ته‌ندروستی هه‌ولێر: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كه‌یسی ئه‌و هاوڵاتییه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ریدا گیانی له‌ده‌ستدا
  2019-06-03       536       

ته‌ندروستی هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ بڕیاردراوه‌‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌و گه‌نجه‌ بكرێت كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردودا له‌ كاتی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ گه‌ده‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ ئه‌هلی‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداو دۆسیه‌كه‌شی‌ ره‌وانه‌ی‌ به‌شی‌ یاسایی كراوه‌.

ئاوێنه‌: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و هاوڵاتییه‌ی كه‌ له‌كاتی نه‌شته‌رگه‌ریدا له‌ چه‌ند رۆژی رابردو له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر گیانی له‌ده‌ستدا بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتوه‌"به‌ھۆی گیانله‌ده‌ستدانی ھاوڵاتی خوالێخۆشبو (شوان كه‌ریم فاتح) دوای ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كانی گه‌ده‌ به‌مه‌به‌ستی لاوازبون له‌یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌ (ئه‌ھلی)كانی شاری ھه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی ھه‌ولێر وێڕای دڵگرانی و سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌كه‌یان، له‌لایه‌ن تیمی به‌دوداچون و یاسایی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ ھه‌ند و گرنگ وه‌رده‌گیرێت."

وتوشیه‌تی"سه‌ردانی مه‌یدانی نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كه‌ كرا و ته‌واوی دۆكیۆمێنت و په‌ڕاو و (ته‌به‌ڵه‌)ی نه‌خۆش ره‌وانه‌ی به‌شی یاسایی كرا و له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی ھه‌ولێر بڕیاری كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ درا".

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو "لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕی راوێژكاری پێكده‌ھێنرێت به‌ ھه‌ماھه‌نگی دادگا و ئاماده‌بونی نوێنه‌ری داواكاری گشتی و سه‌ندیكای پزیشكان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌یسی گیانله‌ده‌ستدانی خواڵێخۆشبو."

ته‌ندروستی‌ هه‌ولێر ھاوڵاتیان و رای گشتی دڵنیا كردۆته‌وه‌‌ كه‌ "ھه‌مو رێكاره‌كان پاڵپشت به‌ یاسا و ڕێنمایی و بنه‌ما زانستییه‌كان ده‌بن."

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×