بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسداران لەوەڵامی ترامپ-دا: هیچ دانوستانێك لەگەڵ ئەمریكییەكان ناكەین
  2019-05-10       997       

یەدوڵا جەوانی، یاریدەدەری سیاسی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لەبەرامبەر لێدوانەكەی ترامپ-دا كە داوای لەسەركردایەتی ئێران كردبو لەگەڵ دابنیشن و گفتوگۆ بكەن لەپێناو دەستهەڵگرتنی ئەو وڵاتە لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی، رایگەیاند، هیچ دانوستانێك لەگەڵ ئەمریكییەكان ناكەین و ئەمریكییەكان جورئەت ناكەن هەنگاوی سەربازی لەبەرامبەر ئێمەدا بگرنەبەر.

ئاوێنە: دوێنێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا داوای كرد سەركردە ئێرانییەكان لەگەڵ گفتوگۆ بكەن لەبارەی دەستبەرداربونی تاران لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی و هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ناتوانێت روبەڕوبونەوەی سەربازی نێوان ئەمریكاو ئێران لەسایەی گرژییەكانی ئێستادا بەدور بزانێت.

لەبارەی ئەو لێدوانەی ترامپ-ەوە، ئەمڕۆ هەینی یەدوڵا جەوانی، یاریدەدەری سیاسی فەرماندەی سوپای پاسداران بە ئاژانسی تەسنیم-ی ئێرانی راگەیاند"هیچ دانوستانێك لەگەڵ ئەمرییكییەكان ناكەین و ئەمریكییەكانیش جورئەت ناكەن هەنگاوی سەربازی دژبە ئێمە بگرنەبەر."

وتیشی"ترامپ پێی وابو بە سزاكان و هەندێك گوشاری نوێ كە ئەمریكا دوای چونە دەرەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، سەپاندنی، ئێران توشی جۆرێك لەپشێوی ناوخۆیی دەكات و لەكۆتاییدا مل بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریكا دەدات، بەڵام لەكردەوەدا ئەمە وا نەكەوتەوە."

بەپێی وتەی ئەو یاریدەدەرەی فەرماندەی سوپای پاسداران ئەمریكا دوای ئەوە گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە دەبێت هەندێك شتی دیكە تێكەڵ بە سزاكانیان بكەن، بۆیە لەمساڵدا هەم سوپای پاسدارانیان خستە لیستی تیرۆرەوەو لەلایەكی دیكەوە كەشتی فڕۆكەهەڵگری خۆیان رەوانەی ناوچەكە كردو دەستیان كرد بە جۆرێك لە ئەدەبیاتی جەنگ.  

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەوان بە باشی ئەو سیناریۆیانە دەزانن و گەلی ئێران تەنها یەك رێگەی لەبەردەمدایە ئەویش بەرگریكردن و خۆڕاگرییە كە لەناوخۆی وڵات ئێستا یەك كۆدەنگی نەتەوەیی لەسەر ئەوە هەیە.

یەدوڵا جەوانی كەمكردنەوەی پابەندییەكانی ئێرانی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە بە نیشانەی ئەوە زانیوە كە ئێران و بەرپرسانەكانی رێگەی بەرگریی و خۆڕاگریی هەڵبژاردوە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×