک بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، دەڵێت" دادگاکان بە یاسای کاری ڕۆژنامەوانی ژمارە 35ی ساڵی 2007 مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنوس ناکەن، بە یاسای سزادان وەک کەسانی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەت و شکۆی دامەزراوەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. سەندیکایەکی بوێرو خاوەن ئیرادە نییە کە پیشەییانە شەڕی مافەکانی ڕۆژنامەنوسان بکات، ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ لە هەرێم بەرامبەر دەسەڵاتێکی ستەمکار وەستاونەتەوە بێ ئەوەش پشتیوانێکیان هەبێت."
دکتۆر فرسەت سۆفی ئەوە ناشارێتەوە کە کەموکوڕی یاسایی لە هەرێم بۆ کاری ڕۆژنامەوانی هەیە، ئەو کەخۆ ئەندامی لیژنەی یاسایی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوو دەڵێت"
لەبەر ئەوەی ئێستا جۆرەکانی میدیا فراوانە ئێمە پێویستمان بە یاسای زیاتر هەیە بۆ ڕێکخستنی ئەوانە، بەداخەوە لەو خولەی ئێمە خولێکی نا ئاسایی بوو، بەڵام یەکێک لەکارە گرنگەکانی ئەم خولە پێویستە ڕێکخستنی کاری میدیا بێت لەچووارچێەوەی یاسا کە ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی زیاتر ڕێکبخرێت بەڵام ئەوەش بە واتای ئەوە نا کە ئازادی خەڵکی تر پێشێل بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەدەر لە یاسا پێویستمان بە بەڕۆشنبیری کاری میدیایش هەیە بەداخەوە هەموو ئازادی ڕادەربڕین لەچوارچێەوەیەکی زۆر حیزبیانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هەر ئەمەش وایکردووە تەپۆتۆزێکی زۆری هەیە هەموو حیزبە سیاسیەکان ڕۆڵیان هەبووە لەو تەپوتۆزە میدیاییە، هەر ئەوەش وایکردووە کە متمانەی خەڵک بە میدیاکانی هەرێم کەم بێتەوە."
هەروەها لەبارەی هۆکاری کارکردنی دادگاکان بەیاسای سزادانی عێراقی بەتایبەت لەبابەتی "ناوزڕاندن-ماددە 433 لەیاساکە" د.فرسەت سۆفی دەڵێت" ئەوە دەکەوێتە سەر تەقدیری دادوەرەکە کاتێک دەبینێت کەسێک لەژێر بەرگی ڕۆژنامەنوسی لەکەسایەتیەکی تری داوە بەمەبەست، ناکرێت لەژێر ناوی ڕۆژنامەنوسی کەرامەتی خەڵکی تر بشکێنرێت ئازادی تا ئەو شوێنەیە کە ئازادی کەسی تر پێشێڵ نەکرێت. ئەگەر وابێت کەهەمووی لەژێر ناوی ڕۆژنامەنوسەوە کەرامەتی خەڵکی تر تێکبشکێنێت، ئەوکات هەموو کەس دەبێتە ڕۆژنامەنوس تا کەرامەتی خەڵکی تر بشکێنێت بۆیە کەسمان موقەدەس نین وەک ڕۆژنامەنوس ، پەرلەمانتار، هەرکەس خۆ دەبێت هەر کەسمان سنورمان لە ئازادی هەبێت تا ئازادی تر پێشێل نەکرێت."
هەروەها حاکم ئومێد موحسین وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لەبارەی کارکردن بەیاسای کاری ڕۆژنامەوانی لەدادگاکانی هەرێم دەڵێت" وەک ئەنجومەنی دادوەری پاش دەرچونی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێم سەرجەم دادوەرانمان ئاگادارکردەوە کە کار بەیاسای ژمارە (35) بکەن وە لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنوسان چەندین دانیشتنمان ئەنجامداوە تا کار بەو یاسایە بکرێت."
هه‌موو ئاڕاسته‌ و بیركردنه‌وه‌ جیاوازه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونه‌ن كه‌ نه‌بونی دادگایه‌كی تایبه‌تمه‌ند له‌هه‌رێمه‌كه‌ سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌سته‌كانی دیكه‌ی به‌رده‌م كاری ئازادی ڕۆژنامه‌وانی جۆرێكی دیكه‌یه‌ له‌پێشێلكاری به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسانی ئه‌و هه‌رێمه‌ ده‌كرێت. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و بانگه‌شه‌كارانی خه‌مخۆری ئازادی كاری ڕۆژنامه‌وانی دوای بیست و حه‌وت ساڵی ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی كورده‌كان له‌هه‌رێمه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت دادگایه‌كی تایبه‌تمه‌ند هاوشێوه‌ی عیراق دابنێن بۆ ڕۆژنامه‌وانان؟ یا وه‌ك ده‌وترێت له‌گه‌ڵ سزای دادگا جۆرێكی تر له‌سزای ده‌رونیش دژ به‌ڕۆژنامه‌وانان په‌یڕه‌و بكه‌ن كه‌ ڕۆژنامه‌وانان له‌گه‌ڵ تۆمه‌تبارانی تاوانه‌ جۆربه‌جۆره‌كان دادگایی بكرێن؟ ئایا بكه‌ره‌ نادیاره‌كانی بكوژی ڕۆژنامه‌نوسان ئاشكرا ده‌كرێن و فرمانێك بۆ ده‌ستگیركردن و دادگایی كردنیان ده‌رده‌كرێت؟

 

 

ئه‌م راپۆرته‌ له‌"به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا"وه‌ وه‌رگیراوه‌


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×