رۆژنامه‌ی گاردیان-ی به‌ریتانی ده‌ڵێت، به‌م دواییانه قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی
فه‌یله‌قی قودسی سه‌ربه سوپای پاسدارانی ئێران له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی
حه‌شدی شه‌عبی كۆبۆته‌وه‌و داوای لێكردون خۆیان بۆ جه‌نگ ئاماده‌بكه‌ن.
ئاوێنه: رۆژنامه‌كه له‌زاری دو سه‌رچاوه‌ی باڵای هه‌واڵگرییه‌وه
بڵاویكردۆته‌وه كه سێ هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر له‌میانی په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌كانی
ناوچه‌كه، قاسم سوله‌یمانی سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بانگهێشت كردون بۆ كۆبونه‌وه‌یه‌ك
له به‌غدا.
رۆژنامه‌كه نوسیویه‌تی كه ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ویلایه‌ته
یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا نیگه‌ران بێت له‌وه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی
له‌ناوچه‌كه روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه ده‌بنه‌وه‌و هه‌روه‌ها دوێنێش به‌ریتانیا ئاستی
هۆشداریی بۆ هێزه‌كانی و كارمه‌نده‌كانی له‌عێراق به‌رزكرده‌وه.
به‌پێی سه‌رچاوه هه‌واڵگرییه‌كان ته‌واوی سه‌ركرده‌ی گروپه‌كانی سه‌ربه
حه‌شدی شه‌عبی ئاماده‌ی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه بون كه تێیدا قاسم سوله‌یمانی داوای
لێكردون خۆیان بۆ شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌ت ئاماده بكه‌ن.