سەدر: کەرکوک قوربانی گەندەڵی‌و ململانێی نەتەوایەتییە
  2019-05-31       946       
موقتەدا سەدر
لەبه‌رامبه‌ر تەقینەوەکانی شاری کەرکوک، موقتەدا سەدر ده‌ڵێت، "کەرکوک قوربانی گەندەڵی‌و ململانێی نەتەوایەتییە". داواش له‌حكومه‌تی‌ عێراق ده‌كات رێگه‌یان پێبده‌ن تا ته‌ده‌خول له‌چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆخی‌ ئه‌منی‌ شاره‌كه‌دا بكه‌ن.

ئاوێنه‌: شه‌و رابردو له‌ناوه‌ڕاستی شاری‌ كه‌ركوك زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك رویاندا كه‌ به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی ته‌قینه‌وه‌كان له‌ڕیگه‌ی شه‌ش بۆمبی چێنراوه‌وه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاجیای كه‌ركوكیان كردۆته‌ ئامانج‌و به‌پێی‌ دوا ئامار شه‌شه‌ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌ش برینداربون.

له‌باره‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌ موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لەتویتێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، "کەرکوک قوربانی گەندەڵی‌و ململانێی نەتەوایەتییە، بۆیه‌ پێویسته‌ کەرکوک ڕزگار بکرێت".

سەدر داوا لەهەمو لایەک ده‌كات كه‌ گوێبگرن‌و هۆشیاربن‌و لەهەڵوێست‌و دۆخەکە تێبگەن، بەر لەوەی کار لەکار بترازێت".

دەربارەی هەڵوێستی حکومەتی عێراقیش سەبارەت بەو دۆخەی لەشاری کەرکوک ڕودەدات، سەرۆکی ڕەوتی سەدر ده‌ڵێت، "حکومەت یان تۆ ته‌ده‌خول بکە، یان با ئێمە ته‌ده‌خول بکەین بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ دۆخی‌ شاره‌كه‌، بەڵکو سودمان هەبێت‌و زیانمان نەبێت".

لەکۆتایی وتەکانیدا موقتەدا سەدر داوا ده‌كات سنورێک بۆ گەندەڵکاران دابنرێت‌و کەسانی حزبی لەپۆستەکانیان لاببرێن‌و ئەو کەسانەش دور بخرێنەوە کە کاری ئەو پارێزگایانەیان بەدەستەوەیە، بۆ ئەوەی وەک پارێزگای کارەستبار ناوببرێن‌و بەهەماهەنگی ڕاستەوخۆی سوپاو پۆلیس، لەلایەن هەر سێ سەرۆکایەتییەکەوە بەڕێوەببرێن، بەر لەوەی کار لەکار بترازێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×