"نه‌جمه‌دین كه‌ریم دوای ئازادكردنی، قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی لوبنانی لێكراوه‌"
  2019-05-23       635       

نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك، دوای ئه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ره‌فیق حه‌ریری له‌ به‌یروت له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی لوبنانه‌وه‌ ده‌ستگیركرا، دوێنی چوارشه‌ممه‌ ئازادكرا به‌ڵام قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی لوبنانی لێكراوه‌و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق دۆسیه‌ یاساییه‌كه‌ی راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی لوبنان بكه‌ن.

ئاوێنه‌: رۆژنامه‌ی "شه‌رقولئه‌وسه‌ت" له‌ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا له‌زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی دادوه‌ریی لوبنانییه‌وه‌ گواستویه‌تیه‌وه‌ كه‌ نه‌حمه‌دین كه‌ریم له عێراق تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌ "بردنی سامانی گشتی" كاتێك كه‌ پارێزگاری كه‌ركوك بوه‌.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی لوبنان، دوای ده‌ستگیركردنی، نه‌جمه‌دین كه‌ریم-یان راه‌ستی داواكاریی گشتی وڵات كردوه‌و دوێنێش بانگكراوه‌و وته‌ی لێ وه‌رگیراوه‌.

به‌پێی قسه‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌ لوبنانیانه‌ "دوای ئه‌وه‌ی وته‌ی لێوه‌رگیراوه‌، بڕیار دراوه‌ له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دا بهێڵرێته‌وه‌و ئازادكراوه‌ به‌ڵام گه‌شتی بۆ ده‌ره‌وه‌ی لوبنان لێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌و ده‌ست به‌سه‌ر پاسپۆرته‌ ئه‌مریكییه‌كه‌یدا گیراوه‌ كه‌ به‌و پاسپۆرته‌ چۆته‌ ناو لوبنان."

ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕو كه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم "له‌ لوبنان ده‌هێڵرێته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق دۆسیه‌ یاساییه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی لوبنان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای دۆسیه‌كه‌ی رێكاری گونجاو له‌باره‌یه‌وه‌ بگیرێته‌به‌ر."

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌ستگیركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم-ی بۆ رۆژنامه‌كه‌ پشتڕاستكردۆته‌وه‌و جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ی به‌ به‌غدا له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتودا هه‌یه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ رونیكردۆته‌وه‌ كه‌ پۆلیسی ئینته‌رپول، به‌گشتی به‌ دوای ئه‌و كه‌سانه‌دا ناچێت كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ پرسی گه‌نده‌ڵی له‌ وڵاته‌كانیان، له‌كاتێكدا نه‌بێت كه‌ به‌ڵگه‌كانی سه‌ریان به‌هێزو باوه‌ڕپێكراو بن، بۆیه‌ پێده‌چێت ئه‌و دۆسیه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ پێشكه‌شی ئینته‌رپول كراوه‌ له‌باره‌ی پارێزگاری پێشوی كه‌ركوكه‌وه‌ زۆر جێی باوه‌ڕ بێت بۆ ده‌ستگیركردنی.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×