میدیا عێراقییەکان لەناو بەرداشی دەسەڵات و مێژوودا
  2019-05-03       1395       

ئا: بەڵێن ساڵح

 

سەرەتایەک بۆ بیرخستنەوە؛

مێژووی ڕۆژنامەوانی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەروەختەی لەژێر دەسەڵاتی عوسمانلیەکاندا بووە. هەندێک ئەم مێژووە دەگەڕێننەوە بۆ ڕۆژنامەی (الزورا‌و) کە لە ساڵی 1869 دا یەکەم ژمارەی بڵاو بووەوە و بە هەردوو زمانی عەرەبی و تورکی بوو.

کەمیش نین ئەوانەی دەڵێن ڕاستە یەکەم ڕۆژنامەی عێراقی ئەلزەورا بووە بەڵام وەک دەڵێن لە ساڵی 1816 دا عوسمانلیەکان ڕۆژنامەیەکیان دەرکردوە بە ناوی (جورنال عراق) و بەدوای ئەم بڵاوکراوەیەدا ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی تر هاتوون و ڕۆژنامەی (الزورا‌و) لە پێشەنگیاندایە کە تا ساڵی 1920 بەردەوام بوو، واتە تا نەمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانلی.


عێراقیەکان ڕۆژی 15 ی مانگی شەشیان کردۆتە ڕۆژی ڕۆژنامەوانی خۆیان کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (الزورا‌و) ی تیادا بڵاوکرایەوە.

لە ساڵانی نێوان 1920 تا 1958 لە سەروەختی پادشایەتی عێراقدا دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە لەو وڵاتەدا بڵاودەکرانەوە و وەک ئاماژەشی پێدەکرێت ڕۆژنامەوانی لەو 38 ساڵەیدا لە ژینگەیەکی کراوەدا بۆ ئازادییەکان توانیویەتی کار و ئەرکی خۆی بکات، هەرچەندە سیستەمی پادشایەتی دەسەڵاتێکی زۆریشی هەبووە بەسەر ڕۆژنامەگەریدا.

ڕۆژنامەوانە عێراقییەکان ڕۆژنامەی (حبزبوز) بە نمونە دەهێننەوە کە ڕۆژنامەیەکی تەنز ئامێز بووە و ڕۆژنامەوان (نوری پابت) خاوەنی و سەرنوسەریشی بووە و یەکەم ژمارەشی ڕۆژی 29 ی مانگی نۆی ساڵی 1931 بڵاوکرایەوە و دوا ژمارەشی لە ڕۆژی 5 ی مانگی 7 ی ساڵی 1938 بوو.


تەمەنی ئەم ڕۆژنامەیە لەسەر وەختێکی قورسی نێوان هەردوو شەڕی جیهانیدا بووە و کاریگەرییەکەیشی ئێجگار زۆر بوو لەناو عێراقیەکاندا و لەماوەیەکی کەمیشدا بووە یەکێک لە هەرە پڕ فرۆشترین ڕۆژنامەکانی عێراق.

فایق بگی، مێژوونوسی عێراقی دەڵێت " ڕۆژنامەی حەبەزبوز سەرەتای ڕۆژنامەوانی تەنز و گاڵتەئامێز بووە و ئەو ساتیرانەی لەوێدا بڵاودەکرانەوە نەک هەر لەسەر ئاستی عێراق بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبیش ناوازە و دەگمەن بوون و کاریگەرێیەکی زۆر ئەرێنیشی بەسەر خوێنەرانی و بەسەر کاربەدەستانیشەوە بەجێدەهێشت."

ئەم ڕۆژنامەیە 303 ژمارەی چاپکراوە و هەفتانەش بووە.

پەخشکردنی ڕادیۆ لە عێراق لە ساڵی 1936 دا دەستپێدەکات، ڕادیۆ گوێگرێکی ئێجگار زۆری هەبووە چونکە زۆربەی خەڵک لەو کاتەدا نەخوێندەوار بوون هەربۆیە بۆ زانینی هەواڵ و ڕاڤەکردنی ڕووداوەکان پەنایان بۆ ڕادیۆ بردووە.

ساڵی 1955 تەلەفزیۆن دەگاتە عێراق و زۆربەی بەرنامەکانیشی بەریتانیایی و ئەمریکایی بوون.

ساڵی 1958 ڕژێمی پادشایەتی لە دەسەڵات لادرا و سیستەمی کۆماری دانرا (بەشێک لە عێراقییەکان بە کودەتا ناودێری دەکەن و هەندێکیشیان دەڵێن شۆڕش بووە) ژمارەیەک ڕۆژنامەی تر بڵاو بوونەوە وەک زمانحاڵی لایەنە سیاسی و نەژادیەکانی عێراق.

لە ساڵی 1968یشدا کە پارتی بەعسی عەرەبی دەسەڵاتی لە ڕێی کودەتاوە گرتە دەست، تەنها ڕۆژنامەیەکی سیاسی کە زمانحاڵی لایەنێکی سیاسی بووبێت ڕۆژنامەی (الپورە) ی بەعسیەکان بوو.


لە ساڵی 1979، کە سەدام حوسەین بووە خاوەن دەسەڵات، تەواوی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بوونە میدیای حکومەت. لە ساڵی 1986دا سەدام بڕیارێکی دەرکرد و بەپێی ئەو بڕیارە هەر کەسێک لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا سوکایەتی بە خودی سەرۆکی ئەوکاتەی عێراق بکات ئەوا سزای مەرگی بەسەردا دەدرێت. لە فەرهەنگی بەعسیەکاندا بەکارهێنانی زمانێکی ڕەخنە ئامێز دەچووە خانەی سوکایەتیکردنەوە.


لە ساڵی 1991 دا عودەی، کوڕە گەورەی سەدام حوسەین دەبێتە سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی عێراق و ئەمیش بڕیارێک دەردەکات ئەگەر هەر کەسێک بەعسی نەبێت و بەیعەتی خۆی نەدابێت بە سەدام حوسەین ئەوا مافی ئەندامێتی لەو سەندیکایەدا نابێت. عودەی زۆرێک لە ڕۆژنامەوانە ناودارەکانی عێراقی لە سەندیکا دەرکرد و خۆی کرد بە سەرنوسەری چەند ڕۆژنامە و گۆڤار و هەروەهاش چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنی.

دەسەڵات و میدیا

لەوەتای یەکەمین ڕۆژنامە لە جیهاندا بڵاوبۆتەوە، ململانێی نێوان دەسەڵات و میدیا درێژەی هەیە.

لە عێراق، لەسەروەختی پادشایەتییەوە تا ئێستا، وەک دەگوترێت عێراق دەستیکردووە بە هەنگاوەکانی خۆی بۆ جێگیر کردنی دیموکراسی، بەڵام هێشتاش ململانێیەکی گەورەی نێوان دەسەڵات و ڕۆژنامەوانی هەیە.

ئێستاشی لەگەڵدابێت هەندێک وەها لە ڕۆژنامەوانان دەڕوانن کە خەڵکێکی پڕ گومانن لە هەموو شتێک، هەرگیز نەیانتوانیوە بێلایەن بن و ڕووداوەکانیش زیاد لە پێویست گەورە دەکەن و دەرفەتەکانیش دەقۆزنەوە بۆ دوو مەبەست؛ یەکێکیان لێدانی نەیارەکانە و دووهەمیشیان وەک دەگوترێت چەواشەکردنی ڕای گشتییە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ ئەو کەس و لایەنانەی خۆیان مەبەستیانە. ئەم لایەنەی وەها دەڵێن زیاتر سەر بە دەسەڵاتن لە عێراقدا و دەشڵێن ڕۆژنامەوانی ڕەوشێکی دروستکردووە کە بێ لەو شتانەی خۆی بڕوای پێیەتی ناتوانێت هیچ ڕەهەندێکی تری ڕووداوەکان ببینێت و لە پێناو ڕاپۆرت و نوسینێکدا تەواوی ئەرکەکانی هاوڵاتیبوون وەک پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی فەرامۆش دەکات.

لە بەرامبەریشدا ڕۆژنامەوانان ( بێلایەن و سەربەخۆکان) ڕاشکاوانە دەڵێن بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت و سیاسییەکان نایانەوێت ڕۆژنامەوانان هیچ شتێک بە بیری خەڵك بێننەوە و دەخوازن خۆیان هەرچییەکیان ویست بخرێتە بەردەم ڕای گشتییەوە و داڕشتنی هەواڵیش بەو شێوەیە بێت کە کەسی سیاسی خۆی دەیەوێت، بەبێ گوێدانە بەها و پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەوانی.

ڕامی ئەللامی، ڕۆژنامەوان و ئەندامی تۆڕی میدیای عێراقی کە لە دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین ئەم تۆڕە میدیایە پێکهێنرا؛ دەڵێت یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان لە ئێستای عێراقدا پەیوەندی بە دۆسێکانی گەندەڵییەوە هەیە و کاتێک ڕۆژنامەوانێک دەخوازێت پەردە لەسەر ئەو دیاردەیە هەڵبداتەوە ئەوا دووچاری گێرمەوکێشەیەکی زۆر دەبێتەوە تا ڕۆژنامەوان ناچار بکرێت دەست لە ئەرکەکەی بەربدات.

ڕامی دەڵێت " فشارەکان بەردەوامن بۆسەر ڕۆژنامەوانان بەڵام هێشتاش دەرفەتێک ماوە بۆیان تا بتوانن ئەرکەکانی خۆیان بە شێوەیەکی پرۆفێشناڵانە بەجێبگەیەنن."

ڕامی یەکێکە لە رۆژنامەوانە لێکۆڵەرەوەکان لە عێراق، دوابەدوای ئاشکراکردنی گەندەڵییەکی وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی کێشەی قورس بووەوە تا گەیشتە ئەوەی ڕەوانەی ناوچەیەکی دوور لە زێدی خۆی کرا، ناوچەیەک پڕ لە مەترسی تێرۆریزم و جیهادییە سوننەکانی ئیسلام.

ئەم ڕۆژنامەوانە عێراقییە دەڵێت " توانیم بیسەلمێنم کە بڕوانامەکانی خوێندنی (موجاهد ئەبو الهیل) وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی عێراق ساختەن و دواتریش ئەو وەزیرە لە پۆستەکەی لادرا."

ڕامی ئاماژەش بەوە دەکات کە دەوڵەت و حکومەتەکانی پاش 2003 لە عێراقدا پشتیوانی لە ڕۆژنامەوانان دەکەن بەڵام گەندەڵکاران زیاتر دەکەونە وێزەی ڕۆژنامەوانان و دوور لە هەموو بەها و پرەنسیپە مرۆییەکان مافەکانی ڕۆژنامەوانان پێشێل دەکەن و ژیانیان دەخەنە بەر مەترسییەوە.
ڕامی ئەللامی، باس لە کوژرانی نوسەر و ڕۆژنامەوان (هادی ئەلمەهدی) دەکات وەک نمونەیەک بۆ قوربانییەکانی ڕۆژنامەوانانی عێراق لە پێناو ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران.

ڕامی دەڵێت "هادی ئەلمەهدی یەکێکە لە قوربانییەکان و دەشێت ڕۆژێک لە ڕۆژان ئێمەش وەک هادی ببینە قوربانیی ئەم یان ئەو لایەنی سیاسی لە عێراقدا. بە دڵنیاییەوە لایەنی سیاسی گەندەڵ هەن کە ڕۆچوونەتە ناو جومگەکانی دەوڵەتەوە بەردەوام دەبن لە بە ئامانج گرتنی ڕۆژنامەوانان، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵانەشیاندا دەنگی ڕاستی و دەنگی ڕۆژنامەوانی بوێر بەردەوام دەبن. هادی ئەلمەهدی هەمیشە لە هزر و دڵماندا دەمێنێتەوە و بەردەوامیش لەسەر هەمان ڕێچکەی ئەو دەمێنینەوە و بەردەوامیش دەبین."

ڕۆژنامەوان ئیسماعیل زایر، سەرنوسەری ڕۆژنامەی الصباح الجدید دەڵێت "بە مەخابنێکی زۆرەوە لێکۆڵینەوە یاسایی و دادوەرییەکان زۆر زۆر کەمترن ئەگەر بەراوردیان بکەین بەو دەستدرێژی و پێشێلکاریانەی دەکرێنە سەر ڕۆژنامەوانان، ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو ڕەفتارانە بەرامبەر ڕۆژنامەوانان دەکەن بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان لە خانەی سفردایە و ئەمەش شتێکی مەترسیدارە."

ڕۆژنامەوان ئەحمەد ئەلحەمدانی، چاوەڕوانی ئەوەبووە لەپاش ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین، ئازادی ڕۆژنامەوانی لە عێراقدا ببێتە بوارێکی کراوە لە ڕوانگەی ئەو دیموکراسیەتەی لە دوای 2003 ەوە لە وڵاتەکەیدا دەستی پێکرد، بەڵام وەک باسی دەکات هەر زوو دووچاری هیوابڕان بوو.

ئەلحەمدانی دەڵێت " وەک چۆن پێشتر پارتی بەعسی هەڵوەشاوە دەستیگرتبوو بەسەر تەواوی میدیای عێراقدا، لە پاش 2003وەش لایەنە سیاسییەکان بە ئەندازەیەکی گەورە کۆنترۆڵی میدیایان کرد و ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامەوانانیش بەلای لایەنە سیاسیەکانی خۆیاندا دایاندەشکاند و ئەرکی سەرەکی خۆیان فەرامۆش دەکرد."

ڕۆژنامەوان ئەلحەمدانی ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە بەراورد لەگەڵ ناوەڕاست و باشوری عێراقدا ئازادی ڕۆژنامەوانی زیاترە و دەڵێت " ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت لەگەڵ ڕۆژنامەواناندا ئەوا لە چوارچێوەی بانگهێشتنێکی یاسایی زیاتر تێپەڕ ناکات و سزادانی ڕۆژنامەوانانیش تەنها سزای داراییە، ئەگەر ڕۆژنامەوانان سزا دران."

بەپێی ڕاپۆرتی نێوەندەکانی داکۆکی دەکەن لە ڕۆژنامەوانان و مافەکانیان لەسەر هەردوو ئاستینێونەتەوەیی و ناوخۆیی، ڕۆژنامەوانانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی زۆری مافەکانیان دەبنەوە و کۆسپ و تەگەرەیەکی زۆریش دەخرێنە بەردەم بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.

ڕۆژنامەوان سۆران مامە حەمە، زانیاری یەکلاکەرەوەی دەستدەکەوێت لەسەر باندێکی لەشفرۆشی و تێوەگلانی ژمارەیەک کاربەدەستی کورد و بڕیاردەدات بیکاتە ڕاپۆرتێک. بەڵام بەر لەوەی ڕاپۆرتەکە تەواوبکات ڕۆژی 21 ی مانگی حەوتی ساڵی 2008 لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەرکوک دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللە و دەکوژرێت. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هیچ کەسێک لەسەر دۆسێی ئەو ڕۆژنامەنوسە دەستگیر نەکراوە و وەک دەسەڵاتدارانی کەرکوک دەڵێن لێکۆڵینەوە بەردەوامە.


نوسەر و ڕۆژنامەوان سەردەشت عوسمان پاش بڵاوکردنەوەی وتارێک بە ناونیشانی (من عاشقی کچەکەی بارزانیم) لەبەردەم دەروازەی کۆلیژەکەیدا لە زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر دەڕفێندرێت و دواتر ڕۆژی 4 ی مانگی پێنجی ساڵی 2010 تەرمەکەی لە ناو شاری موسڵدا دەدۆزرێتەوە.

دەسەڵاتدارانی هەرێم نکوڵییان دەکرد لەوەی پەیوەندییان بەو ڕفاندن و کوشتنەوە هەبێت و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان دا. پاش چەند مانگێک ئەو لیژنەیە بەرەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان بڵاوکردەوە و سەردەشت عوسمان کرا بە تێرۆریست.

زۆرێک لە ڕۆژنامەوانانی هەرێم لەوبڕوایەدابوون ئەنجامەکانی ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیە جارێکی تریش سەردەشت عوسمانی کوشتەوە

ڕۆژنامەوان کاوە گەرمیانی، لەسەر بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک دۆسێی گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران لە ناوچەی گەرمیان لە هەرێمی کوردستان. ڕۆژی 5ی مانگی دوازدەی ساڵی 2013 لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی کەلار دەستڕێژی لێدەکرێت و دەکوژرێت.

ڕۆژنامەوان و نوسەری تریش کوژراون لە هەرێمی کوردستاندا وەک دکتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف و وەدات حوسەین.

ئەم تاوانانە زیاتر بەرۆکی هەردوو لایەنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)یان گرتووە. زۆرێک لە چاودێر دەڵێن هۆکاری سەرەکی ئەوەی هیچ یەکێک لەو لێکۆڵینەوانە نەگەیشتوونەتە ئەنجام دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی دادوەری لەو هەرێمەدا.

سنورەکانی ڕۆژنامەوانی ئازاد و ئازادی ڕۆژنامەوانیش لە هەرێمدا بەرەو بەرتەسک بوونەوە دەڕوات، هەرچەندە یاسایەکی تایبەتیش لە پەرلەمانی هەرێمەکەدا پەسەند کراوە بۆ مافەکانی ڕۆژنامەوانان بەڵام وەک ڕۆژنامەوانان خۆیان دەڵێن لە دادگاکاندا کار بەو یاسایە ناکرێت.

ڕۆژنامەوان ڕامی ئەللامی دەڵێت پێدەچێت بە گشتی لە سەرانسەری عێراقدا وەهابێت و دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ ڕۆژنامەوانە سەربەخۆکان نەبێت وەک دەڵێت " ڕۆژنامەوانانی کار بۆ میدیایەکی ئەهلی دەکەن ناتوانن بە شێوەیەکی پیشەییانە و بێلایەنانە ڕای خۆیان دەرببڕن یان بنوسن."

ئەللامی ئاماژەش بەوە دەکات یەکێک لەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر ڕۆژنامەوانانی ئازاد دەکرێت لە عێراقدا تۆمەتبارکردنیانە بەوەی سەر بە پارتی بەعسی هەڵوەشاوەن و دەڵێت "ئەو کاتەی بڕوانامە ساختەکانی وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی عێراقم بڵاوکردنەوە دەیان تۆمەتیان بۆ هەڵبەستم بەوەی کە بەعسیم و کار لە بەرژەوەندی لایەنە ئاژاوەگێڕ و تێکدەرەکان دەکەم و دوورخرامەوە بۆ پارێزگای ئەنبارلەکاتی شەڕە قورس و خوێناویەکانی لەو پارێزگایەدا ڕوویاندەدا دژی تێرۆریستان، بێ لەوەش موچەکەیان کردمە تەنها سێسەد هەزار دیناری عێراقی لە کاتێکدا کرێی ئەو خانوەی تیایدا دەژیام شەش سەد هەزار دینار بوو."

ڕامی ئەللامی دەڵێت "ساڵی 1984 لەدایک بووم و لە کۆتایی سەروەختی گۆڕبەگۆڕ سەدام حوسەیندا تەمەنم 18 بۆ 19 ساڵ بووە و ئیتر نازانم بە چ پێوانەیەک و بە چ یاسا و ڕێسایەک منیان کردە بەعسی. من بۆخۆم شیعەم و لەبیرمە ئەوکاتە وتارێکم بڵاوکردەوە بە ناونیشانی (ئەگەر سوننە بوومایە ئێستا بە تێرۆریست ناودێر دەکرام) بەڵام چونکە شیعەم بۆیە گەندەڵکاران بە بەعسی بوون گوناهباریان دەکردم."

ئەحمەد ئەلحەمدانی کە عەرەبێکی سوننەیە هاوڕایە و دەڵێت "ئایا ڕۆژنامەوان دەتوانێت ئازادانە ڕەخنە بگرێت لە لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی یان لە هێزێکی میلیشیایی چەکداری سەر بە لایەنێک؟!بێگومان وەڵامەکە نەخێرە. بۆ نمونە عەسائیبی ئەهلولحەق ، حزبوڵای عێراق، لایەنە سیاسییەکانی سەر بە ئێران جموجۆڵێکی زۆریان هەیە و بەردەوامن لە قڕ و قەپ پێکردنی هەر کەسێک بیەوێت شتێک بڵێت."

لە ساڵی 2014 ەدا داعش لە پارێزگای ئەنبار خانوەکەی ئەحمەد ئەلحەمدانی دەتەقێنێتەوە و لەو دەمەوە ئەحمەد دەگوێزێتەوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و لەوێ دەژی و وەک دەڵێت "تا ئازادانە کاری ڕۆژنامەوانی خۆی بکات."

ئەحمەد بەرواردێکیش دەکات لە نێوان ئازادی ڕاگەیاندن لە پێش ساڵی دوو هەزار و سێ و پاش ڕوخانی ڕژێمکەی سەدام حوسەین و دەڵێت لە سەروەختی ڕژێمەکەی سەدام حوسەیندا ژمارەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کەناڵەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە پەنجەکانی هەردوو دەست تێنەدەپەڕین، بەڵام لەپاش 2003ەوە ئەو ژمارەیە بووە دەیان و سەدان.

ڕۆژنامەوان ئەلحەمدانی دەڵێت " ئێستا ئەو دەیان کەناڵە ئاسمانی و ئەو سەدان کەناڵە تەلەفزیۆنی و ئەو سەدان گۆڤار و ڕۆژنامانەی هەن کار بۆ لایەنە سیاسییەکان دەکەن و نەمتوانیوە تەنها یەک کەناڵ بدۆزمەوە کار بۆ بەرژەوەندی گشتی بکات یان بە شێوەیەکی تەواوەتی بێلایەن بێت. هەر بۆیە بە ڕای من ئەوەی ئێستا هەیە دووبارەبوونەوەی هەمان ئەزموونی میدیایە لە سەروەختی سەدام حوسەیندا."

ئەی ئەو کەناڵانەی حکومەتی عێراق بودجەیان بۆ تەرخان دەکات، ئاستی پیشەیی کارەکانیان چۆنن؟

ڕۆژنامەوان ئەلحەمدانی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت "ئەو کەناڵانەی حکومەتی عێراقی بودجەیان بۆ تەرخان دەکات دەبوایە بێلایەنانە کاریان بکردایە و بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیشیان بە پێچەوانەی سەروەختی سەدام حوسەین بووایە، بەڵام دەرکەوتووە کە بۆ پارتی دەعوە کاریان دەکرد لەو کاتەوە کە نوری ئەلمالیکی بووە سەرەک وەزیری عێراق، ئەمەش درێژەی هەیە لە کاتێکدا دەبوایە ئەو کەناڵانە زمانحاڵی حکومەت و زمانحاڵی خەڵک بوونایە نەک تاکە لایەنێک. هەوڵ هەبوون بۆ ڕێگەگرتن لەم دیاردەیە، حەیدەر ئەلعەبادی سەرەک وەزیر هەوڵی دا، ئێستاش عادل عەبدولمەهدی سەرەک وەزیر هەمان هەوڵ دەداتەوە، عەبادی سەرکەوتوو نەبوو لەو هەوڵانەیدا و پێشم وانییە هەوڵەکانی عەبدولمەهدیش سەربگرن."

ئیسماعیل زایر، سەرنوسەری ڕۆژنامەی (الصباح الجدید) گەشبینە بەوەی ڕەوشی ئازادی ڕاگەیاندن لە عێراقدا هەنگاوی بەرەوپێشی ناوە و مافەکان لە دەستوری عێراقدا دیاریکراون، دەڵێت " ئەگەر بێتوو ئێستای ڕەوشی میدیا لە عێراقدا بەراورد بکەین بە وڵاتانی تری جیهانی عەرەبی و تا ئەندازەیەکیش بە وڵاتانی جیهانی سێهەم، ئەوا دەکرێت عێراق بە یەکێک لە باشترین وڵات ناودێر بکرێت بۆ میدیاکاران لە ڕوانگەی ئەو دەستکەوتە دەستوریانەی ڕۆژنامەوانان هەیانە."

بەپێی ڕای زۆرێک لە چاودێر لە هەرچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا کە مانایەک بۆ سەروەری یاسا بوونی نەبێت و یاسا نەتوانێت سەروەر بێت و لەبری یاسا هێزی سیاسی و میلیشیاکان خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینە بن ئەوا هیچ بەهایەکیش بۆ دەستور یان یاسای بنچینەیی وڵات نامێنێتەوە.

عێراق بێ لەو قەیرانە تایفەگەراییەی تێی کەوتبوو (هێشتاش ئەو دیاردەیە کەم تا زۆرێک ماوەتەوە) ڕووبەڕووی شەڕێکی گەورەی خوێناویش بووەوە لەگەڵ ڕێکخراوە ڕادیکاڵە جیهادییەکانی وەک ئەلقاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی تریش.

عێراق وەک هەر وڵاتێکی تر لە ڕێی پەرلەمانەوە یاسای دژە تێرۆری تێپەڕاند. گەواهیدەران و پارێزەرانیش هەن جەختیان کردۆتەوە لەوەی هەندێک جار ئەم یاسایە خراپ بەکارهێنراوە و کاریگەرییەکی نەرێنیشی هەبووە بەسەر ڕووبەری ئازادییەکانی تاکە کەسەوە، لەوانە میدیاکارانیش.

ئیسماعیل زایر دەڵێت "شاراوە نییە لامان کاتێک باس لەوە دەکەین کە ئازادیەکان بۆ هەموو کەسێک دەستەبەرکراوە بەڵام نکوڵی ناکرێت لەوەی ئەمەش دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە و سەرچاوەی ئەم کاریگەرییەش لە ڕەهەندە سیاسی و لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکەوەن. ئەزموونی سیاسی عێراق تایبەتمەندێتی خۆی هەیە و بە گشتی نەبەستراوەتەوە بە پرەنسیپە دیموکراتییەکان و ئازادییەکانەوە هیندەی ئەوەی بەستراوەتەوە بە ئیرادە و ئاینزا و نەتەوە ئەو شتانەوە."


سەرنوسەری ڕۆژنامەی ئەلصەباح الجدید دەشڵێت ناکرێت ئەو ڕاستییەش باس نەکرێت کە بەشێکی بەرچاوی لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەر یەکە و جۆرە بەرنامە و سەرچاوەیەکی داراییان هەیە و دەڵێت "وڵاتی بیانی هەن لەناو عێراقدا دامەزراوی میدیایی دروست دەکەن و ئەمەش وەهای کردووە لەناو میدیادا بەگشتی جەمسەرگیریی ئاینزایی دروست ببێت و هەر ئەمەشە وەهای کردووە میدیا لە عێراق ببێتە ڕوویەکی تری جەمسەرگیریی ئاینزایی. ئەو وڵاتانەی ناوچەکە وەک عەرەبستانی سعودیە و قەتەر و ئێران کە خاوەنی هەڵوێست و بەرنامەی جیاوازن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، ئەمەش وەهای کردووە نەخشەی بوونی میدیای عێراق تێکەڵ و پێکەڵ بێت و هەر بۆیەشە ناوبەناو شەپۆلێکی گەورەی هاندراو و وروژێنەر دەبینیت بۆ پشتیوانی لە هەڵوێستی وڵاتێکی دیاریکراو یان جەمسەرێکی دیاریکراو لە یەکێک لەو وڵاتانەی چواردەوری عێراق."

زایر دەڵێت میدیاش هەبووە بەخۆی زانیبێت یان نەزانیبێت، یانیش بە مەبەست بووبێت یان بێ مەبەست بەشێکی بەرچاوی ئەو گوتارانەی هەیبووە کەوتوونەتە خزمەت هزری توندڕەویەوە، هەر بۆیەشە دەبینین جارجارە دووچاری لێپێچینەوە دەبنەوە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کە بگوترێت هەموو جارێک ئەو لێپێچینەوانە لەسەر بنچینەیەکی دروستن، وە دەشڵێت "لەگەڵ هەر سەرهەڵدانی قەیرانێکدا لە عێراقدا ڕۆژنامەوانان کاتێک دەکەونە باسکردنی ڕاستیەکانی ئەو کێشە و ئاڵۆزیانە، زیاتر دەکەونە بەر مەترسییەکان کە هەندێک جار مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانیشیان."

ئیسماعیل زایر دەشڵێت نەبوونی میدیایەکی نیشتمانی، یانیش نەبوونی بەرپرسیارێتییەکی پێویستیش لەبەرامبەر ئەرکە نیشتمانییەکانی میدیا بەشێکی دانەبڕاوی ئەو کێشە و گرفتانەیە کە میدیای عێراقی پیادا تێپەڕ دەبێت و دەڵێت " ئەمە بۆتە مایەی هەندێک تایبەتمەندێتی نەرێنی، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لە ساڵی 2003وە جۆرێک لە میدیا دروستبووە کە دەکرێت بگوترێت ڕەهەندی نیشتمانیانە و بێلایەن زیاتر زاڵە بەسەریدا وەک لە ڕەهەندەکانی تر، کەسایەتی ناودار و دەزگای میدیایی پیشەیی بەڕێوەیان دەبەن. ئەگەرچی ئەم جۆرە میدیایە کەمن و بچوکیشن بە بەراورد لەگەڵ ئەو میدیایانەی لە بەرژەوەندی بەرنامەیەکی سیاسی و لایەنێکی دیاریکراوی سیاسیدا کار دەکەن، بەڵام خاوەنی بڕوا و متمانەیەکی زیاترن لای خەڵکی عێراق."

گەشەکردنی ئەم جۆرە میدیا سەربەخۆ و بێلایەنە وەک ئیسماعیل باسی دەکات بۆتە پێداویستییەکی گەورە و گرنگ بۆ ئایندەی میدیا لە وڵاتەکەیدا، بەڵام دەشڵێت گرفتی زۆریشی لەبەردەمدایە وەک میدیای سێبەر "میدیای سێبەر کاری نەرێنی خۆی دەکات و لەسەر بونیادی لاوازیی میدیاکانی تر درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات و ئەم میدیای سێبەرەش خوێنەری خۆی هەیە و بەشداریشە لە هەوڵە چەواشەکارییەکانی میدیای سێبەردا."

ڕامی و ئەحمەد و ئیسماعیل هاوڕان لەسەر ئەوەی بڕوابوون بە سەروەری یاسا لە عێراقدا یارمەتیدەری سەرەکی دەبێت بۆ پاراستنی مافەکانی تاکە کەس و ڕێگەگرتن لەو پێشێلکاریانەی دەکرێن بەرامبەر ڕۆژنامەوانان و بە تایبەتیش بۆ پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەوانیی ئازادیش.

ئازدیەکانی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و میدیا، بەشێکن لە ئازادیە سیاسییەکان و لەڕێی ڕەخساندنی زەمینە دیموکراسییەکان و مافی هاوڵاتیان بۆ بەشداریکردنیان لە کاروبارە گشتییەکان و مافی کۆڕ و کۆبوونەوەوە دەستەبەر دەکرێن.

ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین پێداویستییەکی مێژووییە و کاتێکیش دەبێتە بەشێک لە ڕووی دیموکراسی، ئەوجا گرنگی و بەهای ڕاستەقینەی ڕاگەیاندنی ئازاد دەردەکەوێت بۆ گەیاندنی دەنگی ئازاد بە ڕای گشتی و بە کەسەکانی لە لوتکەی دەسەڵاتدان، هەر بۆیە دەبینین دیکتاتۆرەکان و ڕژێمە سەرکوتکارەکان ئازادییەکانی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین یان قەدەغە دەکەن یانیش دەنگە ئازادەکان سەرکوت دەکەن.

بەڵێ، ئازادی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنی ئازادیش گرنگە تا کۆمەڵگەیەکی پێشکەتووی چالاک هەبێت.

 

 

لەبەشی کوردی دەنگی ئەمەریکاوە وەرگیراوە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×