لەبارەی ئەمەریکاو ئێرانەوە
  2019-05-17       1966       

په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر

 

ئەوەی دەبینرێت و دەبیسترێت بۆنی ئەوەی لێ دێت جەنگ رووبدات، شەڕ دروست بێت، ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر ئێران بەڵام جەنگ روونادات. پێدەچێت ئەو دەنگۆ و مارکێتینگەی جەنگ، خەیاڵ و فەنتازیایەی جەنگ پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە بەشێک لە هاوڕێ، هاوکار و راوێژکارەکانی تڕەمپ دژ بە ئێران بن. دژبوون بەمانای ئەوەی پڕۆژەی لێدان و روخاندنی ئێران ببێت بە پڕۆژەیەکی ئێستایی! ببێت بە ئاکت و رووداو و دیفاکتۆ! ئەوەی زۆر بەقوڵی بیر لەو خەیاڵە دەکاتەوە، (جۆن بۆڵتن) ی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکایە. دیارە بۆڵتن لەڕوانگەی ئاسایش، مانەوە، کشان، هەڕەشە و هەژموون ئێران دەبینێت. ئێران وەک بونیاد، ئێران وەک سەرباز، ئێران وەک پڕۆژەیەکی هەرێمی، ئێران وەک جیۆپۆلەتیک و هێزێکی ئەتۆمی و خاوەن ئەکتەری پڕۆکسی!

پێدەچێت بۆڵتۆن هەموو ئەو جوڵە و وێنانەی ئێرانی بە پانتایی و ئاسایشی ئەمەریکا گرێدابێتەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەت کاتێک ئەمەریکا هەست بەوەدەکات لەرێگەی گەرووی هورمزەوە بەتەواوی دەخنکێت و بێ ناسنامە و جوڵە دەبێت لە خۆرهەڵاتدا. دیارە ئەم پرسە پەیوەندی بە "چین"یشەوە هەیە! چین دەیەوێت لەڕێگەی پڕۆژەی ئاوریشم و گەڕانەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست هێز و باڵایی بەرهەمبێنێتەوە. لەڕاستیدا قسەکردنی ئەمەریکا بەم زمان و ئەدەبیاتە لەبەرامبەر ئێراندا قسەکردنە لەگەڵ چین، پەیام ناردنە بۆ ئەوەی زیاتر نەکشێت، بازاڕ و رووبەری جیۆپۆلەتیکی تر داگیرنەکات. ترسان لە چین، ترسێکی پڕ ئازار و گەورەیە بۆ ئەمەریکا. گەیشتنی چین بە کەنداو لەڕووی ئابوورییەوە، کوشتنی رۆحی ئەمەریکا و پارچە پارچەکردنی ئابوورییانەی ئەمەریکایە.

لەڕاستیدا ئێران لەدوای رووخانی بەعسەوە بووه‌ بە ئەکتەری پلە یەک لە عیراقدا، بووه‌ بە هێزێک بەئاسانی دەتوانێت لە کەنداوی عەرەبییەوە تاوەکوو خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەراست جوڵە بکات، پەیوەندییەکانی دابڕێژێتەوە، هێزی پڕۆکسی بونیادبنێت، بازاڕی مەزهەبی بۆ خۆی بدۆزێتەوە، ناسنامە و خەیاڵەکانی فراوانتر بکات ... هتد ئەم دۆخە بۆ ئەمەریکا مایەی ترسە بەڵام نابێتە رووخاندن و وێرانکردنی ئێران! تڕەمپ دەیەوێت ئێران وەک چوارچێوەیەکی سیاسی، وەک سەرباز و سوپا بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی دەستکاری بکات، رەفتار و جوڵە و فەنتازیاکانی بگۆڕێت نەک ژێرخانی سیاسی و سیستم و ئایدۆلۆژیا و سیستمی پەیوەندییەکانی! رووخانی ئێران دۆخێکی یەکجار ئەنارکی و پڕ لە پێکدادان و نائارامی بەرهەم دەهێنێت، دۆخی نائاسایش و بێ ئاسایشی دێتەکایەوە.

دیارە تڕەمپ نایەوێت ئەمەریکا نزیک بکاتەوە لە دۆخێکی لەمشێوەیە! دۆخێک پارەی زیاتر، بەرپرسیارێتی زیاتر، ماندووبوونی زیاتر بۆ ئەمەریکا بهێنێت. جوڵەکان زیاتر نوێنەرایەتی ئەوە دەکەن کە ئێران نینۆک بکرێت، فشار دروستبکرێت تاوەکوو بەرەو ناوەوە خۆی بگەڕێتەوە نەک بۆ دەرەوەی خۆی بکشێت، ناچار بکرێت گفتوگۆ لەگەڵ تڕەمپ بکات وەک ئەوەی تڕەمپ دەیەوێت نەک ئێرانییەکان. تڕەمپ کارلەسەر ئەوەدەکات ئێران بێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بەڵام خۆی چوارچێوە و Theme ی گفتوگۆکان بەڕێوەببات، سنوورەکان دەستنیشان بکات، ناسنامە و جۆرێک لە سیستمی پەیوەندیی تازە لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا بونیادبنێتەوە. ئێران پەرژین بکرێت، چین ئاسانتر سنوردار و بێ هاوتا و هەژموون دەکرێت`

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×