توركیا؛ فەرمانی دەستگیركردن بۆ 53 ئەفسەر دەرچو
  2019-05-03       264       

سەرۆكایەتی داواكاریی گشتی لەئەنكەرە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 53 ئەفسەری هێزەكانی جەندرمە دەركرد ئەوەش بە تۆمەتی بونی پەیوەندی لەگەڵ فەتحوڵا گوللـەن كە ئەنكەرە تۆمەتباری دەكات بەوەی لەپشت هەوڵی كودەتاكەی ناوەڕاستی ساڵی 2016ی ئەو وڵاتەوەیە.

ئاوێنە: سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی كۆماریی لەئەنكەرە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند فەرمانی دەستگیركردن بۆ 53 ئەفسەر لەنێو هێزەكانی جەندرمەدا دەركراوە ئەوەش لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ بزوتنەوەی خزمەت بە رابەرایەتی فەتحوڵا گوللـەن.

بەیاننامەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئەو 53 ئەفسەرە لەڕێگەی تەلەفۆنەكانی سەرشەقامەوە بەشێوەیەكی بەردەوام لەگەڵ ئیمامەكانیان لە بزوتنەوەی خزمەت لەپەیوەندیدا بون.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە 48 ئەفسەر لەو 53 ئەفسەرە لەكارەكانیان بەردەوامن و رێكارەكانی دەستگیركردنیان لەلایەن تیمەكانی ئاسایشی ئەنكەرەوە بەردەوامە.

توركیا فەتحوڵا گوللـەن، كە لەئەمریكا دەژی، تۆمەتبار دەكات بەوەی پلانداڕێژەری هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016ی ئەو وڵاتە بوە بەڵام گوللـەن رەتیدەكاتەوە هیچ رۆڵێكی لەو هەوڵەدا هەبوبێت.
لەدوای هەوڵی كودەتاكەی ساڵی 2016ەوە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی توركیا زیاتر لە 77 هەزار كەسیان زیندانی كردوەو چاوەڕوانی دادگاییكردن دەكەن، ئەوەش بە تۆمەتی پەیوەندییان بە هەوڵی كودەتاكەوەو هێشتاش هەڵمەتێكی دەستگیركردنی بەرفراوانی رێكخراو لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.

هەروەها لەپەیوەست بەو بابەتەوە تا ئێستا نزیكەی 15 هەزار كەس لە حكومەت و سوپا لەكارەكیان دورخراونەتەوە یاخود دەركراون.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×