وردەكاری رێككەوتنی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی كه‌ركوك
  2019-05-19       1717       
كه‌ركوك/8ی كانونی دوه‌می 2019/ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ناوی نەتەوەكانیانەوە رێككەوتنیان بۆ مانەوەی راكان سەعید، لە پۆستی پارێزگاری كەركوك و دابەشكردنی پۆستەكانی دیوانی پارێزگا واژۆكردوە، ئەوەش ناڕەزایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و رێككەوتنەكه‌ لەلایەن ژمارەیەك ئەندامی كوتلە جیاوازەكانەوە رەتدەكرێتەوە.

ئاوێنه‌، كه‌ركوك ناو: ئەو رێككەوتنە نۆ خاڵییە مێژوەكەی بۆ 17ی نیسانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، تیایدا بابەكر سدیق (كاكەڕەش سدیق) بەناوی سەرۆكی كوتلەی كوردی، قاسم بەیاتی لە كوتلەی توركمانی و سەرۆكی كوتلەی عەرەبیش بەبێ ئەوەی ناوی بنوسرێت واژۆی كردوە و دواتر راكان سەعید بەنوسراوێك ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی كردوە.

خاڵی سەرەكی رێككەوتنەكە، رازیبونی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنە بە مانەوەی راكان سەعید، وەكو پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، ئەوەش بەهۆی ئەنجامنەدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا وەك لە رێككەوتنەكەدا ئاماژەی پێكراوە.

خەلیل حەدیدى، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کوتلەی عەرەبى، بە (كەركوك ناو)ی وت "رێکكەوتنەكە تەنیا لە نێوان چوار كەسدا كراوە، ئەوانیش پارێزگاری كەركوك و سێ ئەندامی ئەنجومەن كە خۆیان وەكو سەرۆك و نوێنەری نەتەوەكان نیشانداوە، هەمو ئەندامانی نەتەوەكان لە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداری ئەو رێككەوتنە نین".

وتیشی "ئەو کەسانە نەکراون بە نوێنەرى ئێمە بۆ دانیشتن تا واژۆی رێككەوتن بكەن، ئێمە دەبێت چاوەڕێی ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بکەین بۆ ئەوەى هەر کەسەو هێز و پێگەى خۆى بزانێت چەندە... ئەو دابەشكارییەی ئێستا شتێكی عەشوائییە، ئەمەی ئێستا خزمەت بە شارەکە ناگەیەنێت".

هەروەها نەجات حسێن، ئەندامی تورکمانى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە ئاگادارى هیچ رێکكەوتنێک نین، هەریەک لە قاسم حەمزە و تەحسین کەهیە بەناوی نەتەوەی توركمانەوە ئەو رێككەوتنەیان كردوە، هەر رێككەوتنێك بكرێت دەبێت بە تەواوی نەتەوەكان و كوتلەكان بەشداربن".

وتیشی "ئەوان نوسیویانە كوتلەی توركمانی، بەڵام ئێستا توركمان بوە بە دو كوتلەی جیاواز، قبوڵناكەین بەناوی هەمو توركمانەوە رێككەوتن بكرێت"

ئازاد جەبارى، ئەندامی یەكێتی لە لیستى برایەتى كەركوك، رەتیكردەوە ئەو ئاگاداری ئەو رێككەوتنە بێت و وتی "ماوەیەك بەر لە ئێستا لیژنەیەکى هاوبەش بۆ پێداچونەوە بە پۆستەکانی كەركوك پێكهێنرا، بەڵام من و ئەحمەد عەسکەرى لە لیستى برایەتى ئەو پێداچونەوەیەمان رەتكردەوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە بابەكر سدیق لە هەمان حزب واژۆی له‌سه‌ر رێككەوتنەكە كردوە.

كورتەی رێككەوتنەكه‌...

یەكەم/ مانەوەى راکان سەعید پارێزگارى کەرکوک لە پۆستەكەی

دوەم/ مانەوەى عەلى حەمادى، وەکو یاریدەدەرى پارێزگار بۆ کاروبارى هونەرى لە نەتەوەی عەرەب.

سێیەم/ مانەوەى راید جەمال نەشئەت وەکو یاریدەدەرى پارێزگار بۆ كاروباری کارگێڕیى (مەسیحى)

چوارەم/ پۆستى یاریدەدەرى پارێزگارى کەرکوک بۆ کاروبارى خزمەتگوزارى بدرێت بە خەبات ئەسعەد لە نەتەوەى کورد.

پێنجەم/ پۆستى یاریدەدەرى پارێزگارى کەرکوک بۆ کاروبارى وزە بدرێت بە یاڵچین مەهدى، لە نەتەوەى تورکمان.

شەشەم/ مانەوەى عیماد خەڵەف، وەکو راوێژکارى یاسایى و كاروباری رێکخراوەیی پارێزگار لە نەتەوەى عەرەب.

حەوتەم/ مانەوەى سەباح محەمەد وەکو راوێژکارى کارگێڕى پارێزگارى کەرکوک لە نەتەوەى تورکمان.

هەشتەم/ پۆستى راوێژکارى ئەمن و ئاسایش پارێزگارى کەرکوک بدرێت بە تەها  سەڵاحەدین لە نەتەوەى تورکمان .

نۆیەم/ پۆستى راوێژکاری هونەرى بۆ کاروبارى پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوە بدرێت بە محەمەد غەریب لە نەتەوەى کورد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×