ویكیلیكس: له‌(2005)ه‌وه‌، ئه‌مریكا دڵنیا بووه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ركوك ده‌بێته‌ قوربانی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی
  2019-05-25       3103       

 ئا: هاوكار حسێن

به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ ئاشكرایده‌كات، 9 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌مریكییه‌كان دركیان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئیداره‌دانی‌ كه‌ركوك به‌وشێوه‌یه‌ی‌ كه‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ده‌یانه‌وێت، شكست ده‌هێنێت‌و دواجار ده‌بێته‌ قوربانی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوانیان. هاوكات ئه‌گه‌ر خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كانی‌ شاره‌كه‌ به‌زوویی‌ قه‌ره‌بوو بكرایانه‌وه‌، ئاماده‌بوون شاره‌كه‌ چۆڵبكه‌ن، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ باڵای‌ كورد په‌له‌یان نه‌بووه‌و پێیانباش بووه‌ "له‌سه‌رخۆ بێت".

به‌پێی‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ ویكیلیكس كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتووه‌، كاتێك به‌رپرسانی‌ كورد داوایان له‌ئه‌مریكا كردوه‌ یارمه‌تیان بدات له‌گێڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێم، به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌‌و رێكنه‌كه‌وتنیان له‌سه‌ر پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ ته‌وافوقی‌ له‌شاره‌كه‌دا، داوه‌ته‌وه‌ به‌چاوی‌ به‌رپرسانی‌ كوردداو گومانیان هه‌بوه‌ له‌وه‌ی‌ بتوانن پێكهاته‌كانی‌ دیكه‌ دڵخۆش بكه‌ن.  

رۆژی‌ 19ی‌ ته‌مموز، به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ له‌ئه‌نكه‌ره‌، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌. له‌و دیداره‌دا گه‌ڵاڵی‌ وتویه‌تی‌، " ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو كورد له‌دانوستانه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ده‌ستوردا ده‌یه‌وێت كه‌ركوكه‌، له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتنی‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌دا، واز له‌هه‌موو شتێكی‌ دیكه‌ دێنێت".

زانیارییه‌كانی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا له‌ئه‌نكه‌ره‌ نووسراوه‌و مێژووه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 2005، ئاشكرایده‌كات، "گه‌ڵاڵی‌ هه‌وڵیدا دڵنیامانبكاته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ كورد ئاماده‌یه‌ له‌نزیكه‌وه‌ كار له‌گه‌ڵ توركمان‌و عه‌ره‌به‌كانی‌ كه‌ركوكدا بكات، به‌جۆرێك كه‌ ئه‌و پێكهاتانه‌ هه‌ست به‌به‌خته‌وه‌ری‌ بكه‌ن كه‌ له‌كه‌ركوكدا ده‌ژین". به‌ڵام به‌رپرسه‌كانی‌ ئه‌مریكا گومانیان له‌و به‌ڵێنه‌ هه‌بووه‌و رایانگه‌یاندوه‌، "شكستی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌توانراوه‌ حكومه‌تێكی‌ كاتی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌وافوق له‌كه‌ركوك پێكبهێنرێت، نیشانه‌یه‌كی‌ دڵخۆشكه‌ر نییه‌".
له‌به‌رامبه‌ردا گه‌ڵاڵی‌ ئۆباڵی‌ ئه‌و شكسته‌ی‌ خستۆته‌ ئه‌ستۆی‌ بارزانی‌‌و له‌به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا هاتووه‌، "گه‌ڵاڵی‌ لۆمه‌ی‌ بارزانی‌ كرد كه‌ رێگره‌ له‌به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ ته‌وافوق‌و وتی‌، تاڵه‌بانی‌ هه‌وڵ له‌گه‌ڵ بارزانی‌ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر هاریكار بێت".
هاوكات زانیارییه‌كانی‌ ناو به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ ئاشكرایده‌كه‌ن كه‌ له‌ساڵی‌ 2005، كۆمه‌ڵێك له‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ددامه‌وه‌ له‌رابردودا هێنرابوونه‌ كه‌ركوك، چاویانكه‌وتووه‌ به‌تاڵه‌بانی‌‌و باسیان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "ئه‌گه‌ر به‌زوویی‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ باشور." به‌ڵام تاڵه‌بانی‌ پێشتر له‌لای‌ جێگری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا ئه‌وه‌ی‌ دركاندوه‌ كه‌ ئه‌و پێیباشه‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئاینده‌ی‌ كه‌ركوك به‌خاوی‌ بڕواته‌ پێشه‌وه‌.

ئای‌ دی‌: 05ANKARA4205
بابه‌ت: نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ له‌ئه‌نكه‌ره‌ ده‌ڵێت واز له‌هه‌موو شتێك ده‌هێنین له‌پێناو كه‌ركوكدا.
سه‌رچاوه‌: باڵیۆزخانه‌ی‌ توركیا
به‌روار: 20ی‌ ته‌مموزی‌ 2005
پۆلێن: زۆر نهێنی‌

پوخته‌:
نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ئه‌نكه‌ره‌، به‌هرۆز  پێیراگه‌یاندین كه‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو كورد له‌دانوستانه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ده‌ستوردا ده‌یه‌وێت كه‌ركوكه‌، له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتنی‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌دا، واز له‌هه‌موو شتێكی‌ دیكه‌ دێنێت. ئه‌و سكاڵای‌ هه‌بوو له‌هه‌نگاوه‌كانی‌ ماده‌ی‌ 58 (ماده‌ی‌ 140) كه‌ زۆر به‌خاوی‌ ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌، هه‌روه‌ها لۆمه‌ی‌ بارزانی‌ كرد كه‌ رێگره‌ له‌وه‌ی‌ حكومه‌تێكی‌ كاتی‌ به‌شێوه‌ی‌ ته‌وافوق پێكبهێنرێت. ئه‌م تێڕوانینه‌ی‌ گه‌ڵاڵی‌ له‌باره‌ی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌وه‌ی‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر تاڵه‌بانی‌ له‌به‌غدا وتی‌.  
رۆژی‌ 19ی‌ ته‌مموز، به‌رپرسانی‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ له‌ئه‌نكه‌ره‌، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌ كۆبوونه‌وه‌. له‌و دیداره‌دا گه‌ڵاڵی‌ وتی‌، به‌و زووانه‌ له‌سه‌ردانكردنی‌ به‌غدا‌و هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد له‌لای تاڵه‌بانی‌ بووه‌ كه‌ كاتێك جۆرج بوش ته‌له‌فۆنی‌ بۆ كردوه‌و پیرۆزبایی‌ لێكردووه‌ به‌بۆنه‌ی‌ به‌شداربوونی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ له‌لیژنه‌ی‌ داڕشتنه‌وه‌ی‌ ده‌ستوردا. گه‌ڵاڵی‌ ئه‌وه‌شی‌ راگه‌یاند كه‌ بوش داوای‌ له‌تاڵه‌بانی‌ كردووه‌ پیرۆزبایی‌ بگه‌یه‌نێته‌ مه‌سعود بارزانی‌ به‌بۆنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.    

گه‌ڵاڵی‌: كه‌ركوكمان بده‌نێ‌، ئه‌وانه‌ی‌ تر ئاسانه‌
گه‌ڵاڵی‌ به‌وته‌ی‌ خۆی‌ ئاگاداره‌ له‌دواین ئه‌و داواكارییانه‌ی‌ كه‌ كورد پێشكه‌شی‌ لیژنه‌ی‌ ده‌ستوریی‌ كردوه‌. گه‌ڵاڵی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كردوه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی‌ كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌چاره‌سه‌ر.
له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چی‌ وا له‌كورد ده‌كات پشتیوانی‌ له‌ده‌ستوری‌ نوێ‌ بكات، گه‌ڵاڵی‌ رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ زۆر ئاسانه‌، نوێنه‌رانی‌ كورد له‌نووسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوردا پێویسته‌ ئه‌مانه‌ بكه‌ن:
-    دیاریكردنی‌ سنوره‌كان به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌و شارو شارۆچكانه‌ی‌ سه‌ددام له‌كه‌ركوكی‌ دابڕیون بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای‌ كه‌ركوك.
- داننان به‌وه‌ی‌ كه‌ كه‌ركوك "شارێكی‌ كوردییه‌"‌و بخرێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
 به‌هرۆز گه‌ڵاڵی‌ ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌مریكا فشار بخاته‌سه‌ر هه‌ر یه‌ك له‌عه‌ره‌بی‌ سوننه‌و شیعه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رازیبن به‌و داواكارییه‌. ئه‌و هه‌وڵیدا دڵنیامانبكاته‌وه‌ له‌وه‌ كه‌ كورد ئاماده‌یه‌ له‌نزیكه‌وه‌ كار له‌گه‌ڵ توركمان‌و عه‌ره‌به‌كانی‌ كه‌ركوكدا بكات، به‌جۆرێك كه‌ ئه‌و پێكهاتانه‌ هه‌ست به‌به‌خته‌وه‌ری‌ بكه‌ن كه‌ له‌كه‌ركوكدا ده‌ژین وه‌ك شارێكی‌ كوردی‌. راوێژكاری‌ سه‌ربازیی‌- سیاسیی‌ ئه‌مریكا به‌مجۆره‌ وه‌ڵامیدایه‌وه‌: شكستی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌توانراوه‌ حكومه‌تێكی‌ كاتی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ته‌وافوق له‌كه‌ركوك پێكبهێنرێت، نیشانه‌یه‌كی‌ دڵخۆشكه‌ر نییه‌. له‌به‌رامبه‌ردا گه‌ڵاڵی‌ لۆمه‌ی‌ بارزانی‌ كرد كه‌ رێگره‌ له‌به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ته‌وافوق‌و وتی‌، تاڵه‌بانی‌ هه‌وڵ له‌گه‌ڵ بارزانی‌ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر هاریكار بێت. جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ قه‌ره‌بووی‌ ئه‌و خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ددامه‌وه‌ هاورده‌ی‌ شاره‌كه‌ كراون‌و ده‌بێت كه‌ركوك چۆڵبكه‌ن. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر گروپێك له‌و عه‌ره‌بانه‌ی‌ كه‌ركوك چاویانكه‌وتووه‌ به‌تاڵه‌بانی‌‌و باسیان له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌زوویی‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ باشور. گه‌ڵاڵی‌ سكاڵای‌ له‌خاوو خلیچكی‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 58 (140) هه‌بوو.

كۆمێنێت:
گه‌ڵاڵی‌ (به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هاوڕێكه‌ی‌ له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان) به‌گشتیی‌ سه‌لماندی‌ كه‌ ته‌واو په‌یوه‌سته‌ به‌سه‌ركرده‌ی‌ حزبه‌كه‌ی‌ خۆی‌‌و هه‌ڵوێستی‌ كوردانی‌ عێراق به‌گشتیی‌. ئێمه‌ ئه‌وه‌ بۆ هاوڕێیانمان جێده‌هێڵین له‌عێراق له‌باره‌ی‌ بۆچونه‌كانی‌ گه‌ڵاڵی‌ كه‌ هه‌موو كورد ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌ستوردا ده‌یانه‌وێت بریتیه‌ له‌كه‌ركوك. به‌تایبه‌تی‌ لێدوانه‌كانی‌ ئه‌مدوایه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ بۆ جێگری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا كه‌ وتبوی‌ هه‌نگاونانی‌ له‌سه‌رخۆی‌ پێباشه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ چاره‌نووسی‌ كه‌ركوك.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×