فراكسیۆنێكی عێراقی داواده‌كات كه‌یسی شاسوار عه‌بدولواحید دوربێت له‌ده‌ستوه‌ردانی سیاسی
  2019-05-20       603       

فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی چاكسازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌په‌رله‌مانی عێراق داوا ده‌كات كه‌یسی ده‌ستگیركردنی شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ دوربخرێته‌وه‌ له‌ده‌ستوه‌ردانی سیاسی.

ئاوێنه‌: فراكسیۆنه‌كه‌، ئه‌مڕۆ(دوشه‌ممه‌)، له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانی چاكسازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ چاودێری په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی كه‌یسی تۆمه‌تباركردنی شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌كات.

فراكسیۆنه‌كه‌ داوایكردوه‌ كه‌ له‌كه‌یسه‌كه‌دا رێزی ته‌واو له‌ رێكاره‌ یاساییه‌ دادپه‌روه‌ر و شه‌فافه‌كان بگیرێت.

هه‌روه‌ك داواشی كردوه‌ كه‌یسه‌كه‌ دوربخرێته‌وه‌ له‌ ده‌ستوه‌ردانه‌ سیاسییه‌كان به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كانی شاسوار عه‌بدولواحید-ه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان.

به‌یاننامه‌كه‌ داواشی له‌سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی پرۆسه‌ی دیموكراسی كه‌ بنه‌ماكه‌ی ئازادی راده‌ربڕینه‌ بپارێزن.

له‌په‌یوه‌ست به‌ تۆمه‌تباركردنی به‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری نه‌وه‌ی نوێ، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردو، شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستگیركراو تا ئێستاش به‌ ده‌ستبه‌سه‌ریی ماوه‌ته‌وه‌.

 


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×