عاصم جیهاد: تا ئێستا هەرێم داهاتی نەوتی نەگەڕاندۆتەوە بۆ به‌غدا
  2019-05-17       668       

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پابه‌ندی‌ یاسای‌ بودجه‌ بوبێت‌و داهاتی‌ نه‌وتی‌ گه‌راندبێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی‌ عێراق‌، هۆشداریش ده‌دات كه‌ ئه‌و پابه‌ندنه‌بونه‌ کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر بودجەی هەرێم‌.

ئاوێنه‌: عاصم جیهاد، وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراق به‌ده‌نگی‌ ئه‌مریكای‌ راگه‌یاندووه‌، ئەوەتا لەناوەڕاستی مانگی پێنجداین‌و هێشتا هەرێم پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌جێبەجێکردنی‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ عێراقه‌وه‌و لەسەرەتای ئه‌مساڵەوە تا ئێستا هیچ داهاتێکی نەوتی نەگەڕاندۆتەوە بۆ حکومەتی ناوه‌ندیی.

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، ئەمەش زیانێکی گەورە لەبودجە دەدات، "ئەم ڕادەستنەکردنە دەبێتە مایەی کورتهێنان لەبودجەی ساڵی 2019داو بێگومانیش بەئەندازەی خۆی کاریگەریی نەرێنی دەبێت بەسەر بڕی دیاریکراوی بودجەی هەرێم‌و پارێزگاکانی تری عێراقەوە، چونکە بودجەی وڵات بەشێوەیەکی سەرەکی کەوتۆتە سەر داهاتی نەوت."

له‌باره‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمه‌وه‌ عاصم جیهاد دەڵێت، بڕیاری پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر بڕیاری حکومەتی عێراق.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ داهاتەکانی نەوت دەگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی فێدراڵی‌و بەکارهێنانیشی بەپێی بودجەی عێراقەو ئەنجومەنی وەزیران دەبێتە خاوەنی بڕیار لەچۆنیەتی خەرجکردنی ئەو بودجەیەو چۆنییەتی پڕکردنەوەی کورتهێنانەکانی بودجەدا.

هه‌چه‌نده‌ ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی‌ کورد لەبەغدا دەڵێن، جۆرێک لەڕێککەوتن هەیە لەنێوان هەولێرو بەغدا بۆ دواخستنی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم تا هەرێم بتوانێت ئەو قەرزانەی لەسەریەتی تا کۆتایی ئەمساڵ بیانداتەوە.

به‌ڵام وتەبێژی وەزارەتی نەوت دەڵێت، "پابه‌ندبون بەیاسای‌ بودجەوە شتێک نییە چاوپۆشی لێبکرێت."

به‌پێی‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2019ی‌ عێراق، دەبێت حكومه‌تی‌ هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)وە بفرۆشێت‌و داهاتەکەش بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×