بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی.. کارگەیەک لەبەرهەمهێنانی (هونەری کیچ)
  2019-05-17       2263       

زامۆئا داراغا

بۆ تێگەیشتن لە بار و دۆخی ئێستای هونەر و کولتور دەبێت سەرنجێکی ورد بدەین لە دەسەڵاتی کولتوری ئەم پارێزگایە, وە چۆنێتی بەڕێوەبردنی سیاسەتی کولتوری لەلایەن بەرزترین دەسەڵاتی کولتوریەوە کە خۆی بە لوتکەی دەسەلات دەبینێت لە پایتەختی ڕۆشنبیریدا.
ئەوەی لە کەسمان شاراو نییە ئەم دەسەڵاتە کولتوریە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانیدا خۆی دەبینێتەوە کە دەسەڵاتی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان وەرگرتوە بۆ پراکتیزەکردنی سیاسەتی کولتوری پایتەختی ڕۆشنبیری و جێبەجێکردنی هەموو چالاکیەکی هونەری و کولتوری و فەرهەنگیەکان لە ناو ئەم پارێزگایەدا,
ئەوەی لە ئێستادا بە دی دەکرێت ئەم دەزگایە توانای داهێنانی نەماوە, بوو بە کارگەیکی گەورەی بەرهەم هێنانی ( هونەری کیچ ) بە هۆی ئەو چالاکیانەی کە لەم چەند ساڵەی دوایدا کردوێتی, لێرەوە هەندێ تێبینی و سەرنج و پرسیارم هەیە بۆ هۆکاری دروست بوونی ئەم کێشانەی لە هونەر و کولتوردا هەیە کە زۆربەی بۆ ئەم دەسڵاتە کولتوریە گەورەیە دەگێڕمەوە کە لە ئێستادا لە قەیرانێکی گەورەدایە و توشی سستیەکی کوشندە بووە.
دەبێت بپرسین بۆ لە گەورەترین دەسەڵاتی کولتوریەوە بووە بە کارگەیەک بۆ بەرهەم هێنانی ( هونەری کیچ ) دەبێت هۆکارەکان چی بن؟؟ بۆئەم دەزگا حکومیە گەورەیە وا بچوک بۆتەوە؟؟ ئەوەندەی لە ( بانکێکی پارە ) دەچێت لە دەزگایەکی هونەری کولتوری ناچێت,
مەبەست لە ( بانک ) ئەوەیە کە تەنها سپۆنسەر و هاریکاری مادی دەکات بۆ کار و چالاکی دەرەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە, واتا دابەشکردنی ئەو بڕە بودجەیە کە لە وەزارەتەوە دەینێن, بۆ نموونە سپۆنسەرکردنی گروپ و ڕێکخراو سەنتەر و کەسایەتی دەرەوەی ئەم دەزگایە,  واتا ئەم بەڕێوبەرایەتیە تەنها کاری پێدانی بودجە بۆ کار و چالاکی هونەری کە لە دەرەوەی بەڕێوبەرایەتیەکە ئەنجام دەدرێت, بەلام خۆی وەک بەرێوەبەرایەتی هیچ بەرهەمێکی بەرجەستەی نییە پێشکەشی بکات وەک بکەرێکی بەهێز بتوانێت ڕەوشی هونەر و کولتور بجولێنێت و پێشیبخات.
ئەم بەڕێوەبەرایەتیە لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی زۆری هونەرمەند و ڕاوێژکاری هونەری وەک فەرمانبەر بەڵام خاوەنی یەک گەلەری نییە تەنانەت خاوەنی یەک گەنجینە نییە بۆ هەڵگرتنی کاری هونەری, ئەوەی هەیەتی ئەو بڕە پارەیەیە کە حکومەت بۆی دابین کردوە, کە دەبوو ببێت بە باشترین  بەرێوەبەرایەتی بۆ داهێنان لە کاری هونەری و سەرپەرشتی  گشت کارە هونەریەکانی ناو پاریزگاکەی بکردایە, بەڵام لە ئیستادا شتەکان هەمووی قڵپ بوونەتەوە ئەم بەڕێوەبەرایەتیە دەورێکی نەگەتیڤی هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە.
گەر بەوردی سەیری چۆنێتی  بەڕێوە چونی ئەم هاوکاریانە بکەین بۆ ئەم ڕێکخراو و گروپ و سەرنتەر و کەسایەتیانە دەبینین هەموویان لە شوێنێکەوە بەستراون بە حیزبێکەوە یان دروستکراوی حیزبن !! یان بەرپرسی ئەم  ڕێکخراو و گروپ و سەرنتەر خۆی فرمانبەرە لە هەمان بەرێوەبەرایەتییە و گروپێک یان سەنتەرێک یان ڕێکخراوێکی دروست کردوە, یان ڕێکخراوێکە دوورە لە بواری هونەریەوە بەڵام بودجەی نییە بۆ ڤیستڤاڵیک یان پەیکەرێک یان پێشانگایەکی هونەری لە بۆنیەکدا  ئەم بەڕێوەبرایەتیە بە پارە و بودجە هاوکاری دەکات و ناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی دەخاتە سەر فاێکس و فللایەریچالاکیەکە وەک وابێت ئەمان کردویانە, لە کاتی کردنەوەی پێشانگاکە مقەستێکی دەدەنێ و قردێلەکە دەبڕیت و چەند قسەیەکی بریقە دار دەکات و کارەکە تەواو دەبێت.
ئەوەی جێی سەرنجە لەم ساڵانەی دوایدا وشەی ( بە هەماهەنگی ) یان وشەی ( لەگەڵ ) زۆر زیادی کردووە لە سەر کارو چالاکیەکانی ئەم دەزگایە, زۆربەی ئەم گروپ و ڕێکخراو و سەنتەرانە لۆکاڵین وە زۆربەیسەرۆکەکانی وئەندامەکانی فەرمانبەری حکومین بەڵام  هوموویان لە دەرەوەی فەرمانگەکانی خۆیان کاری هونەری و کولتوری دەکەن, بەڵام لەسەر پارە و بودجەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە چالاکی هونەری دەکەن بۆ گروپ و ڕێکخراو سەنتەرەکانیانی خۆیان, هەندێکیان وایان لێهاتووە جێگای ئەم بەرێوەبەرایەتیان گرتۆتەوە, خۆیان بوون بە دەسەڵاتی یەکەمی کولتوری شارەکە کە ئەمە زەنگێکی زۆر ترسناکە بۆ هونەر و کولتورو فەرهەمگی شارەکە, بۆ نموونە هەندێ لەم ڕێکخراوە ناحکومیانە وایان لێهاتوە  سنوری هەرێمی کوردستان/عیراقیان پەڕاندووە لە سەر پارە و بودجە ئەم بەڕێوەبەرایەتیە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان کۆدەکەنەوە و دیداری هونەری ساز دەکەن و پەناڵی شێوەکاری و بانگێشی گروپی هونەری بیانی دەکەن و پێشبڕکێی هونەری سازدەکەن و بڵاوکراوە و کەتەلۆگ و کتێب چاپ دەکەن, بەڵام ئەوەی زۆر جێی پرسیارە بۆ من ئەو کەسانە لە دەزگاکانی حکومەت فەرمانبەری حکومین بۆ هەمان کار ناکەن یان هەمان چالاکی هونەری ناکەن لە فەرمانگەکانیاندا وەک ئەرکێکی ڕۆژانەی خۆیان !!! ؟
وە گەر سەیری چالاکی ئەم گروپ و ڕێکخرا و سەنتەرانە بکەین  دەبینین هیچی پڕۆفیسیۆناڵ یەک و کارامەیەکی پێوە دیارنییە وە بگرە هەر زۆر وێرانە لە رووی بەڕێوەبردن و کوالیتییەوە وئەوەندەی گرنگی بە چەندێتی دەدەن بایەخ بە چۆنێتی نادەن, تەنها بۆ بەرژەوەندی شەخسی تەسک کاردەکەن وە هەندێکیان وەک دەڵاڵ و بازرگان مامەڵە دەکات لەگەڵ هونەر و کولتوردا بانگەشە بۆ ( هونەری کیچ ) دەکەن لە نزمترین ئاستدا کە سەردەمەکە دەمێکە بەسەرچووە وە ئەم بازاری بۆ دروست دەکاتەوە لە ژێر ناوی هونەری ڕەسەندا.  
زۆربەی ئەم چالاکیانە کە لەسەر ئەم بەڕیوەبرایەتیە هەژمار کراون زۆر ڕووکارە و وبێ مانایە, بە هیچ جۆرێک نابێت بە ژێرخانێکی پتەوی مێژووی هونەر و کولتور لەم دەڤەرە لە دوای تەوابوونی چالاکیەکە ئیتر بیر دەچێتەوە و وادەزانی هەرنە بووە,
بۆ نموونە کردنەوەی پێشانگایەک تەنها بۆ سێ ڕۆژ لە کۆتایدا ئەم چالاکیە تەنها وەک فەرمانێکی کارگێڕی لە دوو دێڕ زیاتر بونی نامێنێت لە ناو ئەم دەزگایەدا, نە ئەرشیف دەکرێت ئە لێکۆلینەوەی لە بارەوە دەکرێت دەبێت بە ژمارە لە کۆتای ساڵدا دەڵێن (1000) پێشانگامان کردۆتەوە, بەڵام لە بنەڕەتدا هیچ نەکراوە تەنها سوڕانەوەیەکی بێ هودەیە لە چەندبارە و دووبارەدا, تەنها پارە و بودجە سەرف بووە وە هەندێ جار دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە بە هۆی بە کار هێنانی چەندین مەوادی دژە ژینگە لە ئەنجامدانی  ئەم چالاکیانەدا.
لێرەوە سەرنجتان بۆ حاڵەتێکی زۆر سەرنج ڕاکێش ڕادەکێشم ئەویش ئەو پڕۆژە گەورانە کە لە ناو شارەکە دروست کراون بە گشتی هەمووی پارە و بودجەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیەیە کە خەرجی کردوە بەڵام خۆی وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی هیچ دەورێکی نییە بێجگە لە خرج کردنی پارە وە تەنانەت ناتوانێت لێپرسینەوەش بکات لە کاتی هەر کێشەیەکدا کە ڕوو بە ڕووی دەبێتەوە لە ڕووی چۆنێتی خرج کردنی پارەکەش, بۆ نموونە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەکە و کارگەی جگەرە و مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخ و باڵەخانەی سەرا, لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم بەڕێوەبەرایەتیە چەند بێ دەسەلاتە لە مەڕ ئەم پڕۆژە گەورانە وە ناتوانێ دەوری خۆی ببینێت بەو شێوەیەی کە خۆی بۆی دانراوە وەک بەرزتریت دەسەلاتی کولتوری لە پایتەختی ڕۆشنبیری,
لە ئێستادا توانای دروست کردن و بەرهەم هێنانی هیچ پڕۆژەیەکی نییە کە خۆی سەربەخۆ سەرپەرشتی بکات و بوونی خۆی بسەلمێنێت ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ دوو هۆی سەرەکی...
یەکەم:- بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە هونەرمەند و ڕاوێژکاری هونەری کە لەم بەڕێوەبەرایەتیە وەک پێوست تواناکانیان بەکارنەهێنراون وە بە شێوەیەک لە شێوەکان نەخراونەتە ناو کۆی پڕۆسەی بەرهەم هێنانی هونەری و کولتوری و فەرهەنگی یەوە کە بتوانرێت سود وەربگیرێت لەم کەسانە بۆ بونیادنانی ژێرخانێکی گەورەی هونەری, وە لە مشەخۆریەوە ببێت بە بەرهەم هێنەر
دووهەم:- دەست تێوەردانی حیزب لە کارو باری دەزگا حکومیەکان و دۆزینەوەی بەدیلی حیزبی بۆ ئەم دەزگایە کارکردن لە دەرەوەی یاساو ڕێسای دەزگا حکومیەکان  وە خۆیان ببن بە مەرجەعی و دەسەڵاتی سەرەکی لە پشت ئەم دەسەڵاتەوە وەک بوکەڵە بتوانن بیجوڵێنن بۆ مەرام و دەسکەوتی شەخسی بەرتەسکی حیزبی ئەم مۆدێلە لە زۆربەی سێکتەرەکانی تری حکومەت بە دی دەکرێت و بوونی هەیە, بجوک کردنەوەی سیستمی ئیداری حکومی و گەورەکردنی حیزب, بەم شێوەیە حکومەت دەبێت بە حکومەتێکی کارتۆنی لاواز کە لە دەرەوەی حکومەت هەموو کارەکان بەرێدەکرێت,
لە کۆتایدا بۆئەوەی شکۆی ئەم بەڕێوبەرایەتیە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسای و بتوانێت وەک پێویست کار و چالاکی خۆی پەرە پێبدات و بیگەیەنێت ئەو ئاستەی کە دەبوو وابێت, وە پڕاکتیکی هەموو دەسەڵاتەکانی خۆی بکات هەم وەک بەرهەم هێنەرێک بۆ داهێنان و پشتگیری لە داهێنان و هەم وەک چاودێرک بە سەر کۆی ڕەوشی هونەری و کولتوری یەوە , دەبێت سەرلە نوێ بە خۆیدا بچێتەوە و گۆرانکاری لە هەموو پلانە ستراجیەکانی خۆی بکات و بە شیکاری ورد بکات بە هەموو ئەو پڕۆژانەی کە سپۆنسەری کردون ئێستا خۆی خاوەنی نییە, وە سودمەندبێت لەو هەموو هونەرمەندەی کە فەرمانبەرن لە بەرێوبەرایەتیەکە و بتوانێت گۆرانکاری بنەڕەتی بکرێت لە سەر هەموو ئاستەکان و بەشەکان کە شایەنی ئەو دەسەڵاتە کولتوریە بێت و کاریگەری هەبێت لە ناو هەموو دامودەزگاکانی حکومەت وە لە ناو کۆمەڵگەدا, ئیتر ئەو ببێت بە چاودێر و ڕەخنەگر و خاوەن هەڵوێست لەمەڕ ئەو هەموو ناشرینی و گەندەڵیە کە ئێستا بوونی هەیە لە ناو هونەر و کولتوردا.

زامۆئا داراغا

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×