دو كۆمپانیای بیانی له‌خاوه‌ندارێتی پشكه‌كانیان له‌كۆڕه‌ك تلیكۆم بێبه‌ش ده‌كرێن
  2019-05-24       1319       

ده‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندنی عێراق، دو كۆمپانیای بیانی له‌ پشكه‌كانیان له‌ كۆمپانیای كۆڕه‌ك تلیكۆم بێبه‌ش ده‌كات و ده‌یداته‌ كۆمه‌ڵێك وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆیی كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ سیروان بارزانی، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیاكه‌یه‌. ئه‌و دو كۆمپانیا بیانییه‌ خاوه‌نی له‌سه‌دا 44ی پشكه‌كانی كۆڕه‌ك تلیكۆم بون.

ئاوێنه‌: ئاژانسی بولمبێرگ به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ ده‌ستی كه‌وتوه‌، بڵاویكردۆته‌وه‌، ده‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندنی عێراق به‌ فه‌رمانێكی كارگێڕی پشكی هه‌ردو كۆمپانیای ئۆره‌نجی فه‌ره‌نسی و ئه‌جیلیتی كوه‌یتی، كه‌ به‌ هاوبه‌شی خاوه‌نی له‌سه‌دا 44ی پشكه‌كانی كۆمپانیاكه‌ بون، گواستۆته‌وه‌ بۆ سه‌ر سێ وه‌به‌رهێنه‌ری ناوخۆیی كه‌ یه‌كێكیان سیروان بارزانی، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای كۆڕه‌ك تیلیكۆمه‌.

ئه‌و دو كۆمپانیا بیانییه‌ له‌ساڵی 2011دا پشكه‌كانیان له‌كۆڕه‌ك كڕیوه‌و بڕی 810 میلۆن دۆلار سه‌رمایه‌گوزارییان له‌و پڕۆژه‌یه‌دا كردوه‌. به‌ڵام له‌ساڵی 2014دا ده‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندنی عێراق، گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و رایگه‌یاند، كۆمپانیاكان شكستیان هێناوه‌ له‌ پابه‌ندبون به‌ خه‌رجی و بونیادنانی تۆڕه‌كان.

ئه‌و بڕیاره‌ش ناكۆكی یاسایی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌رده‌وامه‌.

به‌پێی فه‌رمانه‌ كارگێڕییه‌كه‌ی ده‌سته‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندنی عێراق، له‌ئێستادا سیروان بارزانی خاوه‌نی له‌سه‌دا 75ی كۆمپانیای كۆڕه‌ك تلیكۆمه‌و دو وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ی دیكه‌ش خاوه‌نی له‌سه‌دا 25 كۆمپانیاكه‌ن.

وته‌بێژی كۆمپانیا فه‌ره‌نسییه‌كه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ده‌ست به‌سه‌ر پشكه‌ هاوبه‌شه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ئه‌جیلیتیدا گیراوه‌ كه‌ خاوه‌نی بون له‌ كۆمپانیای كۆڕه‌ك.

كۆمپانیای ئه‌جیلیتی كوه‌یتی-ش له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه‌ رێكاریی یاسایی جۆراوجۆر له‌ دوبه‌ی، نیویۆرك و له‌ ناوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی وه‌به‌رهێنان كه‌ سه‌ر به‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تییه‌ ده‌گرێته‌به‌ر له‌پێناو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی خاوه‌ندارێتی پشكه‌كانی له‌ كۆمپانیای كۆڕه‌ك.

بلومبێرگ له‌زاری به‌رپرسێكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاره‌كه‌ی جێبه‌جێ كردوه‌.

لای خۆیشییه‌وه‌ سیروان بارزانی پشتیوانی له‌ بڕیاره‌كه‌ كردوه‌و رایگه‌یاند، كه‌ دادگا عێراقییه‌كان پاڵپشتیان بڕیاره‌كه‌یان كردوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×