كچه‌ كوردێكی خه‌ڵكی سلێمانی كاندیده‌ بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا
  2019-05-20       3110       

کچە په‌نابه‌رێكی کوردی دانیشتوی هۆڵەندا كاندیدێكی به‌هێزه‌ بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كه‌ بڕیار وایه‌ 23ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

ئاوێنه‌: به‌پێی ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌و په‌نابه‌ران، شه‌م ئه‌حمه‌د، ته‌مه‌ن 23 ساڵان، له‌دایكبوی شاری سلێمانییه‌و لەسەر پارتی كار(PVDA)ی هۆڵەندی کاندیدێکی بەهێزە بۆ بون بە پەرلەمانتار لە پەرلەمانی ئەوروپا.

لێهاتویی و زرنگی شەم هۆكاربوە بۆ ئەوەی هەر بەزویی لە كاری رێكخراوەیی و دواتر سیاسەت و كاری حزبایەتیدا پلەو هەنگاوە گەورە بنێت و هاوكات لەگەڵ بەدەستهێنانی نمرەو بڕوانامەی بەرزو باڵا، ببێتە جێگەی سەرنج و بایەخی پارتەكەیی و بۆ چەندین پۆستی بەرزو گرنگ بیكەنە كاندیدی خۆیان خۆیان.

شەم ئەحمەد کێیە؟

شەم ئەحمەد لەدایكبوی ساڵی ١٩٩٦ی شاری سلێمانییه‌، تەمەنی چوار ساڵ بوە كە لەگەڵ خێزانەكەی بە كۆچبەری چونەتە هۆڵەندا، هەمو قۆناغەكانی خوێندنی زۆر بە سەركەوتویی تەواوكردوە، لە ساڵی ٢٠١٨ كۆلێژی یاسای نێودەوڵەتی بەپلەی بەرز تەواوكردوەو ئێستا خوێندكاری ماستەرە لە زانكۆی تیلبورخ لەوڵاتی هۆڵەندا.

شەم لە یەك كاتدا دو ماستەر دەخوێنێت، ماستەرێكیان سەبارەت بە یاسای نێودەوڵەتییەو ئەوی تریان سەبارەت بە قوربانییە، جا قوربانی جەنگ بێت یان توندوتیژی یان كارەساتی سروشتی… هتد.

شەم لە تەمەنی پانزە ساڵییەوە ئەندامی پارتی كاری هۆڵەندییە، دوجار بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەكان كاندید بوە.

لەساڵی ٢٠١٨حزبەكەی بۆ هەڵبژاردنی هەرێمەكان داوای لێكردوە سەرۆكی لیستەكەیان بكات، بەڵام شەم رەتیكردۆتەوە چونكە دوا ساڵی خوێنندنی بوە لەكۆلێژی یاسای نێودەوڵەتی.
ماوەیەكی زۆر سەرۆكی لاوانی حزبەكەی بوە لە هەرێمی نۆردبرابانت و لەزانكۆش سەرۆكی لاوانی كۆلێژی یاسای نێودەوڵەتی بوە.

دواجار لە نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٨ بەفەرمی پارتەكەی كاندیدیان كرد بۆ پەرلەمانی ئەوروپاو بەمەش شەم دەبێت بە بچوكترین كاندیدی نێو لیستەكان.

 



بەرنامەی كاری شەم لە پەرلەمانی ئەوروپا زیاتر سه‌رنجی لەسەر ئەم خاڵانە دەبێت:

١- هاوتا كردنی بڕی پارەی كاركردنی ژن لەگەڵ پیاودا، چونكە تا ئێستاش ژنان لە ئەوروپادا بەڕامبەر ئەو كارانەی دەیكە له‌سه‌دا 16 كەمتر لە پیاوان وەردەگرن، لە كاتێكدا هەمان كار دەكەن.

٢- زیاتر هێنانە پێشەوەی گەنج و پێدانی ڕۆڵی كارا بە گەنجانی ئەوروپا لە بواری سیاسیدا و لەبەرچاوگرتنی توانا لەبن نەهاتوەكانی گەنجان.

٣-زیادكردنی موچەی ئەو خوێندكارە ئەوروپیانەی كە دەخوازن لە ولاتێكی ئەوروپی دیكە درێژە بە خوێندنەكەیان بدەن.

٤- كەمكردنەوەی نرخی هاتوچۆ و گەشتكردن لە نێوان وڵاتانی ئەوروپادا، بە تایبەت بۆ گەنجان و خوێندكاران.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×