قوباد تاڵه‌بانی: پارتی و یه‌كێتی خه‌ریكه‌ خۆشی و شادی جه‌ژن له ‌گه‌له‌كه‌مان تێكبده‌ن
  2019-06-03       2012       

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند، یه‌كێتی و پارتی خه‌ریكه‌ جه‌ژن و شادی له‌ خه‌ڵك تێكده‌ده‌ن و ده‌شڵێت، خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌ شه‌ڕه‌ قسه‌ بێزارن و داواش له‌سه‌ركردایه‌تی پارتی و یه‌كێتی ده‌كات جه‌ژنی ره‌مه‌زان بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێكی خێراو نوێ بۆ پێكهاتن.

ئاوێنه‌: قوباد تاڵه‌بانی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، له‌په‌یامێكدا به‌ بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌ رایگه‌یاند"جەژن دەرفەتێكی زێڕینە بۆ لێبوردەیی و بەرقەراركردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی، بەڵام بەداخەوە پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی بە ئاڕاستەیەك دەڕۆن خەریكە خۆشی و شادی جەژن لە گەلەكەمان تێكبدەن و نەهێڵن وەك جاران تامی بكات."

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو" خەڵكی ئێمە وەڕەس بون لە ململانێ، بێزارن لە شەڕە قسە و پاڵەوانبازی، یەکێتی و پارتی و حیزبە كوردییەكانیتر شەڕ و ئاشتی، ناكۆكی و كاری پێكەوەییان وەك یەك ئەزمون كردوە، ئیتر دوای ئەم هەمو ساڵە دەبێت لەوە تێگەیشتبێتین كە هێز لە پێكهاتندایە نەک لەشەڕە لێدوان و قوڵکردنی زیاتری ناکۆکییەکان."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌"خەڵکی کورد لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەكانیتر لە دۆخێکی یەکجار خراپ و دژواردا دەژین و هەست بە ئاسایش و ئارامی ناکەن، رۆژانە هەراسان دەكرێن و بەرەنگاری توندڕەوی و حوكمی چەك دەبنەوە، کەچی هەمو شەڕەكە لە دانانی پارێزگارێك و كێشەی كاندیدی ئەم پۆستەدا چڕ كراوەتەوە كە بەشێكی بچوكە لە كێشە كەڵەكەبوەكانی ئەو ناوچانە بە درێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراق."

له‌كۆتاییشدا داوای له‌سه‌ركردایه‌تی پارتی و یه‌كێتی كردوه‌ كه ‌"ئەم جەژنە کە بۆنەیەكی گەورەی لێبوردەیی و گەردن ئازادییە وەک دەرفەتێكیتری خێراو نوێ بڕەخسێنن بۆ پێكهاتن و تێپەڕاندنی تارمایی لێكترازان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×