عێراق ١٨٨ منداڵی داعش رادەستی تورکیا دەکاتەوە
  2019-05-29       386       

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لەعێراق رایگه‌یاند بە ئامادەبونی نوێنەرانی حکومەتی ھەردو وڵات و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، عێراق ١٨٨ منداڵی رادەستی تورکیا کرده‌وە کە چەکدارانی داعش لە عێراق دوای خۆیان جێیان ھێشتون.

ئاوێنه‌: لە راگەیەندراوێکدا وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق، عەبدولسەتار بەیرەقدار رایگه‌یاند، ١٨٨ منداڵ کە چەکدارانی داعش لە عێراق دوای خۆیان جێیان ھێشتون لە لایەن دادگای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆریست و بیانییە تۆمەتبارەکان، رادەستی تورکیا کرانەوە.

عەبدولسەتار بەیرەقدار ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو منداڵانە ژمارەیەکی کەمیان مێردمنداڵن و بە بەزاندنی سنور بە شێوەیەکی نایاسایی تاوانبارکرابون و دوای تەواوبونی ماوەی زیندانیکردنیان، رادەستی تورکیا کراونەتەوە.

وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی باسی لەوەشکرد کە به‌ ئامادەبونی نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵیۆزخانەی تورکیا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەو ١٨٨ منداڵە رادەستی تورکیا کرانەوە.

ھەفتەی رابردو باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتح یڵدز ئاشکرایکرد وڵاتەکەی لە ھەوڵدایە ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان لە ریزەکانی داعشدا بون لە عێراق، بەرلە جەژنی رەمەزان بە رێککەوتن لەگەڵ عێراق بگەڕێنێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×