بۆچی لەكوردەواریدا ئەڵێن: ”فەقێ‌ گونت تەقێ‌”؟
  2019-01-04       3156       

ئێوارەیەك كە دنیا لەتاریك بوندا بوو حەكەی حاجی فەرەجی لەگ لەگی رووی كردە ماڵی محەی حەبێ‌ كەشكەك، بێ‌ ئەوەی ئالان ئاگادار بكات. بەپرسیار ماڵەكەی دۆزیەوە.
ئەوەی لەهەموو شتێ‌ زیاتر سەرنجی حەكەی راكێشا دەروازە تەختەكەی حەوشەی خانووەكە بوو. ئەو دەرگا پانە بەرزە بەئاسانی قەمەرەیەكی پیا ئەڕۆی. لەكۆنیدا تەختەكەی رەش بوو بوو:
 ”ئەم دەرگایە لەسلێمانی كۆنترە”.
لەدرزی دەرگاكەوە سەیرێكی ناو حەوشەكەی كرد هیچی نەدی. كە لەدەرگای دا دەنگی ئافرەتێكی هاتە گوێ‌ كە وتی.
 ”دەرگاكە دانەخراوە پاڵێكی قایمی پێوەبنێ‌”.
حەكە زانی كە ئەمە دەنگی ئەو نەنە تەیارەیەیە ئالان كاتی خۆی باسی كرد.
حەكە پاڵێكی نا بەتاكێكی دەرگاوە كە جیڕەیەكی بەهێزی لێهەستا، حەكە بەهێواشی چووە ناو حەوشەكەو قاپی دەرگاكەی جووت كردەوە.
پیرەژنێكی سەرسپی بەدی كرد لەهەیوانەكە لەسەر دۆشەكڵەیەك دانیشتبوو، ئاوێنەیەكی لەسەر ئەرزەكە دانابوو خۆی جوان ئەكرد. دوو پشیلەی سەر زل بەرامبەری دانیشتبوون سەیری ئەم دیمەنەیان ئەكرد.
پێرەژن سەرێكی بەرز كردەوە، سەیری حەكەی كردو كەوتەوە خۆ جوان كردن. پشیلەكان حەكەیان هەر بەپیاو نەزانی، ئاوڕیان لێنەدایەوە.
- چیت دەوێ، رۆڵە چیت دەوێ؟
- خاڵە محە لەماڵە؟ ــ بەدەنگێكی زۆر نزم وتی.
- گوێم گرانە، وەرە پێشەوەو دەنگ هەڵبڕە.
- خاڵە محە لەماڵە؟
- لەماڵ نییە چووە بۆ سینەما؟
حەكە هیچی لێحاڵی نەبوو لەم وەڵامە سەیرە.
- نەنە گیان بیستومانە خاڵە محە زۆر نەخۆشە چۆن چووە بۆ سینەما؟
- ئەی كە ئەزانی زۆر نەخۆشە ئەو پرسیارە قۆڕەت بۆ كرد؟
- نەنە گیان ببوورە من...
- بەمن مەڵێ‌ نەنە، من ناوم ”گوڵزارە” كچی شێخی ”تەپە چنە”م، پیسی بۆگەن تۆ ناوت چییە؟
- باجی گوڵزار من ناوم “فەقێ‌ كەریمە”، خەڵكی گەڕەكی مەڵكەندیم.
- فەقێ‌ كەریم خێرە وا بەم ئێوارەیە هاتوی بۆ لای من؟
- باجی گوڵزار هاتوم تا بزانم خاڵە محە چۆنە.
- فەقێ، محە زۆر نەخۆشە، سێ‌ مانگ زیاترە چاوەڕوانی حەزرەتی عیزرائیل ئەكەین لەهیچ كونێكەوە دیار نییە تابێت رۆحی محە بكێشێ، دیارە ئەویش نەخۆش كەوتوە.
حەكە قەت چاوەڕێی وەڵامی واسەیر نەبوو لەم پیرەژنە سەرسپییە ویستی بیكات بەگاڵتەو سوعبەت، بەڵام هەڵوێستی ئەمڕۆ وای پێویست ئەكرد وەك فەقێیەك خۆی قورس‌و قەمەر رابگرێ.
- حەزرەتی عیزرائیل، روحم بەقوربانی بێت بەپێی ئەوامری باری تەعەلا رۆحی بەنی ئادەم دەكێشێ، دیارە خاڵە محە رۆژی تەواو نەبووە، حەزرەتی عیزرائیل مەلائیكەتە نەخۆش ناكەوێ، دوێنێ‌ لەگەڕەكی كانی ئاسكان رۆحی ”مەلا تەقلەباز”ی كێشا.
- كەواتە عیزرائیل لەم ناوەدایە؟
- نازانم لەسلێمانی ماوە یان رۆیشتوە.
نەنە تەیارە كەوتە چاوڕشتن بەكل‌و كلچێوك.
- فەقێ‌ پرسیارێكت لێئەكەم، توو ئەو قورئانەی لەسنگتایە ئەگەر بەڕاستی جوابم نەدەیتەوە.
- فەرموو باجی گوڵزار حەدم چییە لەڕوی تۆدا درۆ بكەم.
- بۆچی لەكوردەواریدا ئەڵێن: ”فەقێ‌ گونت تەقێ‌”؟
- ئەوە بۆ وەزنی شیعرە.
- فەقێ‌ تۆ هێشتا گونت نەتەقیوە؟
- نەخێر.
- وەرە پێشێ‌ پیشانم بدە، فەقێ‌ هەی گونت تەقێ.
حەكە لەژیانیا ئافرەتی وا بێ‌ ئەدەبی نەدیبوو. خۆ كە نەنە تەیارە لەخۆ جوان كردن بۆوەو لەحەكەی پرسی:
- فەقێ‌ عالم؟
حەكە وەڵامی بۆ نەدرایەوە، تەنها سەرێكی بۆ راوەشان.
- فەقێ‌ گونت تەقێ، پرسیارێكی كەت لێئەكەم درۆم لەگەڵ مەكە.
- فەرموو، فەرموو.
- فەقێ‌ گونت تەقێ، بۆچی فەقێ‌ هەموو مێبازن؟
- وانییە...
- وایە، بەكچێنی ئەوەندەی نەمابوو فەقێیەك لەخشتەم بەرێ، خوا رەحمی پێكردم دایكم هات بەسەرمانا.
- دیارە ئەو فەقێیە زۆر بێ‌ ئەخلاق بووە.
- هیچ بێ‌ ئەخلاق نەبوو، ناهەقی ناگرم، منیش بوومایە لەجێگای فەقێ‌ كیژۆڵەیەكی وا خڕوخرپنم دەستكەوتایە زرمەم لێهەڵئەساندو بۆ باوكیم ئاقڵ ئەكرد.
- ئەستەغفیرەڵڵا.
- فەقێ‌ گونت تەقێ‌ تۆ ئەو قورئانەی لەسنگتایە ئەگەر راست نەڕۆی، چەتیوێكی خڕوخرپنت دەستكەوێ‌ زیڕەی لێهەڵناسێنێ؟
- بەحەڵاڵی زیڕە لەدایكیشی هەڵئەستێنم.
- ئافەرین فەقێ‌ هەی گونت تەقێ، وەرە لەنزیكمەوە دانیشە با تۆزێ‌ زاخاوی دەمم بدەمەوە، ئەوەتەی محە نەخۆش كەوتوە چوار قسەی حیزم نەكردوە، محە بەڕەحمەت بێت تاقەتی لەقسەی حیزی من نەئەچوو.
حەكە سەر كەوتە سەر هەیوانەكەو بەرامبەری نەنە تەیارە دانیشت.
- باجی گوڵزار بۆچی وتت: ”محە بەڕەحمەت بێت”؟
- ئەی بڵێم بەنەعلەت بێت؟
حەكە بۆی دەركەوت كە دەرەقەتی دەمی نەنە تەیارە نایەت، خوا كردی نەنە تەیارە بنێشتەكەی لەدەمی خۆیا هێنایە دەرێ‌ دای بەیەكێ‌ لەپشیلەكان كە قۆزتیەوە چاوی پەڕییە پشتی سەری.
- باجی گوڵزار ئەمە یەكەمجارە لەژیانمدا كە بینیم پشیلە بنێشت بجوێ.
- كەر مەبە پشیلە چۆن بنێشت ئەجوێ‌ یەكسەر قوتی ئەدا ــ روی كردە یەكێ‌
لەپشیلەكان ــ بلە، وەرە پێشێ، وەرە باوەشم.
پشیلە رەشەكە رایكردە باوەشی‌و نەنە كەوتە خوراندنی پشت‌و ملی.
- ئەو پشیلەیە ناوی بلەیە؟
- بەڵێ، محە بەناوی بلەی جاوەوە ناوی ناوە.
- ئەی ئەویتریان ناوی چییە؟
- ناوی وەسمانە، بەناوی كاك وەسمانی مەلا قادر، كاك وەسمان ئەناسی؟
- بەڵێ، كێ‌ هەیە لەسلێمانی ئەو زاتە موبارەكە نەناسێ.
- ئەرێ‌ فەقێ‌ گونت تەقێ‌ تۆ بۆ هاتویت بۆ ئێرە؟
- مەلا حەسەنی ئیمامی مزگەوتی حاجی حان ناردومی بۆ هەواڵ پرسینی تەندروستی خاڵە محێدین.
- مەلا گونسوتاو؟
- مەلا حەسەن.
- بەو گونسوتاوە بڵێ‌ ئەم گەڕەكە مەلای خۆی هەیە، پێویستمان بەمەلای دەرەكی نییە، دیارە گونسوتاو بۆنی سەروەتەكەی محەی كردوە، بەناوی منەوە پێیبڵێ، محە هەموو سەروەتەكەی تەرخان كردوە بۆ شیوعییەكانی شاری سلێمانی، ئەگەر مەلا گونسوتاو شیوعییە، با پارچەیەك كاغەزمان بۆ بێنێ‌ لەپۆلیسخانەوە تا بەشەكەی خۆی وەرگرێ.
- باجی گوڵزار، مەلا حەسەن وەك موسوڵمانێك تەنیا ویستی هەواڵێكی خاڵە محە بزانێ.
- وەك سەگ درۆ ئەكات، تا ئەمڕۆ جارێك نەهاتوە بۆ لای محە لەپڕ ئەم هەواڵپرسینەی لەچییە؟ ئەیتوانی هەواڵی محە لەكاك وەسمان یان لەحاجی حەڵواچی بپرسێ.
- ئەبوایە وای بكردایە.
- هەتیو تۆش درۆ ئەكەی، تۆ فەقێ‌ نیت، فەقێ‌ كەواو سەڵتە لەبەرئەكەن تۆ شەڕواڵ‌و مراخانیت لەبەردایە.
- فەقێ‌ تا قورئان بەتەواوی حینجە نەكات مافی نییە كەواو سەڵتە لەبەركات.
حەكە خۆشی نەیزانی چۆن ئەم وەڵامە رێكوپێكەی هات بەسەردەما.
- مافیشی نییە مێبازی بكات.
- باجی گوڵزار، خاڵە محە شیوعییە؟
- نەخێر من شیوعیم.
- تۆ لەم تەمەنەدا چۆن بووی بەشیوعی؟
- زاواكەم شیوعییە، كچەكەم شیوعییە، منیش خۆشم بێت‌و تاڵم بێت ئەبێ‌ لەگەڵ ئەوانا بم.
- زاواكەت ئیش‌و كاری چییە؟
- لەبەندیخانەیە، شەش ساڵ حوكم دراوە، چوار ساڵی كە بەر ئەبێ، من ژنەكەی‌و دوو مناڵی بەكارەكەریی بۆ بەخێو ئەكەم.
- حیزبی شیوعی یارمەتیت نادات؟
- خوا هەڵناگرێ‌ شەش مانگ یارمەتیان دام، لەپاشا وتیان ببوورە زاواكەت “ئینشیقاق”ی كردوە، لەحیزب دەركراوە، وتم ”ئەی بۆ بەرینادەن؟” وتیان ”ئێمە نەمانگرتوە تا بەریبدەین”. محەو وەسمانی مام قادرو حاجی حەڵواچی نەبوویایە ئەبوایە لەبرسا سواڵمان بكرادیە.
ماوەیەكی تەواو بەجووت دانیشتن، نەنە تەیارە چی ئەزانی لەبابەت شیوعییەتەوە بۆ فەقێ‌ كەریمی باس كرد.
نەنە تەیارە فەقێ‌ كەریمی چوو بەدڵا كە بەباشی گوێی لێگرتبوو.
- بەكچێنی فەقێیەكی وەكو تۆم دەستبكەوتایە یەك‌و دووم لێنەئەكردو خۆم هەڵئەدایە ژێری.
حەكە داوای لەنەنە تەیارە كرد تۆزێ‌ باسی نەخۆشییەكەی خاڵە محەی بۆ بكات تا لەكاتی نوێژكردندا دوعای بۆ بكات.
- محە زۆر نەخۆشە، بەڵام كە برسی ئەبێ‌ زیندوو ئەبێتەوە، رۆژە نارۆژێ‌ هەڵئەستێ‌ پیاسەیەك بەناو حەوشەكەدا ئەكات، یاری لەگەڵ پشیلەكان ئەكات، جاری واش هەیە دوو رۆژ لەو ژوورە نایەتە دەرێ.
- ئەی قسە لەگەڵ تۆ ئەكات؟
- جار جار زمانی بەرئەبێت‌و ئەكەوێتە قسەی حیز!
نەنە تەیارە لەفەقێ‌ كەریمی گەیاند، كە ئەبێ‌ بڕواتەوە بۆ ماڵێ، نان‌و خواردن بەرێ‌ بۆ مناڵی كچەكەی.
نەنە هەستاو چووە ژوورەكەی محە. حەكە ئەمەی بەفرسەت زانی دوای كەوت. لەدەرگای ژوورەكەی محەوە. سەیری كرد محە لەسەر ئەرزەكە لەسەر دۆشەكێ‌ راكشاوە، جاجمێكی سوری پیادراوە، لەلای سەرییەوە دۆلكەیەك ئاو‌و جامێك دانراوە، لەپشت سەرییەوە چرایەكی فانۆسی نەوت‌و هیچی تر. ژوورێكی رەق‌و تەق.
نەنە تەیارە لەتاقێكدا قاپێ‌ چێشتی داگرت‌و لای دەستی محەوە دای نا، لەتاقێكی كەدا میوەیەكی زۆری داگرت‌و لای قاچی محەوە دای نا. چرا فانۆسەكەی داگیرساندو خستیە یەكێ‌ لەتاقەكانەوە، ناوچەوانی محەی ماچ كردو هاتە دەرێ.
- فەقێ‌ با بڕۆین.
هەردووكیان چوونە كۆڵان: نەنە تەیارە قاپی حەوشەكەی داخست‌و كلیلەكەی خستە ژێر قاپی دەرگاكەوە.
- باجی گوڵزار ئەو كلیلە بۆ لەگەڵ خۆت نابەیت؟
- شەوێ‌ لەوانەیە كاك وەسمان‌و حاجی حەڵواچی بێن بۆ سەردانی محە، خۆیان دەرگاكە ئەكەنەوە، دوایی كەڕۆشتن دایئەخەنەوە.
لەبەر دەرگا نەنە تەیارە چارەك سەعاتێ‌ باسی پیاوەتی كاك وەسمان‌و حاجی حەڵواچی كرد، باسی ناپیاوەتی بلەی جاوی كرد.
- ئەو بلە شێتە تا ئەمڕۆ جارێك نەهاتوە بۆ لای محە.
- وەكو من بیستومە ئەو كابرایە شێت نییە، فەیلەسوفە.
- تەڕەماشە، شێتێكی پەتییەو بۆی لواوە، ئەزانی وتویەتی چی؟
- نەخێر نازانم.
- ناچم بۆ لای محە، بەئیزنی خوا، بەمزووانە لەجەهەنەم یەكتری ئەبینین.
- ئەستەغفیرەڵڵا.

 

ئەمە پەراگرافێکە لەبەرگی دوەمی رۆمانی "کێ سالە شێتی کوشت؟" لەنوسینی د. عەلی کەریم، کە رۆژی دوشەممەی داهاتو ٧ /١، لەدوهەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی نوسەردا لەرێورەسمێکدا لەئەمنە سورەکە بڵاودەکرێتەوە.

 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×