له‌تیف شێخ عومه‌ر: هه‌نگاوی داهاتوی یه‌كێتی به‌نده‌ به‌ هه‌ڵوێستی پارتییه‌وه‌
  2019-06-02       1132       

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی رایگه‌یاند، هەنگاوی داهاتوی یەکێتی بەندە بە هەڵوێستی پارتییەوەو جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت پارێزگاری كه‌ركوك كوردێكی یه‌كێتی بێت.

ئاوێنه‌: له‌تیف شێخ عومه‌ر، ئه‌مڕۆ(یه‌كشه‌ممه‌)، لەبارەی دانوستانەکان و ئایندەی پرۆسەی سیاسیی لە هەرێم و هەنگاوی دواتری یەکێتی، رایگەیاند: یەکێتی هەردەم جەخت لە گفتوگۆ دەکاتەوە و هەنگاوی داهاتوی یەکێتیش بەندە بە هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان و پابەندبون بە رێککەوتنی نێوان هەردولا.

وتیشی"هیوادارین پارتی واز لە سیاسەتی پەراوێزخستن بهێنێت و یەکێتی وەک حزبی تر نییە و پەراوێزخستن قبوڵ ناکات."

لەبارەی پرسی کەرکوک لە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ پارێزگاکە، لەتیف شێخ عومەر وتی"پارتی رێگربو لە دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک و یەکێتیش مافی خۆیەتی پارێزگار دیاری بکات."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"کەرکوک بەشێکی دانەبڕاوی جەستەی فیکری و سیاسیی یەکێتییە و دەبێت کوردێکی یەکێتی بۆ پارێزگاری کەرکوک دەستنیشان بکرێت و دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستانیش نیازپاکییەک لەو بارەیەوە نیشان بدات و دان بە ئیستیحقاقی یەکێتیدا بنێت لە کەرکوک."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەنگاو بە ئاڕاستەی ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکوک بنرێت، ئەوا یەکێتی ئامادەیە رێککەوتنەکان وەک خۆیان جێبەجێ بکات.

وتیشی"كێشه‌ی‌ كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكرێت پابه‌ندی‌ رێكه‌وتنه‌كان ده‌بین و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌بێ‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێكه‌وتن به‌شداری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ناكه‌ین."

جەختی لەوەش کردەوە، رێککەوتن بۆ جێبەجێکردنە نەک بۆ سەر کاغەز، ئەگەر پارتی پابەندی رێککەوتنەکە نەبێت، ئەوا یەکێتیش ناتوانێت پابەند بێت پێوەی.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×