نەوشیروان‌و بارزانی.. 50 ساڵ ململانێ
  2019-05-18       2571       

سات محه‌مه‌د


نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی، وەك دوو ئەكتەری سەرەكی شانۆی سیاسی كوردستان، زۆربەی تەمەنیان لەململانێدا بون، بارزانی پێیوابو ئەوە نەشیروان مستەفا بو كە لەدوا ساڵەكانی تەمەنیدا سەركردایەتی هەڵمەتی نەكردنەوەی بەسەرۆكی هەرێم‌و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی كرد، نەوشیروانیش چیتر ئامادە نەبو لەدوا سێ‌ ساڵی تەمەنیدا جارێكیتر چاوی بەبارزانی بكەوێت.

نەشیروان مستەفا‌و مەسعود بارزانی هەردووكیان لەدایكبوی رۆژگاری جەنگی دووەمی جیهانین، نەوشیروان ساڵێك بەر لەكۆتایی ئەو جەنگەو بارزانیش ساڵێك دوای كۆتایهاتنی، هاتونەتە دنیاوە.
نەوشیروان‌و بارزانی هەردووكیان لەسەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوەوە، كە لەهەڕەتی گەنجێتیاندا بون تێكەڵ بەكارو چالاكی سیاسی بون. لەكاتی جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسیدا لەپارتی، مەسعود هاوكارێكی نزیكی مستەفا بارزانی بابی‌و نەوشیروانیش لایەنگرێكی سەرسەختی باڵی مەكتەب سیاسیو هاوڕێی نزیكی تاڵەبانی‌و نەیاری پارتی‌و بارزانی بوە.


زۆربەی ویستگەكانی ژیانی نەوشیروان مستەفا پڕە لەدژایەتیكردنی دەسەڵاتی ماڵی بارزانی‌و هەژموونی ئەوان بەسەر بڕیاری سیاسی كوردییەوە، لەكۆتایی شەستەكانی رابردوودا كە سەرنووسەری گۆڤاری "رزگاری" دەبێت، زۆربەی نوسینەكانی بۆ رەخنە گرتن لەپارتی‌و بارزانی تەرخان دەكات.


كاتێكیش كە لەسەرەتای دەیەی 1970دا، لەلایەن پارتییەوە تۆمەتێكی دەخرێتە پاڵ، بەر لەوەی لەلایەن هێزەكانی پارتییەوە دەستگیر بكرێ‌ بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵدێ‌‌و لەنەمسا نیشتەجێ‌ دەبێت تا كاتی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و دەستپێكردنەوەی خەباتی شاخ لەناوەڕاستی دەیەی 1970دا.


ئەم سەركردەیە، كە دامەزرێنەرێكی گرنگی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پاشان دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت، یەكێك لەئارەزووەكانی نووسینەوەی مێژوو بووە، لەزۆربەی كتێبەكانیدا نوكی تیژی رەخنەكانی دیسان لەسەر پارتی‌و ماڵی بارزانییە، بەتایبەتی لەكتێبەكانی "كارەساتی هەكاری"‌و "یاداشتەكانیدا كە بەچوار بەرگ بڵاویكردووەتەوە".


لەهەمانكاتیشدا بەدرێژایی خەباتی شاخ لە1976ەوە تا 1991، سەڕەرای سەركردایەتی كردنی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی دژ بەحكومەتی بەعس‌و بەرەنگاربونەوەی رژێمی سەدام لەرۆژە هەرە سەخت‌و دژوارەكاندا تا ساتەوەختی راپەرین، لەهەمانكاتیشدا نەوشیروان مستەفا یەكێك بووە لەو كەسانەی شێلگیرانە لەهەوڵی نه‌هێشتنی هه‌ژمون‌و پێگه‌ی پارتیدا بووە لەناوچەیەكی فراوانی پارێزگاكانی سلێمانی‌و كەركوك‌و هەولێردا.


هەرچەندە ناوبراو دوای راپەڕینی 1991‌و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی 1992ی پەرلەمان چەندین تێبینی‌و سەرنجی هەبوە لەسەر شێوەی ئیدارەكردنی ململانێی یەكێتی لەگەڵ پارتی‌و تەنانەت تا كۆتایی دەیەی 1990ش زۆرجار خۆی بەدورگرتوەو كوردستانیشی بەجێهێشتوە كە لەئاگری شەڕی ناوخۆدا دەسوتا. بەڵام هەندێكجاریش سەرۆكایەتی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی كردوە لەدانیشتن‌و گفتوگۆكانی ئاشتیدا لەگەڵ پارتی لەدەرەوەی وڵات.


دواتریش كە یەكێتی‌و پارتی بەئەندازەیەك لێكنزیكدەبنەوە رێككەوتننامەی ستراتیجی مۆردەكەن، نەوشیروان مستەفا تێبینی‌و سەرنجی لەسەر ئەو رێككەوتنە هەبوە، كە لەڕاستیدا زیاتر رێككەوتنی نێوان بارزانی‌و تاڵەبانی بوەو لەچەندین بۆنەشدا ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو رێككەوتنە نەشاردۆتەوە.


بەراگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و بەشداریكردنی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی 2009دا، بردنەوەی 25 كورسی، نەوشیروان مستەفا گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لەهاوكێشەی سیاسی‌و رۆڵی دو جوامێرە سەرەكییەكەدا بینی، پاشان بەدوركەوتنەوەی تاڵەبانی لەكوردستان‌و سەرقاڵبونی بەكاروباری سەرۆكایەتی عێراق‌و دواتریش نەخۆشكەوتنیەوە، جێگۆڕكێی نێوان جوامێرەكان زیاتر بەدیهات.


ئیتر نەوشیروان مستەفا‌و مەسعود بارزانی وەك دو كاراكتەری سەرەكی لەكوردستان دەركەوتن، ئەم دو سەركردەیە دوای بەسەربردنی تەمەنێكی درێژ‌و قاڵبون لەكارو چالاكی سیاسیی‌و دژیەتیكردنی یەكتردا، زۆر باش لەبایەخی یەكتر لەجوگرافیای سیاسی هەرێمی كورستاندا تێدەگەشتن. نەوشیروان مستەفا باش دەیزانی كە سەرۆكی هەرێم یەكێكە لەو كەسانەی رۆڵێكی كارا لەپرۆسەی دروستكردنی بڕیاری سیاسی كوردیدا دەبینێ‌‌و لەناوچەكانی بادینانیشدا ركەبەرێكی راستەقینەی نییە. لەبەرامبەریشدا، بارزانی لەوە تێدەگەیشت بەپێی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، نەوشیروان مستەفا بەهێزترین پێگەی كۆمەڵایەتی هەیە لەسلێمانیدا‌و بەئەندازەیەكیش خاوەنی كێش‌و قورساییە كە هەركات بیەوێ‌ دەتوانێ‌ گۆمی مەنگ‌و ئارامی سیاسی كوردستان بشەڵەقێنێت.


رەنگە هەر لەم روانینەشیانەوە بێت بەرامبەر بەیەك، كە سەڕەرای كێبڕكێی ئاشكراو شاراوەیان، هێشتا چەندین جار دانیشتن‌و گفتوگۆیان ئەنجامدا بەمەبەستی دروستكردنی پردی پەیوەندی‌و هاوكاریی كردنی یەكتر، بەتایبەتی لەپێكهێنانی حكومەتی بنكەفراوان‌و چۆنیەتی روبەروبونەوەی مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان بەهۆی شەڕی داعشەوە لەساڵی 2013و 2014دا.


بەڵام دواتر هیچ جۆرە پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان ئەم دو سەركردەیەدا روینەدا‌و سارد‌و سڕییەك كەوتە نێوانیانەوە، هۆكارەكەشی دیدی پارتی بو بۆ ئەو هەڵمەتەی بەمەبەستی گۆڕینی سیستەمی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا لەسەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانیی‌و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كرا. پارتی‌و بارزانی پێیانوابو ئەوە نەوشیروان مستەفایە كە سەركردایەتی ئەو هەڵمەتە دەكات‌و یەكلایی بونەوە لەوەی نەوشیروان مستەفا ئامادە نییە بەهیچ جۆرێك سازش‌و بەڵێ‌ بۆ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بەو دەسەڵاتە زۆرانەوە بكات.


هەربۆیە ئەوكات لەمیانی سەردانی بارزانیدا بۆ سلێمانی، پاش بینینی تاڵەبانی ئامادە نەبو سەردانی نەوشیروان مستەفا بكات، لەكاتێكدا كە زۆرێك پێیانوابو دوای زنجیرەیەك سەردانكردنی نەوشیروان مستەفا لەسێ‌ ساڵی رابردودا بۆ سەری رەش، ناوبراو لەكاتی هاتنیدا بۆ سلێمانی سەردانی نەوشیروان مستەفا دەكات. سەردان نەكردنی گەیاندنی مەسجێك بو لەلایەن بارزانیەوە بۆ نەوشیروان مستەفا، بەو مانایەی "لێت ناڕازیم".


سەڕەرای ئەو هەمو هەوڵەی لەلایەن چەندین كەسایەتی‌و لایەن‌و تەنانەت دەوڵەتانیشەوە دران، نەوشیروان مستەفا ئامادە نەبو لەگەڵ بارزانی كۆبێتەوەو دو بەدو پێكەوە پرسی سەرۆكایەتی چارەسەر بكەن.


تا دواتر كار گەیشت بەوەی كە لەلایەن دادگای هەولێرەوە فەرمانی دەستگیر كردن بۆ "نەوشیروان مستەفا" دەربچێت.


نەوشیروان مستەفا بەئەندازەیەك بەربەست بوە لەبەردەم هەڵكشانی دەسەڵاتی ماڵی بارزانیدا كە دو جار فەرمانی دەستگیركردنی لەلایەن دادگاوە بۆ دەركراوە، لەهەڕەتی گەنجێتی‌و لەدوا ساڵەكانی تەمەنیشیدا.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×