"ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له‌ناوچه‌ سنورییه‌كانی نێوان عێراق‌و سوریایه‌"
  2019-06-04       412       
ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی

به‌وته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی سه‌ربازیی عێراق، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له‌ناوچه‌ سنورییه‌كانی نێوان عێراق‌و سوریایه‌. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ زانیارییان له‌سه‌ر شانه‌ نوستووه‌كانی رێكخراوی داعش هه‌یه‌ له‌گونده‌ دوره‌ده‌سته‌كان.


ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی سپوتنیكی روسی، لیوا روكن، سه‌عد مه‌زهه‌ر عه‌لاق، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای‌ هه‌واڵگریی سه‌ربازیی عێراق رایگه‌یاندووه‌، "زانیاریمان ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی خه‌لیفه‌ی داعش له‌ناوچه‌ سنورییه‌كانی نێوان عێراق‌و سوریا جموجووڵی هه‌یه‌".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ به‌غدادی‌ له‌ناوچه‌كانی حمس‌و بیابانه‌كانی ئه‌نبارو ناوچه‌ی به‌عاج‌و حه‌زه‌رو ناوچه‌كانی مه‌نایف‌و سه‌خه‌ریات‌و سێگۆشه‌ی سنوریی نێوان عێراق‌و سوریاو توركیا له‌هاتوچۆدایه‌.

لیوا روكن، سه‌عد مه‌زهه‌ر ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، "زانیارییمان له‌سه‌ر شانه‌ نوستووه‌كانی رێكخراوی داعش هه‌یه‌ له‌گونده‌ دوره‌ده‌سته‌كان، به‌ڵام له‌لایه‌ن هه‌واڵگریی سه‌ربازیی به‌رده‌وام چاودێرییان ده‌كرێت‌و ئاگاداری هه‌وڵه‌كانیانین".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، شانه‌ نوستووه‌كانی داعش توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ له‌ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان وه‌ك جاران چالاكی ئه‌نجامبده‌ن، چونكه‌ زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌و هێزه‌ ئه‌منی‌و سه‌ربازییه‌كان گورزی گورچكبڕییان لێوه‌شاندون له‌كاتی شه‌ڕه‌كاندا.

© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×