ئا: ئاوێنه
مه‌داحێکی ئێرانی له‌رێوره‌سمی مه‌ولودنامه‌ی ئیمام حه‌سه‌نی موجته‌بادا سوکایه‌تی به‌سێ خه‌لیفه‌ی راشدین "ئه‌بوبه‌کرو عومه‌رو عوسمان"و عائیشه‌ی هاوسه‌ری پێغه‌مبه‌ر ده‌کات‌و به"حه‌رامزاده" ناویان ده‌بات، ئه‌م سوکایه‌تی پێکردنه له‌ئێراندا هه‌رای ناوه‌ته‌وه.
ناڕه‌زایی‌و کاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌په‌خشی راسته‌وخۆی ئه‌م سوکایه‌تی‌و جنێوانه به‌ئه‌سحابه‌کانی ئه‌هلی سوننه، "شه‌به‌که‌ی پێنجی سیما"ی ئێرانی ناچار کرد داوای لێبوردن له"برایان‌و خوشکان"ی ئه‌هلی سوننه بکات. له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا ئیدانه‌ی گوتاری مه‌داحه‌که‌و به‌هۆی په‌خش کردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌وه پۆزشی بۆ ئه‌هلی سوننه هێنایه‌وه.
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌م پۆزش هێنانه‌وه‌یه‌و ده‌نگۆی ده‌ستگیرکردنی ئه‌م مه‌داحه، هێشتا ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به‌م سوکایه‌تی پێکردنه به‌رده‌وامه.
عه‌لی لاریجانی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئێران، داوای له"صدا و سیما" کرد که خۆیان له‌دوبه‌ره‌کی نانه‌وه له‌نێوان مه‌زهه‌به‌کاندا به‌دور بگرن.
په‌رله‌مانتارانی سوننه له‌په‌رله‌مانی ئێران به‌توندی ئیدانه‌ی په‌خشکردنی ئه‌م سوکایه‌تییه‌ی به‌پیرۆزییه‌کانی سوننه کرد.
زۆربه‌ی پیاوانی ئایینی شاره سونییه‌کانی ئێران ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر به‌م به‌رنامه‌یه ده‌ربڕی.
ئه‌مه یه‌که‌مجار نییه که راگه‌یاندنه فه‌رمییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران سوکایه‌تی به‌سوننه ده‌که‌ن، به‌ڵکو له‌چه‌ندین کات‌و به‌رنامه‌ی جیاوازدا سوکایه‌تییان به‌پێشه‌واکانی ئه‌هلی سوننه کردوه‌و نه‌فره‌تیان بۆ ناردون.
ته‌نانه‌ت ئایه‌توڵا "محمد تقی مصباح یزدی" سوننه‌کانی به‌باوه‌ڕداران به"دینی ناحه‌ق" ناوبردوه‌و رایگه‌یاندوه پێویسته کتێبه‌کانی شیعه له‌ناویاندا بڵاوبکرێته‌وه تا بێنه سه‌ر دینی حه‌ق".
سوننه‌کان وه‌ک هه‌مو پێکهاته مه‌زهه‌بی‌و ئایینیه‌کانی تری ئێران، هه‌میشه له‌سایه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا مافیان پێشێلکراوه، تارانی پایته‌خت که نزیکه‌ی 2 ملیۆن سوننه‌ی تیا نیشته‌جێیه به‌ڵام 40 ساڵه رێگه‌یان پێنادرێ مزگه‌وتێکی تایبه‌ت به‌خۆیان دروست بکه‌ن، شوێنێکیان هه‌بو بۆ نوێژکردن له‌گه‌ڕه‌کی "یونک"، سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر روخاندییان.
سوننه‌کان بۆیان نییه هیچ پۆستێکی گه‌وره‌ی ئیداری و حکومی وه‌رگرن، بۆیان نییه ببن به‌سه‌رۆک کۆمار‌و سه‌رۆک وه‌زیران‌و وه‌زیرو پارێزگار‌و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و ته‌نانه‌ت پۆستی باڵوێزیشیان پێنادرێ.
له‌پۆسته سه‌ربازییه‌کاندا پله‌ی ئه‌فسه‌ری‌و به‌ره‌و ژوریان پێنادرێ، ئه‌وپه‌ڕی جیاکاری ده‌کرێن.
به‌شێک له‌میدیاکانی ئۆپزیسیۆنی ئێران ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که ئه‌و مه‌داحه‌ی سوکایه‌تی به‌پیرۆزییه‌کانی سوننه کردوه له‌په‌خشێ راسته‌وخۆدا، ناوی "ئه‌حمه‌دی قه‌دمی"یه‌و زاوای "ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد"ی سه‌رۆک کۆماری پێشوی ئێرانه.