2019-01-01   1298     
ئا: ئاوێنــــــــــــــــــە
ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ بەشارەتی لەبارەی هەڵوێستی حزبەكەی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك دەڵێت "خەڵكێك شەرم نەكات لەوەی كەركوكی دابێت بەدەستەوەو ئێستاش بێت پارتی تۆمەتبار بكات، پارتی نەیتوانیوە دەستەمۆی هیچ كام لەداگیركەرەكانی كوردستان بێت، لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ گۆران ئەو وتی "من وەك پارتیەك قسە دەكەم ئەگەر گۆران لەنیوەی رێگا لەحكومەت بكشێتەوە ئەو 12 كورسیەشیان بەدەستەوە ناهێلێن".
ئاوێنە: بۆچی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بە سستی بەرێوە دەچێت، لەكاتێكدا خەڵك چاوەروانی پێكهێنانیەتی؟
فازڵ بەشارەتی: من لەگەڵ داوای خەڵكی كوردستانم كە پەلەیانە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مافی خۆیانە ئەزانم هیوایەكی باشیان لەسەر كابینەی نوێ هەڵچنیوە، چونكە كۆمەڵێك كێشەو گرفت لەكۆڵ هەرێمی كوردستان بوەتەوە یەكێك لەوانە نەمانی كاریگەری شەری دژی تیرۆرستانی داعش، كە بەڵایەكی گەورە بو بەسەر هەرێمی كوردستانەوە، خاڵێكی تر ئەوەیە كە خەریكە قەیرانی ئابوری كۆتاییپێ دێت دەتوانم بڵێم لەسەدا حەفتا كێشە ئابورییەكان سوك بوە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە دو دەستكەوتی باشو گرنگی دەزانم، هەروەها ناكۆكیو ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانو ئەو گرژیانەی لەنێوانیان هەبو تا رادەیەك خاوبوتەوە، بەڵام جار جار كەسانی ناحەزو ئەوانەی رۆڵی تێكدان دەبینن قسەی توندوتیژو ئاگراوی دەكەن، من ئەو جۆرە لێدوانو قسانەیان دەگێرمەوە بۆ هەستنەكردنیان بە بەرپرسیارەتیو رەچاونەكردنی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان، هیوادارم هەمو قسەكەرێكو نوسەرو رۆژنامەنوسو بەرپرسێكو هەمو تاكێكی خەڵكی كوردستان بارودۆخی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرنو رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن كە ئومێدیان بە كابینەی نوێ هەیە.
ئاوێنە: یەكێتی پرسی پۆستەكانی بەغداو چارەسەركردنی دۆخی كەركوكیو كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی پێكەوە بەستوەتەوە، بۆچی پارتی هاوكار نیە بۆ چارەسەركردنی دۆخی كەركوك؟
فازڵ بەشارەتی: پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە باجی گەورەی داوە لەدو روانگەوە، یەكەمیان بابەتە نیشتمانیو نەتەوەییەكانی لەبەرچاو گرتوە و زۆر لە تەجاوزاتی خەڵكو قسەو قسەڵۆكی خەڵك خۆی لاداوەو لەبەرامبەر برو بیانوی هەندێك لایەنیش چاوپۆشی دەكات، كە باش دەزانن پارتی دیموكراتی كوردستان بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو دەگرێتو بۆی بابەتێكی هێجگار گرنگە، دوەم كە دەڵێم پارتی دو باجی زۆر گەورەی داوە پارتی قسە كەم دەكات بەداخەوە خەڵكێكی زۆر قسە دەكەن بۆ چەواشەكردنی رای گشتیو میدیاو خەڵكی كوردستان، ئەگینا من نازانمو زۆر بەلامەوە سەیرە خەڵكێك حەق بەخۆی بدات شەرم نەكات لەوەی كەركوكی دابێت بەدەستەوەو ئەمرۆ بێت پارتی دیموكراتی كوردستان خەتابار بكات، بە تایبەت لە بابەتی پارێزگاری شاری كەركوك، دەبێت هەمو خەڵكی كوردستان بزانێت پارتی نەیتوانیوە دەستەمۆی هیكام لەداگیركەرەكانی كوردستان ببێت، نەیتوانیوە لەژێر چەتری هیچ لایەكدا سیاسەت بكات، پارتی نەیتوانیوە دەست بە سنگەوە بگرێت بۆ هیچ ناحەزێكی كوردستان، ئەمرۆ ئەگەر بروات بۆ كەركوك دەبێت دەست بە سنگیەوە بگرێت، دەبێت بە حەشدی شەعبی بڵێت بە ریشی مەردانەت قەسەم دەی پارتی ئەم كارە ناكات، هەتا كەركوك نەگەرێتەوە بارودۆخی ئاسایی جارانی خۆی پارتی ناچێتەوە ناو كەركوك ئەوە وەزع نیە كەركوكی تێدایەو خەڵكی كەركوكی تێدا دەژی، هەمو مان بینیمان لەرۆژی ئاڵای كوردستان حزبی شیوعی كوردستان ئازایەتیان نواندو دەستیان خۆش بێت ئاڵای كوردستانیان لەسەر بارەگاكەیان هەڵكرد، بەڵام نەیان هێشت یەك كاتژمێری بەسەردا بروات ئاڵاكەیان بۆداگرتن، پارتی ناتوانێت لەم بارودۆخو شوێنانە سیاسەت بكات، پارتی نایەوێت بچێتە جێگەیەك كە ئازادیەكەی بەدەست خەڵكانی ترەوە بن.
ئاوێنە: دوای دروستبونی ئەو گرژیانەی رابردو، ئێستا نیوانی پارتیو بزوتنەوەی گۆران بەتایبەت بۆ بەشدارپێكردنیان لەحكومەت چۆنە؟
فازڵ بەشارەتی: خۆی لەراستیدا پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندی لەگەڵ هەمو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان باشەو حەز بە دۆستایەتییان دەكاتو مامەڵەیەكی سیاسیانەیان لەگەڵ دەكەین، بەڵام بەداخەوە لایەنەكانی دیكە بە بزوتنەوەی گۆرانیشەوە بە رقی كەسی سیاسەت لەگەڵ پارتی دەكەن، ئێمە لەرابردوش ئەوەندە دۆستایەتی بزوتنەوەی گۆرانمان كرد تا كەوتینە بەر تیرو تانەو تەشەری هەمو دۆستەكانی خۆمان بە یەكێتیشو خەڵكانی دیكەشەوە، بزوتنەوەی گۆران نەیزانی راستگۆبێت لەو دۆستایەتیەیان لەگەڵ ئێمە، راستگۆنەبون لەگەڵ دەنگدەرەكانی خۆیان، بزوتنەوەیەكی خزمەتگوزار نەبون نەیان توانی راستگۆبن لەبەرامبەر ئەو هەمو خەڵكەی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەزارو یەك شیعاری جۆراوجۆی گەورە گەورەیان دەوتو بەڵێنی گەورە گەورەیان بەخەڵك دەدا، بەڵام لەدوای هەڵبژاردن هەمو بەڵێنەكانیان لەبیركرد، هەمومان بینیمان گۆران چۆن رەفتاری دەكرد لەناو گۆرەپانی سیاسی كوردستانو زیانی بەپرۆسەی سیاسیو بە پلەی یەك بەخۆی گەیاند لەخولی سێیەم گۆران خاوەنی 25 كورسی بو لەخولی چوارەم بو بە 24 ئێستا كە خولی پێنجەمە تەنها 12 كورسی هەیە، هەمو ئەمانە پەیوەندی بە هەڵەی بزوتنەوەی گۆرانەوە هەیە بە تایبەت هەڵەی كۆمەڵێك خەڵكی نامەسئولی هەرزەكاری موراهیقی تێنەگەیشتو لەبارودۆخی سیاسی كوردستان، كە ئەو بزوتنەوەیەی تەواو بچوك كردەوە، ئێستاش هیوادارم بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ پارتی بكەن، تا ئێستا باسی پشكی لەسەدا دوانزەو حەڤدە بۆ هیچ لایەنێك نەكراوە، بەڵام بۆ گۆرانو یەكێتی واباشترە كەمترین لایەن بەشداریی پێ بكرێت لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئاوێنە: چ دڵنیاییەك هەیە كە لایەنە بەشدارەكانی حكومەتی نوێ لەنیوەی رێگا ناكشێنەوە؟
فازڵ بەشارەتی: من وەك پارتییەك دڵنیایان دەكەمەوە ئەگەر ئەم جارەش وەك جاری پێشو لەنیوەی رێگا بكشێنەوە ئەو 12 كورسیەش بە بزوتنەوەی گۆران ناهێڵین، هیوادارم گۆران تەمێ بوبێت لەو رەفتارانەی پێشوی، هەر گۆران نا مەبەستم لایەنەكانی دیكەشە، چونكە سەركەوتو نەبون لەو رەفتارانەی پێشویان، هەم رقی پارتیان لەخۆیان هەستان هەم رقی خەڵكی كوردستانیشیان لەخۆیان هەستان.
ئاوێنە: بەرەچاوكردنی بارودۆخی كوردستان هیچ ئەگەرێك هەیە یەكێتی نیشتمانی بكات بەهێزێكی ئۆپۆزسیۆن؟
فازڵ بەشارەتی: ئەوە هەمو لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی كوردستانە كە تا ئێستاش كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێك نەهێنراوە، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە پارتی هەوڵی تەواوی خۆی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانو لایەنەكانی دیكەش دەدات كە مەبەستیانە بەشداریی بكەن لەحكومەت ئەگەر هەر نەهاتن ئەوا ئەو كاتە بە دڵنیاییەوە پارتی حكومەتی خۆی پێك دەهێنێت، هەر لایەنێك هات بەخێر بێت ئەوەشی نایەت دەتوانم پێی بڵێم پارتی بەشی دو حكومەتو زیاتر خەڵكی كارامەو پرۆفیشناڵی هەیە حكومەتەكە بەرێوە ببەن.
ئاوێنە: پارتی لەدروستبونی دو ئیدارەیی ناترسێك بەبێ یەكێتی حكومەت پێكبهێنێت؟
فازڵ بەشارەتی: نەخێر بارودۆخی كوردستانو خەڵكی كوردستان رێگە بە دو ئیدارەیی نادەن، دۆخە سیاسییەكەی ناوچەكە ئەوە لەهیچ كەسو لایەنێك قبوڵ ناكات نەك دو ئیدارەیی دروست بكرێت بەڵكو بیر لەدو ئیدارەیش بكرێتەوە.