2019-05-21   1004     
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا ئاشكرای ده‌كات كه بەشێوەیەکی کاتی کۆت‌و بەندە بازرگانییەكانی سەر کۆمپانیای هواوی چینی لادەبات.
ئاوێنه: پاش ئه‌وه‌ی هەفتەی ڕابردو حكومه‌تی ئه‌مریكا چه‌ند كۆت‌و به‌ندێكی بازرگانی خسته سه‌ر کۆمپانیای هواوی چینی، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا ئه‌مرۆ له‌ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێگە بەکۆمپانیای هواوی دەدات پێداویستییە تەکنەلۆجییەکانی ئەمریکا بکڕێت بۆ بەردەوامبونی خزمەتگوزاریی ئامێرە تەکنەلۆجییەکانی‌و ئەپدەیتبونی ئەو پرۆگرامانەی لەئێستادا لەسەر مۆبایلەکانی هواوی هەیە.
پێشتر واشنتن كۆمپانیای هواویی تۆمه‌تبارکرد بەوەی لەلایەن حكومه‌تی چینه‌وه بۆ سیخوڕیكردن به‌كاربهێنرێت، هەربۆیە دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بڕیاریدا کاروبارەکانی هواوی لەئەمریکا قەدەغە بکات.
هواوی گەورەترین كۆمپانیای چینییە له‌بواری مۆبایل‌و لە ١٧٠ وڵاتی جیهان بەرهەمەکانی دەفرۆشێت، ١٩٠ هەزار کارمەندی هەیە، ساڵی ٢٠١٨ش داهاتەکەی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار بووە.