گه‌روی هورمز، مۆته‌كه‌ ترسناكه‌كه‌ی ئابوری عێراق‌و كه‌نداو
  2019-05-25       1300       

محه‌مه‌د حسێن

 

ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسی‌و ئابوریه‌كانی عێراقی تۆقاندووه‌ له‌ململانێكانی نێوان ئێران‌و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌و كه‌ڵه‌گایی‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ ئاشكراو نهێنیه‌ نیه‌ كه هه‌‌ردو وڵات له‌عێراقدا ده‌یكه‌ن. له‌راستیدا بوونی ململانێ سه‌ربازی‌و هه‌واڵگیرییه‌ ئاشكراو نهێنیه‌كانیشیان نیه‌ كه‌ له‌شه‌نگاله‌وه‌ تا به‌سره‌ درێژبۆته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌گه‌ری پێكدادانی سه‌ربازییانه‌ له‌گه‌روی هورمزدا.

گه‌رووی هورمز كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئێران‌و سه‌ڵته‌نه‌تی عومان ده‌روازه‌ی هه‌نارده‌كردنی زیاتر له‌ ٨٥% ی هه‌مو نه‌وتی عێراقه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیشی له‌سه‌ر حساب كه‌ین. به‌بێ هه‌نارده‌ی هه‌رێم زیاتر له ٩٥%ی نه‌وتی عێراق لێره‌وه‌ ده‌ڕوات بۆ بازاڕه‌ جیهانیه‌كان.

هه‌موو رۆێك زیاتر له‌ ٢٠ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی عێراق، كۆیت، سعودیه‌، ئیمارات، قه‌ته‌ر، به‌حره‌ین و ئێران لێره‌وه‌ ده‌ڕوات بۆ بازاڕه‌ جیهانیه‌كان، به‌تایبه‌تی ئاسیا، ئه‌مه‌ ده‌كاته‌ پێنجیه‌كی كۆی نه‌وتی جیهان له‌ بازاڕدا.

هه‌ربۆیه‌ ته‌نگژه‌كه‌ی ئه‌مریكاو ئێران له‌م ڕێڕه‌وه‌ ئاوییه‌دا، كه‌ روبه‌ره‌كه‌ی ته‌نها ٣٩ كیلۆمه‌تره‌‌، كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئابوری جیهان ده‌بێت نه‌ك ته‌نها عێراق و وڵاتانی كه‌نداو.

له‌كاتی شه‌ڕی ئێران‌و عێراقدا، له‌ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردو، ئێرانیه‌كان هه‌وڵیاندا ڕێگه‌ له‌ كه‌شتیه‌ بارهه‌ڵگره‌كانی نه‌وتی عێراق بگرن به‌هورمزدا تێپه‌ڕێت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتو نه‌بون. هێشتا دیارنیه‌ ئه‌م جاره‌ش ئێرانیه‌كان تا چه‌ند ده‌توانن ئه‌م ڕێڕه‌وه‌ بازرگانیه‌ گرنگه‌ی جیهان دابخه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. به‌ڵام زۆر له‌ شاره‌زایان بڕوایان وایه‌ كه‌ ئیداره‌ی ئه‌مریكا هه‌رگیز ته‌نگژه‌كه‌ ناگه‌یه‌نێته‌ ئاستی ململانێی سه‌ربازی له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار، كه‌ به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌ هۆی گه‌روی هورمزه‌وه‌ له‌هه‌ره‌ كاریگه‌رترینیانه‌.

هه‌رچه‌نده‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی وتی له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر ته‌نگژه‌یه‌كدا به‌هۆی ململانێكانی نێوان ئه‌مریكاو ئێرانه‌وه‌ له‌هورمز عێراق به‌دیلی تری هه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان‌و توركیایه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی، هیچ شاره‌زایه‌كی ته‌كنیكی بواری نه‌وت بڕوای به‌وه‌ نیه‌ كه‌ بۆڕی نه‌وتی كوردستان و ژێرخانی نه‌وتی عێراق بتوانێت زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل رۆژانه‌ هه‌نارده‌ بكات له‌توكیاوه‌، ئه‌م بڕه‌ش چواریه‌كی ئه‌و نه‌وته‌یه‌ كه‌ ئێستا عێراق رۆژانه‌ هه‌نارده‌ی ده‌كات.

زۆر به‌ ساده‌یی، هه‌ر روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌مریكاو ئێران له‌ هورمزدا، ٧٥% هه‌نارده‌ی عێراق كه‌مده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌مانای قه‌یرانێكی دارایی‌و ئابوری خنكێنه‌ر دێت.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×