هونه‌رمه‌ندێكی كورد نوێنه‌رایه‌تی وڵاتێكی ئه‌وروپا ده‌كات له‌پڕبینه‌رترین كێبڕكێی گۆرانیدا
  2019-05-16       1870       
به‌شداریكردنی سه‌رحه‌د له‌ كێبڕكێی یۆرۆڤیشندا، ساڵی 2016 ستۆكهۆڵم

هونه‌رمه‌ندێكی كوردی باكوری كوردستان وه‌ك نوێنه‌ری وڵاتێكی ئه‌وروپی به‌شداری له‌به‌رنامه‌ی كێبڕكێی گۆرانی ئه‌وروپی ناسراو به‌ یۆرۆڤیشن-دا ده‌كات. به‌رنامه‌كه له‌ڕوی ژماره‌ی بینه‌ره‌وه‌ به‌ گه‌وره‌ترین روداو له‌ ده‌ره‌وه‌ی كێبڕكێ وه‌رزشییه‌كان ده‌ژمێردرێت.

ئاوێنه‌: كێبڕكێی گۆرانی ئه‌وروپی بڕیاره‌ 18ی ئه‌م مانگه‌ له‌ ته‌لئه‌بیب-ی ئیسرائیل به‌ڕێوه‌بچێت و به‌رنامه‌كه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان نزیكه‌ی 186 ملیۆن كه‌س بینه‌ری ده‌بن.

سه‌رحه‌د حاجی باشلی ئۆغلۆ، گۆرانیبێژو ئاوازدانه‌ر، بۆ جاری دوه‌م به‌ نوێنه‌رایه‌تی كۆماری سان مارینۆ، كه‌ وڵاتێكی ئه‌وروپییه‌و ده‌كه‌وێته‌ نیمچه‌ دورگه‌ی ئیتالیا، به‌شداری كێبڕكێكه‌ ده‌كات.
سه‌رحه‌د ساڵی 1964 له‌ ئیستانبوڵ له‌دایك بوه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی پزیشكی ددانه‌ به‌ڵام ئه‌و له‌پێناو گۆرانی و هونه‌ردا وازی له‌ پزیشكیی هێناوه‌.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كورده‌ ده‌رچوی كۆلیژی پزیشكی ددانی زانكۆی ئیستانبوڵه‌و له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردو پێی ناوه‌ته‌ نێو دنیای هونه‌رو به‌رهه‌مهێنانی هونه‌ریی و دواتر بۆته‌ "باشترین پێشكه‌شكاریی ته‌له‌فزیۆنی" و "باشترین به‌رهه‌مهێنه‌ریی ته‌له‌فزیۆنی" له‌توركیا و چه‌ندین خه‌ڵاتیشی له‌وڕوه‌وه‌ بردۆته‌وه‌.

سه‌رحه‌د خاوه‌ن شاره‌زایی و باڵاده‌ستییه‌كی زۆره‌ له‌ بواری میوزیك و به‌رهه‌می هونه‌ریدا. كاتێك له‌توركیاوه‌ بوه‌، له‌لایه‌ن چه‌ندین كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنییه‌وه داوا كراوه‌و چه‌ندین به‌رنامه‌ی له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ جیاجیاكاندا پێشكه‌شكردوه‌و هه‌روه‌ها هه‌ندێك ته‌له‌فۆزیۆنیشی دامه‌زراندون.

ئه‌و به‌ كوردی، توركی، فه‌ره‌نسی، ئینگلیزی و روسی گۆرانی وتوه‌و ژماره‌ی بینینی هه‌ندێك له‌ گۆرانییه‌كانی له‌ یوتیوب گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن.

له‌ساڵی 1997ه‌وه‌ سه‌رحه‌د، كاری راهێنان و پێگه‌یاندنی لاوانی به‌هره‌مه‌ندی كردوه‌ له‌بواری میوزیك و گۆرانیدا.

سه‌رحه‌د، كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار به‌ نوێنه‌رایه‌تی سان مارینۆ، ساڵی 2016 به‌شداری كێبڕكێی گۆرانی ئه‌وروپی كرد، ناوبانگی لای بینه‌رانی به‌رنامه‌كه‌ په‌یداكرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و ساڵه‌ نه‌یتوانی كێبڕكێكه‌ به‌رێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و گۆرانییه‌ی له‌كێبڕكێكه‌دا‌ پێشكه‌شی كرد ناوی ده‌ركردو به‌شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاوبوه‌وه‌و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ژماره‌ی بینه‌ره‌كانی گه‌یشته‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن.

له‌ پێشبڕكێی ئه‌مساڵدا، سه‌رحه‌د ته‌نها گۆرانییه‌كه‌ی ناڵێت به‌ڵكو خۆی شیعره‌كه‌یی نوسیوه‌و هه‌ر خۆیشی ئاوازی بۆ داناوه‌.

یه‌كێك له‌ به‌شداربوه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مساڵی كێبڕكێكه‌، بیلال حوسنی-یه‌، كه‌ لاوێكی هاوڕه‌گه‌زبازه‌و له‌دایك و باوكێكی مه‌غریبی عه‌ره‌بی به‌ڵام له‌پاریس له‌دایكبوه‌.

ئه‌و گه‌نجه‌ وه‌ك نوێنه‌ری فه‌ره‌نسا له‌ كێبڕكێی گۆرانی ئه‌وروپیدا به‌شداری ده‌كات و ئه‌ستێره‌یه‌كی ئینستاگرامه‌و چالاكوانێكی به‌رگریكاریی مافی هاوڕه‌گه‌زبازانه‌.

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×