نەوشیروان مستەفا‌و مام جەلال.. لە"قیبلەی موراد"ەوە تا تەخوین
  2019-05-19       2389       
ئا: ئاوێنە


"مام جەلال دۆستایەتی لەگەڵ من بەهێز بوو"!

ئەمە یەكێكە لەڕستە سەرنجڕاكێشەكانی "لەكەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ"ی نەوشیروان مستەفا، كە كاتێك پەیوەندی تۆكمەی خۆی لەگەڵ تاڵەبانی، لەسەروەختی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا دەگێڕتەوە  باس لەو ئیلتیزامە ئەخلاقی‌و ئەدەبیە دەكات دەیبەستێت بەمام جەلالەوە‌و هەر ئەو ئیلتیزامەش ئەو لەپایتەختە دڵڕفێنەكەی نەمساوە كە خوێندكاری دوا قۆناغی تەواوكردنی خوێندنی دكتۆرا بوو، دەهێنێتەوە بۆ نێو كێشمەكێشە سەختەكانی كوردستان‌و "خەباتی شاخ".

"نەوشیروان مستەفا" كە 43 ساڵ لەمەوبەر لەنامەیەكیدا "مام جەلال" بە"قیبلەی موراد"ی ناودەبا‌و دڵنیایی دەكاتەوە لەوەی ئەو چی بڵێت، ئەم "ئامادەیەو بەسەرچاو". بەڵام لەساڵی 2005دا ئەم هەڤاڵە دێرینەی كە نمونەی "بەرخودان‌و تێكۆشان" بووە، وەك نەوشیروان مستەفا دەڵێت بە"ئەندازەیەك شەیداو كوشتەی پۆست‌و مەنسەب‌و دەسەڵات دەبێت كە رەنج‌و خەباتی هاوڕێكانی هەرزان فرۆش دەكات"!

نەوشیروان لەنوسێنێكی دیكۆمێنتاریدا لەژێر ناونیشانی "پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم؟"بڵاویكردەوە، دەربارەی هەوڵدانی تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەغدا، وتی "من زیاتر لە40 ساڵە لەنزیكەوە مام جەلال دەناسم، لەهیچ قۆناغێكی ژیانیدا نەمدیوەو نەمبیستوە ئەوەندەی ئیستا عاشقی مەنسەبی حكومەتی بێ‌و ئامادە بێ قوربانی‌و رەنجی دەیان ساڵی هاوڕێكانی، لەنرخی وەرگرتنیدا بدا".

نەوشیروان مستەفا لەو نوسینەدا كە باس لەرێكەوتن‌و كۆبونەوەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات، پێیوایە "پارتی زیرەكانە، خاڵە لاوازەكانی یەكێتی لەگفتوگۆكاندا بەقازانجی خۆی بەكارهێنا"‌و دەڵێت "تاڵەبانی ئەیویست ببێت بەسەرۆك كۆمار، یەكێتی بۆ ئەوەی تاڵەبانی ببێت بەسەرۆك كۆمار ئەبێ‌ دەست لەزۆر شت هەڵبگرێ‌‌و واز لەزۆر شت بهێنێ‌ بۆ پارتی".

ئەمە سەرەتای دابڕانی راستەقینەی ئەم دو "هەڤاڵە" بو لەیەكتر! 

پەیوەندی نێوان تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1961 ئەو دەمەی كە هەردووكیان وەك دوو گەنجی چوست‌و چالاك تێكەڵ بەكاری سیاسی‌و بزوتنەوەی كوردایەتی بوون، لەو سەردەمەوە تا ساڵی 2007 دوو هاوڕێی زۆر نزیكی یەكتر بوون‌و لەزۆربەی هەڵوێست‌و رووداوەكاندا پێكەوە هاوبەش‌و بەشدار بوون‌و بەردەوامیش پێكەوە لەبەرامبەر هەموو "نەیار"ەكانیاندا لەشاخ‌و شار هەڵوێستیان یەكانگیر بووە. 

بەڵام لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە، كە پارە بەلێشاو رژایە كوردستانەوەو دەسەڵاتیش بووە ماشێنێكی گەورەی سەروەت‌و سامان كۆكردنەوە، حیزبایەتی لەمانای راستەقینەی خۆی بەتاڵ كرایەوە‌و گەندەڵی پەلی هاویشت بۆ هەموو كون‌و قوژبنەكان، ئیتر رەوتی رووداوو پێشهاتەكان ئەم دوو سەركردەیەی لەیەكتر بەچەند قۆناغێك لەیەكتر دوور‌و دورتر دوورخستەوە‌و لەساڵی 2009دا نەوشیروان مستەفا لیستێكی جیای بۆ پەرلەمانی كوردستان پێكهێنا.

هەرچەندە بزوتنەوەی "گۆڕان"‌و "یەكێتی" هەر لەسەرەتاوە كەوتنە سەنگەر گرتن لەیەكدی‌و شەڕی راگەیاندنەوە، بەڵام چ نەوشیروان مستەفا‌و چ تاڵەبانی هیچ قسەو لێدوانێكیان لەدژی یەكتر رانەگەیاند، بەڵام ئەم ناكۆكییە كاتێك بەرەو لوتكە هەڵكشا كە تاڵەبانی لەپلینۆمی یەكێتیدا ساڵی 2010 بەتوندی رەخنەی لەنەوشیروان مستەفا گرت، كە وەك باسدەكرێ‌ لەو كاتەدا تاڵەبانی كەوتبووە ژێر كاریگەریی نەیارە توندڕەوەكانی نەوشیروان مستەفاوە لەناو یەكێتیداو بەهاندانی ئەوانیش ئەو قسانەی كردووە، لەبەرامبەریشدا ناوبراو لەوتارێكدا بەناوی "لەهاوخەباتییەوە بۆ تەخوین"‌و "لەنێوان من‌و مام جەلال"دا بەتوندی وەڵامی تاڵەبانی دایەوە. 

بەقسەكانی تاڵەبانی‌و نوسینەكانی نەوشیروان مستەفا، ململانێی گۆڕان‌و یەكێتی پێینایە قۆناغێكی نوێوە‌و زۆرێك لەو سنورانەیان بەزاند كە پێشتر بە"هێڵی سور"یان دادەنا.

دواتریش زۆرێك لەو هاوڕێیانەی دەیانویست پەیوەندی نەوشیروان مستەفا‌و تاڵەبانی ئاسایی بكەنەوە، نەوشیروان مستەفا بەناڕاستەوخۆ ئەوەی دەدان بەگوێیاندا كە پێویستە تاڵەبانی لەو قسانەی پلینۆمی پاشگەز ببێتەوە. تا سەرەنجام تاڵەبانی لەیادی 37 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیدا بەهەلی زانی (رد اعتبار) بۆ ئەم هاوڕێ‌ دێرینەی بگەڕێنێتەوە‌و بەجۆرێك مێژوی دامەزراندنی یەكێتی بگێڕێتەوە كە پڕاوپڕ بێت لەستایش كردنی نەشیروان مستەفا‌و گەیاندنی پەیامێك بۆ هەڵگرتنی ئەو رێگریانەی بەرەو یەكتر بینین‌و كۆبوونەوەی دوو قۆڵییان دەبات. 

دواتریش لەسەر خواستی ئێرانیەكان، هەردوكیان كۆبونەوەو تەنانەت لە"دەباشان" گەیشتنە جۆرە رێككەوتنێك، بەڵام زۆری نەخایاند نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، پەیوەندیی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی گەیاندەوە خاڵی سفر، بەتایبەتی بەهۆی ململانێی هەڵبژاردنەوە.

سەرەڕای ئەوەی دوای نەخۆشكەوتنەكەی تاڵەبانیش، نەوشیروان مستەفا سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی كرد، كە بەلای زۆرێك لەچاودێرانەوە لەوكاتەدا وەك پشتگیرییەك بۆ ناوبراو لێكدرایەوە، بەهۆی ئەو ململانێیەی كوتلەو كەسە دەستڕۆشتوەكانی یەكێتی لەغیابی تاڵەبانیدا هەیانبو. بەڵام رێككەوتنی دو ڤۆڵی بەئامادەبونی هەمو سەركردەكانی یەكێتی ئیمزا كرد، رێككەوتنێك كە یەكسان بو بە"مەرەكەبی سەر كاغەزەكەی"‌و وەك خۆی لەرێورەسمی ئاهەنگی ئیمزاكردنیدا رایگەیاند "عیبرەت لەجێبەجێكردنیدا بو نەك ئیمزا كردنی".

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×