ویكیلیكس: عه‌لی‌ باپیر: په‌كه‌كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ مه‌ترسییه‌‌و پێویسته‌ له‌چه‌ك دابماڵرێت
  2019-05-07       3259       

  ئا: هاوكار حسێن

عه‌لی‌ باپیر به‌نهێنی‌ داوای‌ له‌ئه‌مریكییه‌كان كردوه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ له‌چه‌ك دابماڵرێت به‌وپێیه‌ی‌ "سه‌رچاوه‌ی‌ مه‌ترسییه‌"، له‌هه‌مان كاتدا ناوبراو پێیوایه‌ ئه‌نسار سوننه‌‌و ئه‌نسار ئیسلام كه‌ به‌دو گروپی‌ تیرۆریستی‌ لای‌ ئه‌مریكییه‌كان ناسراون، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ "سه‌ره‌كی‌" دروست ناكه‌ن. به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی ئه‌مریكاش، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌ساڵانی‌ ئۆپۆزسیۆنبونیدا مانگانه‌ بڕێك پاره‌ی‌ دیارینه‌كراوی‌ له‌پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ وه‌رگرتوه‌.

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ ویكیلیكس، كه‌ ئاوێنه‌  ده‌قه‌كه‌ی‌ كردوه‌ به‌كوردی‌، له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌رپرس‌و دیپلۆماتكاره‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق، عه‌لی‌ باپیر ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان باسی‌ له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "هیچ ئیسلامییه‌كی‌ توندڕه‌وی‌ دیار له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا نیه‌، به‌ڵام پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌)‌و پارتی‌ ژیانی‌ ئازاد (پژاك) سه‌رچاوه‌ی‌ مه‌ترسین‌و پێویسته‌ له‌چه‌ك دابماڵرێن"، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌مریكییه‌كان نوسیویانه‌:(به‌ڵام عه‌لی‌ باپیر ئه‌نسار سوننه‌‌و ئه‌نسار ئیسلام به‌هه‌ڕه‌شه‌ی‌ "سه‌ره‌كی‌" نازانێت. له‌كاتێكدا  ئه‌ندامانی‌ بزوتنه‌وه‌ ساڵی‌ 2001 ریزه‌كانی‌ حزبه‌كه‌یان جێهێشت‌و په‌یوه‌ندییان كرد به‌و گروپه‌ تیرۆریستیانه‌وه‌ (ئه‌نساره‌كان) كه‌ سه‌ربه‌ ئه‌لقاعیده‌ن).
له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا كه‌ مێژوه‌كه‌ی‌ بۆ ساڵی‌ 2007، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مریكیه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ "كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ مانگانه‌ بڕێك پاره‌ی‌ دیارینه‌كراو له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان وه‌رده‌گرێت. باپیر سكاڵای‌ ئه‌وه‌ی‌ كرد كه‌ حزبه‌كه‌ی‌ هیچ بودجه‌یه‌ك له‌په‌له‌رمانی‌ كوردستان وه‌رناگرێت. (به‌ڵام راپۆرتێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ی‌ 120 هه‌زار دۆلار له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان وه‌رده‌گرێت)".
دركاندنی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ له‌كاتێكدایه‌، هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا باپیر به‌به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكای‌ راگه‌یاندوه‌، "گه‌نده‌ڵی‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌یه‌ كه‌ روبه‌ڕوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌بێته‌وه‌‌و ئه‌گه‌ر یاسای‌ شه‌ریعه‌ت بچه‌سپێت، ئه‌وا رێگه‌ده‌گیرێت له‌وه‌ی‌ به‌رپرسان پله‌وپۆستی‌ حكومی‌ به‌كاربهێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌".
له‌به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ داوای‌ رونكردنه‌وه‌ی‌ له‌ئه‌مریكا كردوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌ندامێكیان به‌ناوی‌ جومعه‌ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د كه‌ رۆژی‌ 12ی‌ ئابی‌ 2007 له‌نزیك به‌غداده‌ستگیركراوه‌‌و 600 هه‌زار دۆلاری‌ پێبوه‌. كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ناوبراو "به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌رعی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌ئه‌ندامانیان كۆكردوه‌ته‌وه‌‌و به‌مه‌به‌ستی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراوو كڕینی‌ كه‌لوپه‌لی‌ ئاسایی‌ له‌به‌غدا بوه‌".
باپیر سكاڵای‌ قوربانییه‌كانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌مریكا‌و ده‌ڵێت، "ئه‌مریكا له‌ساڵی‌ 2003 له‌خورماڵ،43 ئه‌ندامی‌ كۆمه‌ڵی‌ كوشت‌و 100 كه‌سی‌ دیكه‌ی‌ برینداركرد. ئه‌مه‌ش وای له‌پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ كرد واهه‌ستبكه‌ن كه‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و داخستنی‌ باره‌گاكانیان، كاتێك ئه‌مریكییه‌كان گه‌یشتن‌و سه‌دامیان روخاند".

ده‌قی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كه‌:
ئای‌ دی‌: 07BAGHDAD3252_a
بابه‌ت: كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عه‌لی‌ باپیر، سه‌ركرده‌ی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق
به‌روار: 28ی‌ ئه‌یلولی‌ 2007
پۆلێن: زۆرنهێنی‌

پوخته‌:
كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ك پارتێكی‌ ئیسلامی‌ میانڕه‌و له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا كارده‌كات. كۆمه‌ڵ چالاكانه‌ خه‌ریكی‌ به‌ئه‌ندامكردنی‌ گه‌نجان‌و خوێندكارانه‌و پشتیوانی‌ له‌شه‌ریعه‌ت ده‌كات. ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵ لۆمه‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ میدیا‌و حزبه‌ عه‌لمانیه‌كان‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات بۆ ئه‌و ناعه‌داله‌تی‌‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌زیادبوندایه‌و هه‌مو لایه‌كی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ گرتوه‌ته‌وه‌. ئه‌و بڕواشی‌ وایه‌ كه‌ ئه‌مریكا پێویسته‌ جیاوازیی‌ بكات له‌نێوان پارته‌ ئیسلامییه‌ میانڕه‌وه‌كان‌و توندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌كاندا‌و ره‌چاوی‌ زیاتری‌ هه‌ستیاری‌ كولتوریی‌ له‌ژینگه‌ی‌ عێراقدا بكرێت‌و پشتیوانی‌ له‌گرنگترین ئه‌و مافانه‌ی‌ مرۆڤ بكات كه‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كات. سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ش، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ داوای‌ ئازادكردنی‌ یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی‌ ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان له‌عێراق گیراوه‌. دیداره‌كه‌ هه‌ندێك زانیاری‌ كه‌می‌ تێدا ئاڵوگۆڕكرا له‌باره‌ی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و باسوخواسانه‌ی‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامییه‌وه‌ هاتنه‌پێشه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و بۆچونه‌ بون كه‌ هه‌ردو حزبی‌ باڵاده‌ست (پارتی‌‌و یه‌كێتی‌) به‌ته‌واوی‌ ئاماده‌نین بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراتی‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی‌ سیاسیدا بكه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كه‌ن كه‌ وه‌ڕه‌سبونی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ده‌ست پارته‌ فه‌رمانڕه‌واكانی‌ كورده‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌وه‌ به‌حكومه‌تی‌ ئه‌مریكا، كه‌ وێنه‌ی‌ ئه‌و دو حزبه‌ له‌ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ له‌به‌رچاوی‌ گروپی‌ گه‌نجان‌و ئۆپۆزسیۆندا، توشی‌ داخوران بوه‌.

پاشخان:
له‌رۆژی‌ 15ی‌ ئه‌یلولی‌ 2007، به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا له‌تیمی‌ ئاوه‌دانكرده‌وه‌ چاویانكه‌وت به‌عه‌لی‌ باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌ئۆفیسه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش دوای‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ پێشتر دێت. ساڵی‌ 2003 باپیر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌ ده‌ستگیركراو 22 مانگ له‌زیندان مایه‌وه‌، كه‌ ئه‌و له‌كتێبی‌ "ئه‌شكه‌نجه‌و زیندان"دا باسی‌ كردوه‌و نوسخه‌یه‌كی‌ له‌كتێبه‌كه‌ی‌ به‌ئیمزاكراوی‌ پێداین. عه‌لی‌ باپیر هێشتا سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2003، ئه‌مریكا نه‌یتوانی‌ درك به‌وه‌ بكات كه‌ ئه‌و به‌شێك بوه‌ له‌ئۆپۆزسیۆن له‌دژی‌ سه‌دام حسێن.

بونی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌
عه‌لی‌ باپیر ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ به‌نزیكه‌ی‌ 100 هه‌زار ئه‌ندام مه‌زه‌نده‌كرد، كه‌ شه‌ش له‌وانه‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانن‌و یه‌كێكیشیان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقه‌. ئه‌م حزبه‌ 9 مه‌ڵبه‌ند‌و پێنج كۆمیته‌ی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كه‌ركوكدا. باپیر باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ رێبازێكی‌ ئیسلامی‌ گرتوه‌ته‌به‌ر كه‌ نه‌ سه‌له‌فیه‌‌و 
نه‌ سۆفیگه‌ری، هه‌روه‌ها حزبێكی‌ میانڕه‌وه‌ له‌روی‌ سیاسی‌و ته‌فسیركردنی‌ فكری‌ ئیسلامیدا.
باپیر وتی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ خۆی‌ ده‌پارێزێت له‌گه‌ڵ حزبه‌ سیاسییه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانی‌ عێراق. عه‌لی‌ باپیر خۆی‌ به‌دورگرت له‌باسكردنی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ سه‌ركرده‌ی‌ كۆچكردوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، عه‌لی‌ عه‌بدولعه‌زیز هه‌ڵه‌بجه‌یی‌. (باپیر بۆخۆی‌ ئه‌ندامێكی‌ پێشوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامییه‌). كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ مانگانه‌ بڕێك پاره‌ی‌ دیارینه‌كراو له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان وه‌رده‌گرێت. باپیر سكاڵای‌ ئه‌وه‌ی‌ كرد كه‌ حزبه‌كه‌ی‌ هیچ بودجه‌یه‌ك له‌په‌له‌رمانی‌ كوردستان وه‌رناگرێت. (تێبینی‌: حزبه‌كانی‌ دیكه‌ش هه‌مان سكاڵایان هه‌بو، به‌ڵام راپۆرتێكی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ی‌ 120 هه‌زار دۆلار له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان وه‌رده‌گرێت).

راكێشانی‌ گه‌نجان‌و نه‌هێشتنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ 
باپیر  وتی‌، هاوشێوه‌ی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، كۆمه‌ڵی ئیسلامیش بایه‌خی‌ تایبه‌ت به‌گه‌نجان‌و خوێندكاران ده‌دات. كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌كوردستانی‌ عێراق نه‌بونی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ رۆحییه‌ به‌گه‌نجان كه‌ باپیر ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ به‌حكومه‌ت‌و پارته‌ سیاسییه‌ باڵاده‌سته‌كان‌و میدیای‌ عه‌لمانی. 
باپیر به‌به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكای‌ راگه‌یاند، گه‌نده‌ڵی‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌یه‌ كه‌ روبه‌ڕوی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌بێته‌وه‌‌و ئه‌گه‌ر یاسای‌ شه‌ریعه‌ت بچه‌سپێت، ئه‌وا رێگه‌ده‌گیرێت له‌وه‌ی‌ به‌رپرسان پله‌وپۆستی‌ حكومی‌ به‌كاربهێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌. ئه‌و وتیشی‌، رێبازی‌ ئیسلام داواده‌كات هه‌مو به‌رپرسان له‌هه‌ر ئاستێكدا بن، سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ خۆیان ئاشكرابكه‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ شه‌فافیه‌ت هه‌بێت له‌خه‌رجی‌ گشتییدا.    

په‌یامه‌كانی‌ بۆ ئه‌مریكا:
عه‌لی‌ باپیر چه‌ند لێدوانێكی‌ دیكه‌ی‌ هه‌بو بۆ تێگه‌یشتنی‌ ئه‌مریكا له‌كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و عێراق كه‌ ئه‌مانه‌بون:
- ئه‌مریكا 43 ئه‌ندامی‌ كۆمه‌ڵی‌ كوشت‌و 100 ی‌ دیكه‌ی‌ برینداركرد له‌ساڵی‌ 2003 له‌خورماڵ. ئه‌مه‌ش وای له‌پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ كرد واهه‌ستبكه‌ن كه‌ مۆڵه‌تیان پێدراوه‌ بۆ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و داخستنی‌ باره‌گاكانیان، كاتێك ئه‌مریكییه‌كان گه‌یشتن‌و سه‌دامیان روخاند. یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ به‌ناوی‌ ئه‌مریكاوه‌ به‌رده‌وامن له‌هێرشكردنه‌سه‌ر ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵ. چه‌ندین ئه‌نداممان هه‌ن له‌زیندانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ تۆمه‌ته‌كانیانن‌و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن به‌هۆی‌ باوه‌ڕبونیان به‌ئیسلام. 
- پێویسته‌ ئه‌مریكا گوشار بخاته‌سه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم تا ئازادی‌ زیاتر بداته‌ گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان.
- ئه‌مریكا پێویسته‌ جیاوازیی‌ بكات له‌نێوان پارته‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان‌و میانڕه‌وه‌كان. هیچ ئیسلامییه‌كی‌ توندڕه‌وی‌ دیار له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا نیه‌، به‌ڵام پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌)‌و پارتی‌ ژیانی‌ ئازاد (پژاك) مه‌ترسی‌ دروستده‌كه‌ن‌و پێویسته‌ له‌چه‌ك دابماڵرێن، به‌ڵام عه‌لی‌ باپیر ئه‌نسار سوننه‌‌و ئه‌نسار ئیسلام به‌هه‌ڕه‌شه‌ی‌ "سه‌ره‌كی‌" نازانێت. (تێبینی‌: ئه‌ندامانی‌ بزوتنه‌وه‌ ساڵی‌ 2001 ریزه‌كانی‌ حزبه‌كه‌یان جێهێشت‌و په‌یوه‌ندییان كرد به‌و گروپه‌ تیرۆریستیانه‌وه‌ (ئه‌نساره‌كان) كه‌ سه‌ربه‌ ئه‌لقاعیده‌ن).
- پێویسته‌ ئه‌مریكا وه‌به‌رهێنان له‌سیستمی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ گشتییدا بكات له‌عێراق، نه‌ك ته‌نیا قوتابخانه‌ی‌ تایبه‌ت بكاته‌وه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌كات. (تێبینی‌: ئه‌م لێدوانه‌ی‌ قوتابخانه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر‌و زانكۆی‌ ئه‌مریكی‌ له‌سلێمانی‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌مین هی‌ نێچیرڤان بارزانیه‌و ئه‌وه‌ی‌ دوه‌میشیان ئه‌مریكا پشتیوانی‌ لێده‌كات).

داوای‌ یارمه‌تیدان
كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ده‌خوازێت ئه‌مریكا رونكردنه‌وه‌ی‌ هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌ندامێكیان به‌ناوی‌ جومعه‌ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د. ناوبراو رۆژی‌ 12ی‌ ئابی‌ 2007 ده‌ستگیركرا له‌نزیك به‌غدا‌و 600 هه‌زار دۆلاری‌ پێبوه‌. كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ داوای ئازادكردنی‌ جومعه‌ ده‌كات‌و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ناوبراو به‌شێوه‌یه‌كی‌ شه‌رعی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ له‌ئه‌ندامانیان كۆكردوه‌ته‌وه‌‌و به‌مه‌به‌ستی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراوو كڕینی‌ كه‌لوپه‌لی‌ ئاسایی‌ له‌به‌غدا بوه‌. به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا به‌وه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ كه‌ په‌یامه‌كه‌یان ده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام هیچ به‌ڵێنێكی‌ دیكه‌یان پێنه‌دان.  

كۆمێنت:
هاوشێوه‌ی‌ سه‌ركرده‌ی‌ پارته‌ ئیسلامیه‌كانی‌ دیكه‌، باپیر سكاڵای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بو كه‌ ئه‌مریكا داننانێت به‌به‌شداریی‌ ئیجابیانه‌ی‌ حزبه‌كه‌یدا. پشتیوانی‌ ئه‌مریكا بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و پارته‌ باڵاده‌سته‌كان، رێگه‌ی‌ به‌یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ داوه‌ مافه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن‌و پارته‌ بچوكه‌كان پێشێلبكه‌ن‌و بیانكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسییه‌وه‌. حكومه‌تی‌ هه‌رێم ناخوازێت توێژی‌ گه‌نجان له‌ده‌ستبدات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ره‌خنه‌ییانه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌‌و خواستی‌ ئه‌وه‌یانه‌ له‌وه‌ زیاتر پاشه‌كه‌وتی‌ ئابورییان هه‌بێت كه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ پێیانده‌ده‌ن. 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×