خەسرۆ گۆران: کۆمسیۆن پێی وتوین ئه‌مساڵ ھه‌ڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ناکرێت
  2019-05-19       653       

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاشكرای كرد، كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق پێی راگەیاندون، بەھیچ شێوەیەك ئەمساڵ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجام نادرێت. دەشڵێت، حزبه‌كه‌ی لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە.

ئاوێنه‌: خەسرۆ گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی ره‌سمی حزبه‌كه‌ی راگەیاند"لەبارەی پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە، قسەمان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق كردوە و ئەوان پێیان راگەیاندوین ئەمساڵ بەھیچ شێوەیەك پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە ناچێت".

خه‌سرۆ گۆران ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"ھۆكارەكانی دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن زۆرن، بەڵام ئەوانەی سەرەكین، بریتین لە ھەموارنەكردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و كۆتایینەھاتن بە پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەرانی عێراق، لەنێو پەرلەمانی عێراقیش خواستێكی زۆر ھەیە پڕۆسەكە بۆ ساڵی داهاتو دوابخرێت."

لەبارەی ھەلوێستی پارتی لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، خەسرۆ گۆران وتی"ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان نایشارینەوە كە لەگەڵ دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانداین، چونكە خەڵكێكی زۆری ئێمە لە موسڵ ئاوارەن و  ٥٠٠ ھەزار دەنگدەری كورد لە ھەرێمی كوردستان ھەن، كە خەڵكی موسڵن، ئێمە لە ھەوڵداین مافی دەنگدانیان نەفەوتێت و ئەو كێشە و ئاستەنگانەی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ساڵی رابردو بەسەریان ھات، دوبارە نەبێتەوە، لەبەرئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ كات پێویستە بۆ خۆتۆماركردنی دەنگدەران."

 بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد"یەكێك لە دواكارییەكانی ئێمە وەك پارتی، ئەوەیە كە بەر لە بەڕێوەچونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، پێویستە رەوشی پارێزگای كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە، تا ھەڵبژاردنێكی بێ كێشە و شەفاف لەو ناوچانەدا بەڕێوە بچێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×