ئەیاد عەلاوی: بارزانی پێیوتم كوردستان لەعێراق جیا نابێتەوە‌و هەمو توانای خۆم‌و كوردستان دەخەمە خزمەتی عێراقەوە
  2019-05-30       2558       

ئا: ئاوێنە

 

ئەیاد عەلاوی ئاماژە بەوە دەكات لەسەر داوای عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی مەسعود بارزانی كردوە، ئەو دەڵێت "مەسعود بارزانی پێیوتم كوردستانی عێراق بەشێكی دانەبڕاوە لەعێراق‌و هەموو توانای خۆم‌و كوردستان دەخەمە خزمەتی حكومەتی عێراقەوە ئەگەر جەنگ لەنێوان ئەمەریكاو ئێران روبدات".


ئەیاد عەڵاوی، سەركردەی هاوپەیمانی نیشتمانی، ئەمڕۆ سێشەمە ئەوەی ئاشكرا كرد كە رۆشتنی بۆ هەولێر‌و كۆبونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر خواست‌و داوای عادل عەبدولمەهدی بوە.


عەلاوی لەبەرنامەی "حق الرد"ی كەناڵی سۆمەریەدا رایگەیاند "عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ماڵەوەمانی كرد‌و داوای لێكردم بچم بۆ هەولێر لەبەرئەوەی پەیوەندیم لەگەڵ مەسعود بارزانی بەهێزە، عەبدولمەهدی وتی كێشەمان هەیە لەگەڵ مەسعود بارزانی، بەتایبەتی لەمەسەلەی هەناردە كردنی نەوتدا، چوم بۆ هەولێر‌و لەمبارەوە لەگەڵ بارزانی گفتوگۆمان كردو باسی ئەوەم كرد ئەگەر جەنگی نێوان ئەمەریكاو ئێران روبدات حكومەتی عێراق دەیەوێ‌ لەڕێگەی كوردستانەوە نەوت بۆ توركیا هەناردە بكات‌و گەنجینەی خۆراك لەهەرێم دروست بكرێ‌، لەگەڵ مەسعود بارزانی رێككەوتین دوای جەژن شاندێكی فەرمی بنێرنە بەغداو لەگەڵ حكومەتی عێراق دانیشن".


عەلاوی راشیگەیاند "بارزانی ئامادەی خۆی بۆ بەشداربون لەكۆبونەوە سیاسییەكاندا دەربڕی‌و وتی یەكەم، كوردستانی عێراق بەشێكی دانەبڕاوە لەعێراق‌و جیانابێتەوە. دوەمیش، هەموو توانای خۆم‌و كوردستان دەخەمە خزمەتی حكومەتی عێراقەوە ئەگەر جەنگ روبدات".


عەلاوی باسی لەوەش كرد كە "ئەمەریكا خەریكی دانوستانە لەگەڵ بەعسییەكان‌و ئەمەشی لەئەمەریكییەكان خۆیان بیستوە".


عەلاوی جەغتی لەوەش كردەوە كە ئەگەر كار بەدەست ئەم بوایە چاوی دەخشاندەوە بەشێوەی دادگایی كردنی سەدام حسێندا‌و وتی "ئەگەر من بڕیار بەدەست بومایە سەدامم بەو شێوەیە لەسێدارە نەئەدا".


عەلاوی سەبارەت بەروانینیشی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، وتی "جارێكیتر بەشداری لەهەڵبژاردندا ناكەم‌و خۆم كاندید ناكەم، لەبەرئەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن زۆر بێ‌ توانایە".


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×