وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق: هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم
  2019-05-26       694       

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ڵێت، نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك له‌لوبنان به‌كه‌فاله‌ت ئازادكراوه‌و ده‌ست به‌سه‌ر پاسپۆرته‌كانیدا گیراوه‌و رێگریی گه‌شتی لێكراوه‌. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوبراو بۆ عێراق و دادگاییكردنی.

ئاوێنه‌: وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ پرسی ده‌ستگیركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری پێشوی كه‌ركوك له‌ به‌یروت رایگه‌یاند، هه‌ركه‌ ئاگاداری بابه‌ته‌كه‌ بون له‌ڕێگه‌ی فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی وه‌ك‌ پۆلیسی عه‌ره‌بی و پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تی(ئینته‌رپول)ه‌وه‌، سه‌ر جه‌م رێكاره‌ یاساییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی داواكراوانیان گرتۆته‌به‌ر‌.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ورده‌كاریی ده‌ستگیركردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم، "تۆمه‌تباری هه‌ڵهاتو"یان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یروت زانیوه‌ كه‌ ده‌ستگیركردنیشی له‌ئه‌نجامی به‌دواداچونه ورده‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌یانه‌وه‌ بوه‌ بۆ دۆسیه‌كه‌، ده‌ستبه‌جێ له‌ 21ی ئایار له‌ڕیگه‌ی ئینته‌رپولی عێراقییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئینته‌رپولی لوبنانییه‌وه‌ كردوه‌و هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنیشه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردون كه‌ تێیدا رونیانكردۆته‌وه‌، تۆمه‌تبار، داواكراوه‌ له‌لایه‌ن دادگای عێراقییه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی بردنی سامانی گشتی‌ و هه‌روه‌ك داوایان كردوه‌ ناوبراو ده‌ستبه‌سه‌ربێت تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌مان دۆسیه‌ی راده‌ستكردنه‌وه‌ی به‌ عێراق ره‌وانه‌ی به‌یروت ده‌كه‌ن.

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ 31ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2018ه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئینته‌رپول فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ نه‌جمه‌دین كه‌ریم هه‌بوه‌و هه‌روه‌ها له‌ 12ی نیسانی ساڵی 2018ه‌وه‌ له‌لایه‌ن دادگای عێراقه‌وه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌یه‌.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئاشكراشیكردوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئینته‌رپولی لوبنانییه‌وه‌ پێیان ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم-یان به‌كه‌فاله‌ت و به‌پێی یاسا لوبنانییه‌ به‌ركاره‌كان ئازادكردوه‌ به‌ڵام پاسپۆرته‌كانیان لێوه‌رگرتوه‌و هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی لوبنانیان لێكردوه‌و چاوه‌ڕوانی ناردنی دۆسیه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ین له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی رێگه‌خۆشكردن بۆ ناردنه‌وه‌ی تۆمه‌تبارو دادگاییكردنی له‌عێراق، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی راده‌ستكردنه‌وه‌ی داواكراوان كه‌ له‌ساڵی 1929 له‌نێوان عێراق و لوبناندا ئیمزاكراوه‌.

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ هێشتا هه‌وڵه‌كانیان به‌ بڕیاری حكومه‌ت له‌ئاستی باڵا به‌رده‌وامن له‌گه‌ڵ ئینته‌رپولی لوبنانی و لایه‌نه‌ دادوه‌رییه‌كانی لوبنان له‌سه‌ر پێویستی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌پێناو راده‌ستكردنه‌وه‌ی "تۆمه‌تباری هه‌ڵهاتو(نه‌جمه‌دین كه‌ریم)" به‌ لایه‌نی دادوه‌ریی عێراقی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنانه‌ی كه‌ بۆی ده‌رچون.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو كه‌ ئه‌نجامی دوا هه‌وڵ و په‌یوه‌ندییه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی لوبنانی و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دۆسیه‌كه‌ دواتر ده‌خه‌نه‌ڕو.

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ كه‌ درێغی له‌هیچ هه‌وڵێك ناكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی یاساو په‌یڕه‌وكردنی ماده‌ تایبه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م تۆمه‌تبارانی هه‌ڵهاتو.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×