كتێبێكی نوێی نه‌وشیروان مسته‌فاو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر كتێبێكیشی بڵاوده‌كرێنه‌وه‌
  2019-05-18       3228       

کتێبێکی بڵاونەکراوەی نەوشیروان مستەفا کە بەشێکە لە زنجیرەی بە دەم رێگاوە گوڵچنین و کتێبێکی دیکەش کە لەلایەن ژمارەیەک لێکۆڵەرەوە لەسەر زمانی نوسینی کێبی "کورد و عەجەم"ی نەوشیروان مستەفایه‌،  بڵاودەکرێنەوە.

ئاوێنه‌: به‌پێی میدیای گۆڕان مەجید ساڵح سەرپەرشتیارى چاپکردنى کتێبەکانى نەوشیروان مستەفا رایگەیاند: لەو کۆمپیوتەرەى کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بەجێیهێشتبو کۆمەڵێک بابەتى جۆراو جۆرى هەڵگرتبو، لەناو ئەو بابەتانە کتێبێکی تایبەت هەیە کە لەسەر نەوەی دوەمى شاعیرانى قوتابخانەى بابان نوسیویەتی و چوار بابەتى جیایە لەسەر (حاجى قادرى کۆیى، حەریق، وەفایى، شێخ رەزاى تاڵەبانى).

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد؛ لەم کتێبەدا بەڕێگەى توێژینەوە کاری لەسەر شیعرەکانى ئەو چوار شاعیرە کردوە لەسەر روداوە سیاسییەکانى ئەو سەردەمەی کە ئەو شاعیرانە تێیدا ژیاون. هه‌روه‌ك كاری له‌سه‌ر کاریگەرییان، لەسەر ناوەڕۆکى شیعرەکانیان و شیکردنەوەى بۆ فکرى سیاسى ئەو شاعیرانە کردوە.

کتێبەکە لە چوارچێوەى زنجیرەى بەدەم رێگاوە گوڵچنین کتێبى یەکەم بەرگى سێیەمەو ئامادەیە بۆ چاپ و لە نزیکترین کاتدا چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک توێژەر و مامۆستای زانکۆ، لێکۆڵینەوەیه‌کیان لەسەر زمانی نوسینی کتێبی (کوردو عەجەم)ی نەوشیروان مستەفا کردوەو لە چوارچێوەی کتێبێکدا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

د.محەمەد مەحوی یەکێک لە لێکۆڵەرەوانی کتێبی (هەڵێنجانێك بۆ كتێبی كورد و عەجەم) رایگەیاند: هەرچەندە کتیبی کوردو عەجەم، کتێبێکەو مێژوی قۆناغێکی دیاریکراوی تێدا تۆمارکراوە، بەڵام سەرچاوەیەکی پەروەردەییە بەمەبەستی تێگەیشتن و دەرزوەرگرتن لە گشت ئەو خەم و خولیا فرە لایەنانەی رەوانشاد هەيبوە و بە نهێنیی و نادیار دەریبڕیون، لەوانە: هێنانەئارای زمانی زانستیی نوسینی مێژو لەڕێگەی سودبینیین لەئاوەزمەندیی باووباپیران و خودی نوسەرەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی زانستی سێمانتیک بۆ دەربڕیین بە شاراوەیی.

ئاماژەی بەوەکرد؛ بۆ ئەوەی لە هۆو هۆکارەکانی نوشستەکانی رابردو و باری ئەمڕۆی کوردستان تێبگەین، پرسیار دەکات و وەڵامیش دەداتەوە: پرسیارکردنی سەرەتاو هێنانەوەی نامەی کۆتایی کتێبەکە گشت ناوەڕۆکەکانی بەیەکەوە گرێداوە.

وتیشی"کتێبەکە پێماندەڵێت لە کاتی شۆڕش و توندوتیژییەکانیشیدا، بیر، مەبەست و ئامانجی رەوانشاد هەر سسیتم، دەستور و دادپەروەریی بوە، واتا بە سیستمکردن لە رێگەی دەرچون لە خێڵ و دنیابینیی و بەرژەوەندییە تەسکەکانیەوە بەرەوە داڕشتنی بناغەکانی دەوڵەوت و دەوڵەتداریی لە دامەزراندنی شاری سەردەمیی، دامودەزگاو دامەزراوە و پێڕەوی کارگێڕیی و بەڕێوەبردن و سەرفرازیی دەچیین".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×