2019-05-18   1234     
فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە كە تێیدا هاتوە "کێشەی تەعریبکردن و ئاسایش و ئیستیقراری ناوچە کێشە لەسەرەکان بە تایبەتی پارێزگای کەرکوك، بەرھەمی ئایدیۆلۆجیای توندڕەوی نەتەوەیی تەقلیدییە کە ھۆکاری سەرەکی ھەمو ئەو جەنگ و کارەسات و مەینەتیانەیە کە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردو بەسەر گەلانی ناوچەکە ھاتوە".
ئاوێنە: فراكشینی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتیحادی لێپێچینەوە لە ھەمو ئەوانە بکەن کە یاسا پێشێل دەکەن و پەلاماری جوتیارانی کورد دەدەن لەو ناوچانە. ھەروەھا، بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشەیە، بانگەوازی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان بە جدی وەربگرێت و تا جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ لە دەستوری عێراقی، لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و حیمایەی نێودەوڵەتی، ھێزی ھاوبەشی حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان، پێکەوە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ھەمو ناوچە کێشە لەسەرەکان بگرنە ئەستۆ.
راگەیەنراو
بۆ رایگشتی عێراقی و کوردستانی
دوای ١٦ ساڵ لە کەوتنی رژێمەکەی صەدام حسێن و پەسەندکردنی دەستور و چوار ھەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ھێشتا چارەسەری قەیرانی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان نەکراوە کە لە مادەی ١٤٠ لە دەستوری عێراقیدا بنەما و رێکارەکانی چارەسەری ئەو کێشەیە خراوەتە ڕو. جێگەی داخە، لە بری دۆزینەی ئامرازی کاریگەر بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، ئەم رۆژانە لە پارێزگای کەرکوك و بەشێك لە ناوچەکانیتر، جارێکیتر جوتیارانی کورد کەوتونەتە بەر شاڵاوی ھەڕەشەی تەعریب و ھەروەھا لە خانەقین و پارێزگای کەرکوك تا دەگات بە مەخمور و دەشتی نەینەوا، ژیان و ماڵ و موڵکی دانیشتوانی ناوچەکە، لەژێر ھەڕەشەی ئیرھابی داعش و لەناوچون دایە.
کێشەی تەعریبکردن و ئاسایش و ئیستیقراری ناوچە کێشە لەسەرەکان بە تایبەتی پارێزگای کەرکوك، بەرھەمی ئایدیۆلۆجیای توندڕەوی نەتەوەیی تەقلیدییە کە ھۆکاری سەرەکی ھەمو ئەو جەنگ و کارەسات و مەینەتیانەیە کە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردو بەسەر گەلانی ناوچەکە ھاتوە. بۆیە، بۆ چارەسەری کیشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان و گرفتە ھەڵواسراوەکانیتر لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان، پێویستە، لە سەرتاسەری عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، کۆتایی بە ئایدیۆلۆجیای توندڕەوی نەتەوەیی و نەژادی و کاریگەرییەکانی بھێنین و تەنانەت بە یاسا قەدەغە بکرێت.
ئێمە داوا دەکەین، دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتیحادی لێپێچینەوە لە ھەمو ئەوانە بکەن کە یاسا پێشێل دەکەن و پەلاماری جوتیارانی کورد دەدەن لەو ناوچانە. ھەروەھا، بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشەیە، بانگەوازی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان بە جدی وەربگرێت و تا جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ لە دەستوری عێراقی، لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و حیمایەی نێودەوڵەتی، ھێزی ھاوبەشی حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان، پێکەوە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ھەمو ناوچە کێشە لەسەرەکان بگرنە ئەستۆ.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق