لەل و نیو لەل!
  2019-06-02       7101       

سەردار مەحمو

.
بەڕێزان ...
کاک بافڵ تاڵەبانی سکرتێری فیعلی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان .
کاک چیا مستەفا، ڕێکخەری گشتی - فیعلی بزوتنەوەی گۆڕان .
کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی داهاتوی پارتی دیموکراتی کوردستان ...
ڕێزی بێ ئەندازەم بۆ ئێوەی زۆر بەڕیز ...
.
+ لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە تا ئەمڕۆ شەڕی نێوان (جەلالی و مەلایی) ڕوویداوە، شکور بۆ خودا، نە کەسێک لە خێزانی بارزانی و نە کەسێک لە خێزانی تاڵەبانی لە(شەڕی براکوژی) دا خوێن لە پەنجەیان نەهاتوە !
.
+ لە پاش ئەوەی (پیرەژنە قژ سورەکە) مادلین ئۆلبرایت، پاش ساڵەها شەڕ، جەنابی مام جەلال و جەنابی کاک مەسعودیان ئاشت کردەوە، جەنابی کاک مەسعود فەرمووی: ئەگەر دادگایەکی عادیلانە هەبێت، من و جەنابی مام جەلال لەم شەڕەدا بێ گوناه دەردەچین !
ئەمە لە کاتێکدا بەڕێزیان دەیفەرموو: ئەو پەنجە دەبڕم لەگەڵ یەکێتی ئیتفاق بکەم، جەنابی مام جەلالیش نەفیر عامی بۆ پارتی کوشتن دەرکردبوو !
.
+ پاش چەند ساڵێک جەنابی کاک مەسعود، حەملەیەکی گەورەی کرد، بۆ ئەوەی جەنابی مام جەلال ببێت بە سەرەك کۆماری عێراق، جەنابی مام جەلالیش دەیفەرموو: نەك هەر ئەم دەورە، دەورەی داهاتووش جەنابی کاک مەسعود سەرۆکی هەرێمی کوردستانە !
.
+ کە جەنابی کاک نەوشیروان مستەفا گۆڕانی دروستکرد، مام جەلال فەرمووی: نەوشیروان بەرپرسە لە کیمیا بارانی هەڵەبجە، کاک نەوشیروانیش فەرمووی: مام جەلال خۆزگەی خواستوە دووهەڵەبجەی تریش ڕووبدات، بۆ ئەوەی لەدەرەوە کەیسی کورد بە هێز ببێت !
دواتریش یەکێتی مانگی چارەکە ملیۆنێک دۆلاری دەدا بە گٶڕان و گۆڕانیش قەت نەیتوانی سێبەری یەکێتی نەبێت بەو حاڵەشەوە !
.
+ کە خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات ڕویدا، (دە )کوڕی خەڵکی تێدا بوو بە قوربانی، ڕاگەیاندنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بە شێوەیەك بەربوبونە یەکتر ئەو سەری دیار نەبێت، تەنانەت گۆڕان نەیانهێشت، پارتی (لایەك) لە خێزانی قوربانیەکانیش بکاتەوە .
شەو ڕۆژ، باس باسی پاکیج و دادگایی تاوانباران بوو، کەچی کە حکومەت پێکهات جەنابی کاک نەوشیروان فەرمووی: چوارسالی داهاتوو چوار ساڵی ئاشتی و پێکەوە ژیانە !
جا خوا مناڵ و مەزنی ناشارەزا و تازە پیاکەوتوو بگرێت وەزعەکەیان تێکدا !
.
+ کە بەڕیز یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمان بوو، ڕکی گرتبوو لە کاک مەسعود و دەیووت: بە نەخوێندەوار حوکمڕانی ناکرێت ، کە ئەمساڵ چاوپێکەوتنی لە گەڵ کرا ئەیووت: ناوی کەسم نەبردوە !
.
ئەم کارەساتە ناخۆشانە، بە توونی بابا و ئاوی ئاموون بڕۆن و قەت نەیەنەوە ...
.
ئێستا ...
ئێستا بافڵ تاڵەبانی ئەڵیت: کاک مەسعود کارێزامایە و مامی منە !
دڵنیام چیای کاک نەوشیروانیش مام جەلال بە مام و هێرۆخان بە ئامۆژن دەزانێت !
کەواتە ئێوە هەموو بەرە باب و ئامۆزای یەکتر و سەرۆکی ئێستاو داهاتووی ئێمەشن ...
.
ئێمەش هەندێکمان لەوە تێگەیشتوین کە:
دەروێش دەبێت بە خەلیفە، بەلام قەت نابێت بە شێخ .
مسکێن دەبێت بە سەرکار و تا کوێخاش دەڕوات ، بەلام هەرگیز نابێت بە ئاغا و بەگ !
ئێمەش تا سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی حیزبەکانی ئێوە(گەر گوێ لە مستی ئێوە بین) هەڵدەکشیین، بەلام قەت نابین بە پیاو !
.
بۆیە لە ڕۆژهەلاتا حیزب هی کەسی یەکەمە و بەس...
حیزب هی خێزانەکانە و بەس !
.
قوربانی لوتفتان بین ...
وەک ئێمە ئەقڵمان نی یە، ئێوە بەزەیتان بە ڕەعیەتەکانی خۆتاندا بێتەوە و (هەرسێ ئامۆزاکە) لەسەر "ئەوی بۆ ئێوە باشە" ڕێک بکەون و جەنابی کاک مەسعود، وەکومەرجەع و مامی گەورەتان، بە جێگا پرس و ڕاتان دیاری بکەن و هەر یارییەک کە ئەیکەن پیرۆزتان بێت،،،
ئێمەی گەلی گێلیش تۆپەکەتان بۆ ئەهێنینەوە !
.
ئێوە دانیشن بە خێر...
ئێمەش دەستەونەزەر لە حوزورتاندا ڕاوەستاوین !
.
.
.
....
تێبینی/ کە مەسعود حەیدەر وتی: کاک مەسعود بارزانی مەرجەعە، یەک ملێۆن جنێوی بۆ چوو !
کەچی کە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: کاک مەسعود کارێزماو مامی منە، یەک پیاوم ئەوێ لە ناو یەکێتیدا بڵێ: (لەل) !
کە چیای کاک نەوشیروانیش هەر بڕیارێک دەردەکات، یەک گۆرانم دەوێت بەومەرجەی لە ناو گۆڕان بمێنێتەوە، بڵێت: (نیوو - لەل)
دیارە برایانی پارتیش لەوە تێگەیشتوون، (لەل) چەندە کارەساتبارە !
.
.
.
مولاحەزە/(لەل) وەک ووشە، مانایەکی دیارو سەربەخۆی نیە ، بەلام ماناکەی ئاوایە، وەک کورد دەڵیت: پیاوم ئەوێ بکۆکێت

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×