یاسین مهحمود، وتهبێژی یهكێتی وهبهرهێنهرانی
كوردستان ئاشكرایكرد"لەهەرێمی کوردستان سەرمایەی خەوتو کە پێویستە زەکاتی لێدەربکرێت
لە سەرو ٢٠ ملیار دۆلارەوەیە، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر کەمی سەرمایەدارەکان زەکات
لە سەرمایەکانیان دەردەکەن و ھاوکاری خەڵکی ھەژار و نەخۆش و کەمدەرامەت دەکەن."
ئاوێنه: یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئهنادۆڵی توركی بە نیگەرانییەوە باسی لهوه كردوه کە
بەشی زۆری بەرپرس و سەرمایەدارەکانی ھەرێمی کوردستان خۆیان لە بەخشین و دەرکردنی زەکات
لە سەرمایەکانیان دەدزنەوە و ھاوکاری کەسانی ھەژار و خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆش
ناکەن.
یاسین مهحمود وتویهتی"لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە ئاستی دارایی سەرمایەدارانی
ھەرێمی کوردستان بەرزبونەوەی گەورەی بەخۆوە بینی و تا ساڵی ٢٠١٣ ژمارەکان زۆر دەگۆڕاو
زۆر شتی سەیر و سەمەرەش لە دروستبونی سەرمایەداری ملیۆنێر رویدا کە ھەندێک کۆمپانیا
سەرمایەکانیان گەیشتە سەرو یەک ملیار دۆلار، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٣ و سەرھەڵدانی
قەیرانەکان بەشێک لە سەرمایەدار و کۆمپانیاکان بە ئەندازەیەکی چاوەڕواننەکراو مایەپوچ
بون."
وتوشیهتی"لە ھەرێمی کوردستان سەرمایەی خەوتو کە پێویستە
زەکاتی لێدەربکرێت لە سەرو ٢٠ ملیار دۆلارەوەیە کە ئەو پارەیە لەلای سەرمایەدار و دەوڵەمەندو
حزبەکانە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە ساڵانی رابردوش لە ھەرێمی کوردستان بیندراوە زەکاتی
دو ملیار دۆلاریش نادرێت، بەو پێیەش لەسەدا ٩٠ی سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانی کوردستان
زەکات لە سەرمایەکانیان بەپێی پێویست دەرناکەن."
سەبارەت بە ھۆکاری ئەوەش، یاسین مەحمود وتویهتی"کێشەکە
لەوەدایە سیاسەتی حکومەتی ھەرێم و لاوازی سیاسەتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی
ئەوەبوە کە نەمانتوانیوە فەرھەنگی خەڵک و دەوڵەمەندەکان ئاوێتە بکەین لەگەڵ فەرھەنگی
خەڵک و دەوڵەمەندەکانی وڵاتانی ھاوشێوە و ئیسلامی، ئەوەش زیانی گەورەی بە ھەژاران و
نەداران گەیاندوە، لەگەڵ نەبونی یاسایەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی زەکات و نەبونی سندوقی
زەکات و دەزگایەکی زەکات لە ھەرێمی کوردستان."
وتەبێژی وەبەرھێنەرانی کوردستان باسی لەوەش كردوه کە لە
کۆی ئەو دەوڵەمەند و وەبەرھێنەرانەی لە لای رێکخراوەکەیان تۆمارکراوە رێژەیەکی زۆر
کەمیان زەکات لە سەرمایەکانیان دەردەکەن کە ئەوەش ناگاتە لەسەدا ٧ بۆ ٨ی دەوڵەمەند
و سەرمایەدارەکان لە کاتێکدا لە بەشێک لە وڵاتانی دیکی ئیسلامی سەرمایەداران لە کاتی
وەرگرتنی ھەر پڕۆژەیەکدا ناچار دهكرێن بە ئاشکراکردنی لیستی دەرکردنی زەکات لە سەرمایەکانیان.
ئەو ھەروەھا وتویهتی"ئەگەر بە شێوەیەکی رێکوپێک و تەنھا
لەسەدا ٧٠ی زەکاتی سەرمایەدارەکان بدرێت لە ھەرێمی کوردستان، ئەوا ساڵانە بودجەی زەکات
لە ھەرێم دەگاتە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار، ئەوەش بودجەیەکی گەورەیە و خزمەتی گەورە
بە کەسانی ھەژار و کەمدەرامەت و نەخۆش دەکات."
ئهوهشی خستۆتهڕو"بەداخەوە بابەتی زەکات لە ھەرێمی
کوردستان زۆر خراپە و بە ھۆی پێ نەدانی زەکاتەوە رێژەی ھەژاری ساڵ لە دوای ساڵ بەرزتر
دەبێتەوە، بەجۆرێک ئەگەر حکومەتێکی دادپەروەر بێتە پێشەوە و لێپێچینەوە بکات لەوەی
بەشێک لە دەوڵەمەندەکان وەک ئەوەی زەکات نادەن بونەتە قۆرخکار بەسەر ھەژارانەوە و وەک
پرد بەسەریاندا دەپەڕنەوە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و پارەیەکی زۆری خەڵکانی کەمدەرامەتیان
بە ناوی دروستکردنی خانوبەرەوە بردوە".
بە وتەی گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، رێژەی
ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان زیاترە لەو رێژەیەی بڵاودەکرێتەوە و دەگاتە لەسەدا ٢٠ی دانیشتوان،
ھەروەھا بەشێکی زۆری خەڵک پێویستی زۆری بە ھاوکاری ھەیە تاوەکو جەژن بکات.
لیژنەی باڵای فەتوا لە ھەرێمی کوردستان بڕی زەکاتی وا دیاری
کردوە کە ھەر کەسێک بڕی دو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دیناری ھەبێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبوبێت
ئەوا لە ھەر یەک ملیۆن دینار ٢٥ ھەزار دینار زەکاتی دەکەوێت.